Rawand_Ahmad.jpg

خۆدووپاتكردنەوەی ئەنكیدۆ لە ھاوچەرخدا

ڕەوەند ئەحمەد

لە مێژووی میزۆپۆتامیاو جیهانیشدا، یەکێک لە کتێبە باڵا و میراتە جیهانییەکان "گلگامێش" بێت. ئەو داستانەی، وێنای بەردەوامی هەوڵدانی مرۆڤ بۆ بەدەست هێنانی نەمری دەکێشێت و دەگێڕێتەوە، لەو کتێبەدا و لە هەوەڵەکانی بڕێکەوتنی گلگامێش و ئەنکیدۆ دا ڕووداوێک ڕودەدات کە ئێستا ساتێکی گرنگە ئێمە بیبەستینەوە بە چرکە ساتێکی تراژیدی فاشیستانەوە لەلای دەوڵەتی تورکیا کە بەرانبەر دارستان و کێڵگەو ماڵی کوردەکان دەکرێت.

كارەساتە میژووییەكە، کە  لە مێژووی ئەدەبیاتی میزۆپۆتامیادا ڕوویدابوو، دووبارە لە ھاوچەرخدا و لە ھەمان ناوچەی جوگرافیدا ڕوویدایەوە. ئەو ڕووداوەش لە (داستانی گلگامێش)دا ئاماژەی پێدراوە ، لێ لە داستانەكەدا گلگامێش و ئەنكیدۆ (بە پێی دەقە سۆمەری و بابلییەكە) ڕوو لەو چیایە دەكەن كە (ھومبابا) تێیدا دەژی، ئەو چیایەش خاوەنی ڕێژەیەكی زۆر درەختی سوورە چنارە كە لەنێو دەقەكەدا (ھێماگەلێكن بۆ باڵایی سروشتی ئەو ناوچەیە بەر لە ھاتنی شارستانییەت) . ھومباباش پاسەوانی سورە چنارەكانی ئەو ناوچەیە دەكات .

پاشان بەھۆی ئاڕاستە كردنی گلگامێش لەلایەن ئەنكیدۆوە ، ڕوو لە چیای سوورە چنارەكان دەكەن بۆ ئەوەی ھومبابا بكوژن ، ئەم چەشنەش لە ڕەفتار و ئاكاری ئەنكیدۆ، گەر تۆزێک توند و جیاواز لە لایەنگری گلگامێش و ئەنکیدۆ لێکی بدەینەوە، دەکرێت وەک یەكەم خیانەتی مێژوویی بیبینین كە ئەنكیدۆ لە ئیتنۆسی (كورد)ی ئەكات ، بەو مانایەی كە ھومبابا لە داستانەكەدا (ھێمایە بۆ خواوەندی دایك) ، ئەنكیدۆش بەپێی گێڕانەوەی داستانەكە ، وەكو بوونێكی ئۆنتۆلۆژی سەر بە ئیتنۆسی كوردی ئەو دەمەی میزۆپۆتامیایە ، چونكی كە وەكو خواوەندێك (ئەنكی - خواوەندی پلە یەك) ئەیخوڵقێنێت ، فڕێی ئەداتە نێو ئاقار و لەگەڵ ئاژەڵدا ئاو دەخواتەوە و ڕەفتار ئەكات ، شێوە و بەدەنیشی ھاوچەشنی ئاژەڵە ، كە گشتی تووك دایپۆشیوە، لێ ئەمانە ھێماگەلێكن بۆ شێوە و ھەڵكەوتەی كوردە سەرەتاییەكان كە ھەمیشە لە ئامێزی سروشتدا ژیاون و خۆیان لە قەدپاڵی چیاكان و ئەشكەوتەكاندا ئاخنیوە. لێ لەو قۆناغەدا كوردان خواوەندی (دایك)یان پەرستووە، چونكی ژن كشتوكاڵی كردووە، ئەمەش بۆتە ھۆی ئەوەی كە ژن لە ڕووی سۆسیۆلۆژییەوە پێگەی لە پیاو بەرزتر بووە و وەكو ڕەمزی (پیت و فەڕ) سەیركراوە، ھەرچی پیاویشە بەتەنھا ئامڕاز بووە بۆ وەچەخستنەوە .

لە پەیوەند بە خوێندنەوەی ڕەھەندە ئوستووڕیەكانی داستانی (گلگامێش)ەوە، (ئەنكیدۆ) ئاماژەیە بۆ ڕەگەزی بنەڕەتی ئیتنۆسی كورد كە (ھومبابا)ی خواوەندی دایك دەكوژێت، واتە (كوشتنی سروشت لەنێو پانتایی ڕەمزیدا) .

 Rawand Ahmad1

 لەمەڕ ئەم ڕووداوەوە (ئەنكیدۆ) بە گلگامێش ئەدۆڕێت ، لە ڕووی ڕەمزییەوە واتە (شارستانییەت ھۆكارە بۆ بنەبڕكردنی دیاردە سروشتییەكان و نەمانی سروشت) ، مەبەست لێرەدا لە سروشت خواوەندی دایك (ھومبابا)یە .

لە دیدێكی ترەوە ، ئەنكیدۆ بەھۆی (شاماش)ی شادی ھێنەوە پەلی لە سروشت دائەبڕێت و دێتە نێو شارستانییەتەكەی گلگامێشەوە (ئوور - ئوروك) ،

بەو ھۆیەی كە شاماش سێكس لەگەڵ ئەنكیدۆیا ئەكات ، ئەمەش پەپێی داستانەكە ھێمایە بۆ (پەڕینەوە لە قۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكیتر) ، واتە لە ڕووی ئەنترۆپۆلۆژییەوە گۆڕانكاری بەسەر بوونیاد و زەینییەتی ئەنكیدۆدا دێت پاش ئەوەی كە سێكس لەگەڵ شاماشدا ئەكات ، ئەمەش لەڕووی ھێماگەرییەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە سێكس ئامڕازە بۆ گۆڕینی بوونیادی مرۆیی ، واتە گواستنەوەی زەینی لە قۆناغی سروشتییەوە بۆ شارستانیی (بەپێی داستانەكە) .

بەڵام پاش كوشتنی ھومبابا لەلایەن ئەنكیدۆ و گلگامێشەوە (كە ئەنكیدۆ گلگامێش ئاڕاستەی شوێنەكەی ھومبابا ئەكات) ، خودی ئەو پرسگەلەی كە لەسەر ئەنكیدۆ بوونیاد نرابوو سەبارەت بەوەی كە (ئەنكیدۆ بۆتە مرۆڤێكی شارستانیی) ھەڵئەوەشێتەوە ، چونكە ئەم چەشنە لە خیانەتەكەی ئەنكیدۆ لەمەڕ خواوەندی دایك (ھومبابا) تەواو سروشتییە ، چونكە لە ھیچ كام لە تابلۆكانی داستانەكەدا ئاماژە بەوە نەدراوە كە ئەنكیدۆ لەژێر فشار یاخود فێڵێكدا شوێنی دارستانی سورەچنارەكان (كە ھومبابا پاسەوانی لێ ئەكات) بدركێنێ ، بۆیە پاش مردنی ھومبابا ، ئەنكیدۆ بەر سزای خواوەندەكان ئەكەوێت ، ھەرچەندە مردن و مانی ئەنكیدۆ ھیچ لەو پرسە ناگۆڕێ ، بەڵكو دووبارە ھێمایە بۆ ناشارستانی بوونی ئەنكیدۆ كە وەك نیمچە خواوەندێك خیانەت لە (كورد) ئەكات و خواوەندی دایك ئەكوژێت . واتە زیندووبوونەوەی سوبێكتی بنەڕەتی لە ھەلومەرجێكی دیدا و گەڕانەوە بۆ بنەڕەتی ئەو بوونە ئۆنتۆلۆژییەی كە لێوەی ھاتووە .

 Rawand Ahmad2

لە دیدێكی تریشەوە ، پاش ئەوەی كە ئەنكیدۆ سێكس لەگەڵ شاماشدا ئەكات و لە قۆناغی نێو سروشتیبوونەوە ئەپەڕێتەوە بۆ قۆناغی شارستانی ، ئەتوانین بڵێین ئەو خیانەتەی كە ئەنكیدۆ بەرامبەر ھومبابا ئەیكات ، پرسگەلێكە لەنێو درووستبوونی ئەخلاقیاتی شارستانیەتدا سەرچاوە ئەگرێت ، بەو واتایەی كە خوودی ئەخلاقییەت لەمەڕ مرۆڤی سەرەتایی و نێو سروشتدا بوونی نەبووە ، لەبەر ئەوەی (زمان) ئامادەیی نەبووە ، لێ ھیچ یاسایەك مرۆڤی قۆناغی سروشتی مەحكوم نەكردووە بە چاكە و خراپە !

ئەوەی كە پەیڕەوییان لێی كردووە تەنھا ئەو ڕووداوگەلانە بوون كە (سروشت) بەسەریاندا سەپاندبوونی .

شاماشیش بۆ ماوەی ٧ شەو و ڕۆژ ، لەو مەودایەی كە سێكس لەگەڵ ئەنكیدۆدا ئەكات ، ئەنكیدۆ ئەھێنێتە گۆ و فێری (زمان)ی ئەكات .

پاش ھەنگاونانی بەرەو (ئوروك) و ژیانكردن تێیدا ، فێری نەریت و ڕێوڕەسمە ئاینییەكانی وێ دەبێت .

لەم سۆنگەشەوە ، ئەنكیدۆ لەو مەودایەدا بارگاوی ئەبێت بەو ئەخلاقییاتەی كە لەنێو شاردا ئەگوزەرێ ، لێ پاش بوونی بە مرۆڤێكی شارستانی و ھاوڕێی گلگامێش ، ڕوو ئەكەنە دارستانی سوورەچنارەكان و ھومبابا ئەكوژن . ئەمیش بۆخۆی دووبارە ھێماگەلێكە بۆ تەشەنەكردنی شارستانییەت و بنەبڕكردنی خودی سروشت .

ئەم دەقە داستانییە (گلگامێش) بە یەكێك لە كۆنترین داستانەكانی مێژووی ئەدەبیات لەقەڵەم دراوە . مێژووەكەی ئەگەڕێتەوە بۆ (٦٠٠٠ ساڵ پ.ز) ، كە سۆمەرییەكان لەو دەمەدا لە ناوچەی میزۆپۆتامیادا دەسەڵاتیان بەدەست بووە و لەو ناوچانەدا ژیاون . پاشان نووسینی (مێخی)یان دۆزیوەتەوە و داستانەكەیان لەسەر تاشەبەرد ھەڵكۆڵیوە .

ئەم داستانە ئوستوورییە باس لە شەشەمین پاشای شاری (ئوروك) ئەكات كە ناوی (گلگامێش)ە . ئوستوورەكە ئاماژەیە بۆ سەرەتای بوونیادنانی شارستانییەت لە مێژووی میزۆپۆتامیا و ڕۆژھەڵاتی ناویندا .

ھەڵبەت ئەم داستانە ئوستوورییە ، لە ھەر تابلۆیەكیدا ھێماگەریی و ئاماژە ئامادەیی ھەیە تێیدا ، ھەربۆیە ئەتوانرێت لە چەندین گۆشەنیگاوە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ بكرێت . ئەوەی لێرەدا بۆ من گرنگە ئەوەیە كە ھەوڵمداوە لە چەند پنتێكەوە خوێندنەوە بۆ ڕەھەندە ئوستوورییەكانی داستانەكە بكەم و پاشان ڕایەڵەی بكەم بەو دۆخەی كە لە ئێستای ئێمەدا ئەگوزەرێ .

ئەو ڕایەڵەیەش ئەو كارەساتەیە كە لە ناوچەكانی (بادینان)ی كوردستان ڕوویاندا ، لە سەرەتاكانی مانگی ٦ی ٢٠٢١ .

 Rawand Ahmad4

ئەم كارەساتە ھەمان بەرجەستەبوونەوەی (ئەنكیدۆ)یە لە ھاوچەرخدا ، واتە بە چەشنێك ھەمان ئەو خیانەتەیە كە ئەنكیدۆ لە خاك (دایك)ی خۆی ئەكات ، لەمەڕ ئەم ڕایەڵەیە ، فرۆشتنی خاكی كوردستان بە توركیا لەلایەن كوردەوە ، ھەمان ئەو خیانەتەیە كە ئەنكیدۆ ئەیكات وەك ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەم پێیدا ، پەچەشنێكی تریش گواستنەوەی (كوشتنی خواوەندی دایكە لە پانتایی ڕەمزییەوە بۆ نێو پانتایی واقع) .

جا پرسەكە سەر بە ھیچ ئایدۆلۆژیایەكی مەزھەبی و فیكری و حیزبی و ھتد نییە ، بەڵكو فرۆشتنی خاكی دایكە لەلایەن (نەوەكانییەوە) . ئەمەش بە دەر لە خیانەت بە ھیچ شتێكیتر ناوزەند ناكرێت .

لێ من بۆم گرنگە كە بەتەنھا لە ڕەھەندی ئەخلاقییاتی ئاینییەوە خوێندنەوە نەكرێت بۆ ھەر كارەساتێك یاخود ڕووداوێك كە ڕوودەدەن ، بەڵكو لە ڕەھەندی زانستی و مەعریفی و ئوستوورییەوە خوێندنەوە بۆ بابەتگەلێك بكەین ، چونكە خوێندنەوەی ئەخلاقی نەزۆك و كڕە ، ھیچی لێ نایەتە بەرھەم .

ئەوەی ئێستا ڕوودەدات، ڕەگێکی دێرینی دوورو درێژی هەیە لە مێژووی جیهاندا و دەکرێت خوێندنەوە زانستی و مێژووییەکان، زیاتر لەوە بخەنە ڕوو، کە ئاین و پیاوانی سیاسەت پێوەی خەریکدەبن.

 Rawand Ahmad3


ئەم بابەتە 222 جار خوێندراوەتەوە