sahdi_ysf.jpg

ئایا سەعدی یوسف دژی کورد بوو؟

ژینوار ئازاد حەمە کەریم

مێژووی جیهان مێژووی بەربەرەکانێ و ململانێ توندەکانی نێوان شارستانییەتییە دێرینەکان بێت، ئەم مێژووە لە شارستانییەتییەکانەوە، لە جەنگی دەمار گیرانەی پاشا و سوڵتانەکانەوە بۆ بەدەستهێنانی سامانی زیاتر، خاکی زیاتر، دابەزیوە تا ئاستی خەڵکی ساکار و بەجۆرێک لە جۆرەکان جەنگەکە بووە و کراوە بە هی هەمووان..

ڕەنگە نموونەی ئەمە، نموونەی ئەلیادە و ئۆدیسە بێت، هەڵبەتە هۆکارەکانی هەڵگیرسانی ئەو شەڕە کوشندەیە بەتەواوەتی ڕوون نییە، بەڵام ئاشکرایە ئەو مەملەکەتانەی کەوتبوونە ئاسیای بچووکەوە زۆر دەوڵەمەندبوون و خاوەنی زێری زۆربوون و جێگە سەرنجی شار و وڵاتانی تربوون، بۆیە پێ دەچێت هۆکاری شەڕەکە ئابووری بێت. بەڵام لە گێڕانەوەی داستانەکەدا نووسەر هۆکاری شەڕەکە دەکات بە "هێلین" ی ژنی مینیلاوسی برای ئاگا مەمنون و لەوێوە ڕوداوەکان ڕودەدەن.

گەر لە هۆکاری ئەمشەڕە درێژ و مێژووییە ورد ببینەوە دەبینین شەڕەکە زیاتر لە بەرژەوەندی گەل، لەسەر ئارەزو پەرستی و بەدەستهێنانی تاکە کەسانەیە.. بەڵام بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئارەزووە ئەمشەڕە تاکە کەسییە بە هی گەل دەکرێت.. ئێستا ئێمە دەبێت جارێکی تر بەهۆی مردنی شاعیری عێراقی "سەعدی یوسفەوە بپرسین ئایا شەڕەکە هی گەلە یان هی پاشاکان.؟

 سەعدی یوسف لە تەمەنى 83 ساڵى لە لەندەنى پایتەختى بەریتانیا کۆچى دوایى کرد. سەعدى یوسف ناوێکى دیارى ناو کایەى ئەدەبى عێراقى و عەرەبى بوو. زیاتر لە 40 کۆمەڵە شیعرى بڵاوکردووەتەوە. چەندین خەڵاتى نێودەوڵەتى لەسەر ئاستى جیهان بردووەتەوە، بەڵام لەسەروبەندى گەرمبوونى کێشە ناوخۆیى و دەرەکییەکانى عێراق لە ناوەڕاستى دەیەى یەکەمى سەدەی بیستویەک، وەک زۆرێک لە ئەدیب و چالاکوانە عێراقییەکان زۆر بەتوندیى ڕەخنە لە شێوازى بەڕێوەبردنى عێراق لەلایەن سیاسییە تازە هەڵتۆقیوەکانەوە دەگرێت، بەڵام ئەوەى زیاتر جێى مشتومڕبوو بە تایبەت لەکاتى بڵاوبوونەوەى نوسینەکەیدا، ئەو شیعرە بوو، بەناوى (میسرى عەربى  و عێراقى عەجەم) کە تێیدا باس لە داگیرکردنێکى سیاسى و کولتورى عێراق دەکات لەلایەن کورد و فارسەوە.

 ئەمە وەرگێڕانی بەشێک لەو شیعرەیە کە باسی کوردی تێدا دەکات، لە خوێندنەوەی ئەم شیعرە و ئەم بەشەدا بەڕونی دەردەکەوێت، کە شاعیر مەبەستی لە کورد وەک نەتەوە نییە و مەبەستی تەنها نوخبەیەکی سیاسی هەرێمە، کە خەونی کوردستانێکی جوانی لەناوبردووە.

 "کەواتە

ماناى چییە

عێراق ئێستا وڵاتێکە کورد و فارس حوکمى دەکەن

ماناى چییە لە عێراقدا

زۆرینە عەرەب لەناو خاکى لەمێژینەى خۆیان لە چالاکى وەدەرنراون

ماناى چییە سوپاکان

لە هەموو شوێنێکى سەر ئەم زەمینەوە دەهێنرێن و

عەرەبێکى عێراقیان پێدەکوژن

ماناى چییە زمانى عەرەبى

لە ئیمارەتى قردستان (مەیمونشینەکان)ى بارزانییەکان لە هەولێر یاساغە

کەواتە

ئێمە لە عێراقى عەجەم داین

هەربۆیە

من لە میسری عەرەبی نیشتەجێم"

 سەعدی یوسف، لەو شیعرەیدا "مصرُالعروبةِ... عراقُ العجَم...!" (میسرى عەربى و عێراقى عەجەم_ توند و ناڕازی و نیگەران، شاعیرانە و بەهەڵوێستانە دەربارەی لەدەستدانی خاکەکەی، دەربارەی نەمانی جوانی و ڕەسەنی بۆ ئەو ژینگەیە دەنووسێت کە منداڵی و گەنجی و ژیانی تیادابەڕێکردووە و لەو ژینگەیە، کە دەبوو لەبری وێرانە بکرێت بە باخی گوڵ و گوڵزار، وێرانە و شکستی ڕۆحی و سیاسی و ئابووری و مرۆیی هاتۆتە ئاراوە و ئەمە شاعیری نیگەرانکردووە و دەربارەیان توند و ناڕازیانە، دەنووسێت. ئەمەش لەلایەکی ترەوە، سیاسییەکانی توڕەکردووە و ئەوانیش زیرەکانە، دژی "سەعدی" خەڵک و گەلیان بەکار هێناو بە هەموانیان گوت: شاعیرێکی عەرەب بە کوردەکان دەڵێ "مەیموون"

بەدوای ئەم تایتڵە هەرزان و وروژێنەرانەدا کە لە میدیاکانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم  و عێراق، ەوە بڵاوکرایەوە  شەپۆلی ڕقی ناسیۆنالیزمان و خەڵکی ساکاری بێ خوێندنەوە و بەدوادا چوون، ڕوی کردە "سەعدی " و ئەویش دەربارەی شیعرەکە و کارەکە لە لەندەنەوە بۆ هەمووانی نووسی:

 ساڵی ١٩٦١، ئەوکات سەلام عادل سکرتێری حیزب بوو، دروشمی؛ ئاشتیی لە کوردستان، میللەت ئاوێک بکە بەو ئاگرەدا، بەرز کرایەوە.

ئەودەم من لە بەغدا بووم لەو خۆپیشاندانە فراوانانەدا چالاکبووم کە بەغدای پایتەختی گرتەوە، بەڵام دەسەڵاتداران دەستگیریانکردم و فەرماندرا بە زیندانیی کردنم چونکە هاوارم کرد: ئاشتیی لە کوردستان، میللەت ئاوێک بکە بەو ئاگرەدا.

بۆیە ئەو بەسەرهاتە دەگێڕمەوە چونکە میللەتێک لەپای ئەو بۆچوونانە لۆمە و سەرزەنشتم دەکەن کە دەربارەی دەرەبەگەکانی هەولێر دەینووسم و، پێیانوایە ئەوەی کە دەینووسم زێدەڕۆیی تێدایە و، تەنانەت قسەی ناڕاست و چەوتن. کێشە نییە، چونکە، بەو جۆرەی کە محەمەد کوڕی عەبدوڵڵا دەڵێت؛ ڕاجیایی یاخود جیاوازیی لە بۆچووندا، ڕەحمەتە. خۆی بابەتەکە ئەمە نییە، بابەتەکە ئەوەیە کە دەرەبەگەکانی هەولێر خەونی بەرزی کوردستانێکی ئازاد و جوان و دیموکراسییان لە بار برد.

ئەو دەرەبەگە بەسەرمایەداربووانە پێشمەرگەیان کردە بەکرێگیراو، لە ساڵی٢٠٠٤ـەوە پێشمەرگە بووە کرێگرتە و، لەگەڵ داگیرکارە ئەمەریکییەکاندا گەلەکۆمەیان بۆ لەناوبردنی خەڵکی ئازای فەلوجە کرد. ئێستا گەرەکە پێشمەرگە هەمان کار بکات، بەڵام لەسەر ئاستێک کە هەموو عێراق بگرێتەوە. بەم جۆرە خەونبینینی جوان بە کوردستانەوە دەبێتە مۆتەکە، مۆتەکەیەک کە ناوی مەیمونستانە!

دەرەبەگە بەسەرمایەداربووەکانی هەولێر

کوردستانیان گۆڕی بۆ مەیمونستان.

سەعدی یوسف

لەندەن ١٨/٩/٢٠١٤

 ڕەنگە شیعرەکە، توند و کەمێک زیاتر لەوەی لەشیعرێکدا پێویستبکات هەبێت، ڕقی پێوە دیاربێت، ڕق دەربارەی سیستم و گشت ئەو پرۆسانەی مرۆڤی تیادا دەچەوسێنرێتەوە. بەڵام ئەمە، بەڕوونی دوورە لە گشتاندنەوە و دەربارەی کوردەکان نییە، بەڵکو ئەوەی هەیە دەربارەی نوخبەیەکی سیاسیە، وەک خۆی دەڵێت.

 واتە، شەڕی "سەعدی یوسف" لەگەڵ گەل نییە، ڕق و تووڕەیی ئەو لەگەڵ گەل نییە، بۆ ئەوانی ترە، بۆ ئەو سیاسییە نزم و بە دەرەبەگ بووانەیە کە توانیان گولزار بکەنە زیندان و زۆنگاو.


ئەم بابەتە 188 جار خوێندراوەتەوە