Rwxosh.jpg

پیاوێک لە ڕەگەزی سیمرخ

ڕووخۆش مستەفا- حاجیاوا

دەنگی پێی کەسێک دەبیستم لەو دیووی دەرگا داخراوەکانەوە

کەسێک لوورەی بای تەنیایی پاڵی پێوە ناوە

خۆم لە هەمووان دەتەکێنم و سەر بە کۆڵانەکانی

بێ کەسییدا دەکەم،

دەنووم تا گوێم لەدرۆی پیاوێکی تری ناو

تەمتوومان نەبێت

لەسەر ڕێگای پیاوەکاندا بێزوو بەمردنەوە

دەکەم،

خەون بەخۆکوژییەوە دەبینم،

دەمەوێ بەسەر دیواری سارد و سڕی

دڵی کەسێکدا بەرببمەوە و ئیتر بۆ ئەبەدی

ئازار لەمندا بشکێ

ڕەنگە ژیان لەئاسمان شیرینتربێ

تۆ ئەی تارمایی شمشێر بەدەستی ناو خەونەکانم

دەمەوێ بەسەر چەقۆی ناو چێشتخانەکانتا

بکەوم

نەک بەسەر سینگی ژەنگاوی سەد ساڵەی

تۆدا

دەمەوێ ژووری نوستنەکەت بەبۆنی سیگار

بسپێرم و

بچم ژنێتییم لەبەر باران هەڵبگرمەوە

لەناو تاریکی دەنگی باوکمدا رێگای باخچەکانم

ون کرد

لەناو پێکەنینی ساردو سڕی دایکمدا

بەسەر جێگای پیاوێکی سەرخۆشدا کەوتم

بیری ئەو ڕۆژانە ناکەم مەردومێک لەناو

خەونەکانیدا دەستی دەگرتم

هەناوم خاڵی دەکەمەوە لەمناڵە حەرامزادەکانی

پیاوێک

پیاوێک لە ڕەگەزی سیمرخ بوو

شەوەکانی ساڵانی لاوێتیمی بەهێڵنج نوسیەوە

دەچم لەگەڵ ورچێکی پەڕۆدا هاوسەرگیری دەکەم

کە بەسەرما هاوارنەکات

بەدەستە گەورەکانی، خوێ نەخاتە ناو برینەکانمەوە

لولەی دەمانچەکەی نەخاتە ژێر چەناگەم

لەودیوو جامانەی ئاغاکانەوە خۆی نەشارێتەوە

خوێنی ژنێتیم بەدرۆکانت دەسڕمەوە ئەی پیاو

بەناوی عیشقەوە پڕت کردم

لە برین

بەسەر ئاوی رووبارەکاندا تێدەپەڕم و

خۆم ناناسمەوە

لەناو هەر لۆچێکی ڕوخسارما شەقێکی تۆی

تیا نوستووە،

لەنێوان دوو داوی سپی قژمدا، جوێنێکی

تۆ پیاسەدەکات

لە ڕاچڵەکینی هەر خەونێکمدا، زلەیەکی تۆم

بەرکەوتووە.

گوڵەکانت بەرەوە بۆ گۆڕستان

دیارییەکانت بسپێرە بە باـــ ی دوای یەکەمین

خوێنی بێ نوێژیم

لەناو ڕۆژژمێرەکەدا بەدوای یەکەم

لێو سوورکردنی خۆمدا دەگەڕێم

بەدوای عەزییە کورتەکانی کۆنترین گەرەکی

شاردا دەگەڕێم،

کە ڕۆژێک دوای کرانەوەی گوڵی هەنار

نەتانهێڵا ئەزبەری کەم

پۆشتەییم وەک نوقڵ بەسەر ماڵاندا ببەشنەوە

شەرمم بکەن بەتاجی سەربەرزییتان

من لەدەستی نامیهرەبانیتان هەڵهاتووم

پەنای دڵی بەردێک دەکەم بە نیشتیمان

بەردێک لە دامێنی چیایەکی بڵند دابنیشێ و

بەبێ دۆخین، بەبێ چەقۆ، سەیری ئاسمانی

پڕ ئەستێرە بکات

بەردێک، هیچ کات بەر ژنێتیم نەکەوێ و هەپرون بەهەپرونی نەکات

بەسەر تەنافی بێ مروەتییدا خۆم هەڵدەخەم

تا لە گوناحی یەکەم باوەشت پاک ببمەوە،

زەمەنێک وام دەزانی کلیلی بەهەشت لەژێر باڵەکانی

تۆدایە ئەی پیاو

کەچی ئەمڕۆ..

بەلای ئەسپەکانتا تێدەپەڕم و نایەمەوە

سەر ڕێگای تۆ،

دەبم بەتەونچی ماڵی جاڵجاڵۆکە و

بەدەستی خۆم پارەی دەرمانی ئازارەکانم

پەیدا دەکەم

بەڵام، منەتی تۆ هەڵناگرم

پەردەی پەنجەرەکە لادەدەم و

دەمەوێ تیشکی خۆر بەر ژنێتیم بکەوێ

هاوار و گریانەکانم لەناو گۆزەی ماڵە تاریکەکەتدا

جێدەهێڵم

لە رەنگەکانی پەلکە زێڕینە دەسماڵێک دەچنم و

بەپێی پەتی بەسەر سەدەفی

کەناری دەریادا ڕادەکەم و سەمادەکەم

ئیدی، لەگەڵ ژنێتی خۆم دا تەبا دەبم

ماسییەکی پڕتەقاڵی دەکەم بەدەستگیران

خاڵخالۆکەیەک دەکەم بەبرادەر و

حیکایەتی زەردبوونی لیمۆی بۆ دەگێڕمەوە

ئاوێنەیەک دەکەم بەدۆستی خۆم و لەگەڵ ناسکی خۆم دا ئاشت دەبمەوە

باسی تامی بەرسیلە بۆ گوارە شینەکانی گوێم دەکەم

لەپەنای دڵی سێوێکی مێخەک ڕێژدا،

بۆنی مووی درێژی ژێرباڵەکانی پیاوێک

لە بیردەکەم.

توڕەیی و سەختییەکانی ناو کاسەی سەری جێ دەهێڵم

بەسەر باڵی پەپولەدا هەڵدەزنێم

ملوانکەیەک لەئەستێرەکان دەچنم و بەسەر

 سینگی پڕ دووکەڵمدا هەڵیدەواسم

لەبەر تیشکی مانگەشەودا خۆم جوان دەکەم و

لەنیوەشەویکی هاویندا عاشق بە شنەبایەکی

بێ رەگەز دەبم

دووگیان دەبم بە گۆرانی و

گوڵی بەر پەنجەرەکانی ماڵە تازەکەم پڕدەکەم لەشەونم

بەناو گمەی کۆترەکاندا پیاسەدەکەم و ئاوڕ لەجریوەی پاسارییەک دەدەمەوە

لە زمانی شەڕانگێزی پیاوەکان ڕادەکەم و

زمانێکی نیان تر لەزمانی مێروولە دەدۆزمەوە

بۆ گفتوگۆ.

تارایەکی سپیتر لەیەکەم کلوە بەفری زستان

بۆ چڵێک نێرگز دەپۆشم و

عەتری یاسەمین لەخۆ دەدەم.

خۆپەرست نیم، ئازاری زۆرم بینیووە بەدەستی

لوت بەرزیتەوە، ئەی پیاو

لە بەردەمی نامیهرەبانیتدا، بایی هەزار ساڵ

درزم تێ بووە

بۆیە بەناچاری لەگەڵ هەر شتێکدا دەتگۆڕمەوە، کەمتر لە تۆ جەلادتر بێ و

 خوێن بەری چاوی نەگرتبێ، ئەی پیاو...

ئەی کارگەی زەبەلاحی دروستکردنی

شەڕ و ماڵوێرانی و مردن.


ئەم بابەتە 129 جار خوێندراوەتەوە