Aso_salah.jpg

وەک قەنارەیەک کە ھەمیشە پێبکەنێت

ئاسۆ سه‌ڵاح- سلێمانی

ئاوێنەیەکی خنکاو بە نوور

وڕێنەی ''با'' لە شەبەقی شکانەوەیدا

برینێک لەپێستیدا وەک دەنگی ڕژاوی شەو دەبارێت

ئاوێنەیەک کە چیتر بەرگەی شکانەوەی دواتر ناگرێت

 

سێبەری تەورێک کە هەمیشە ڕێ دەکات

ئاوڕدەداتەوە و شوێنپێی دیاری دەکات

لەناوەڕاستدا دەقڵیشێ و دەبێتە دوو سێبەر

هەر یەک بەلایەکدا دەچەمنەوە

وەک چەمانەوەی

ئەو دەستانەی تریفەکان لەبار دەبەن و

ئەو پەنجانەی خەونییان لێ دەتکێ

 

شێتییەک کە لە ژێر پێستمەوە هەڵفڕی

چەقۆیەکی درەوشاوەی تفکردەوە

پاڵتۆی ئەو پیاوەی لە خەونیشدا شێتە

وەک هەنگاوی ناقۆڵای 'با' دەلوورێنێت،

برینێک دەمداتەوە دەست ئەو شەوەی

پەنجەرەکەم کردەوە و قیڕاندم،

وەک دەڵە سەگێک بەدەم زاینەوە

وەک تفەنگێکی پێکراو کەوتم،

سێبەرەکەم خۆی خنکاند

خەونەکانم بوونەوە بە پیت

هەموو بستێک پژا بە خوێن

لەگەڵ پەڵە خوێنەکان دەڕەقسام

باڵندەکان لەدەستمدا پوکانەوە

گۆرانییەک لەقوڕگمدا خنکا

لەلوولەی تفەنگێی ترسنۆکەوە

نرام بە بوئسی ئەم جیهانەوە

وەک ستەمێک حەقیقەتی دۆزیبێتەوە

وەک ئەشکەنجەیەک شکۆی لێ باریبێ

وەک قەنارەیەک کە هەمیشە پێدەکەنێت

ددانەکانم دەبریسکانەوە،

 

نەیزەکێکی چەماوە بە ڕووی دەستمدا

ئاڵ وەک پیریۆد تەقییەوە و پرژا،

لەگەڵ پەڵە خوێنەکان دەڕەقسام،

هەموو بستێک پژا بە خوێن

هەر لاشەیەک شیعرێک بوو

 

بەخێرای هەزارن ئەستیرە دەڕۆشتم

گۆڕەکان و لاشەکانم دەپلیشاندەوە

برینێک لە خوێنی شەو

وەک خەونی دێوێکی کوڵکن 

خەونێک کە هەرگیز بە ئاگا نایەت

 

کێلەکان بە ترسەوە لێیان دەڕوانیم

لەپەنجەکانم ورد دەبوونەوە نەکا ئەم خاکە بخۆمەوە

نابیستن گەر بشبیستن لە شێت ناگەن

قیڕاندم؛

هاتووم ژیان بێنمەوە ناو زمان

پێویستم بە شیعری زۆرترە

ئەم لاشانە هەر بەشی پێکەنینێکن


وەک "بــا" بەچۆڵەوانیدا ھەڵدەشاخام

هاوارێکی سواو کە بە هیچ کوێ ناگات

ئەستێرە دەباری، خەون دەباری

دەبارین ئەو شەوانەی مانگیان خنکاند،

 

سێبەرەکەم لەدەستی مەرگدا دەڕەقسا

وەک ئەو ژنەی ساڵانێک لە دەستمدا گۆرانی دەچڕی.


ئەم بابەتە 81 جار خوێندراوەتەوە