1.jpg

مەلا بەختیار: حزب و حكومەت، گەر باوەڕیان بە دیموكراسی هەبێت ئەوا دەبێت ژن بكەن بە جەوهەری دیموكراسی

لەکۆبونەوەیەکدا بە ئامادەبونی مەلا بەختیار ژنانی فێمێنیزمی ڕۆشنگەری لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی كۆبوونەوەیەكی فراوانیان ئەنجامدا، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی ئامادەكارییەكان بۆ كۆنفرانسی چوارەمی فێمێنیزمی ڕۆشنگەری و ئامادەكاری ژنان بۆ قۆناغی داهاتووی كاركردنیان

 لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا د.بەسمە حەبیب ڕێبەری فێمێنیزمی ڕۆشنگەری وتی  "مێژووی فێمێنیستی ڕۆشنگەری وەك پرۆژەیەكی نوێ لە هەرێمی كوردستان، ئامانج لێی پێشكەشكردنی پرسی ژن بوو، بەشێوەیەكی جیاواز و واقیعی، كە لە چوارچێوەی حزب بێتە دەرەوە هەروەها لەتیۆری دەربچێت و لە واقیعی كوردستاندا جێبەجێ بكرێت، پرسی ژن نەبێتە پرسی ژنی نوخبە تەنها سەرنج لەسەر كۆمەڵێك ژنی دیاریكراو نەبێت بەومەبەستەش فێمێنیزمی ڕۆشنگەری كۆمەڵێك بازنەی دروستكرد".

 وەك د.بەسمە حەبیب ئاماژەی پێدا "ئێستا دوای سێ كۆنفرانس دەمانەوێت هەڵسەنگاندنێك بكرێت تا بزانین ئایا تا چەند فێمێنیزمی ڕۆشنگەری ئامانجەكانی خۆی پێكاوە، دەتوانین بڵێین یەكێك لە دەسكەوتەكانمان بریتییە لە كرانەوەی مێشكی خەڵك لەگەڵ ئەمەشدا كۆمەڵێك گیروگرفت ڕوبەڕوومان بووەتەوە یەكەمیان كێشەی كۆرۆنایە كە بووەتە ڕێگر لە ئەنجامدانی چالاكی، دووەم كێشەی دارایی بووە كە چالاكیەكانی سنوردار كردووە، ئەگەر فێمێنیزمی ڕۆشنگەری پاڵپشتی دارایی باشتر بكرایە ئەوا دەكرا كاری باشتر ئەنجام بدرێت، گرفتی سێیەم نەهاتنە پێشەوەی ژنانە كە لەسەرەتای دامەزراندنی فێمێنیزمی ڕۆشنگەرییدا تێبینیمان كرد وەڵامدانەوەی ژنان تاڕادەیەكی باش بوو بەڵام دواتر دوركەوتنەوە و دابڕان ڕوویدا كە ئەمەش بە كۆمەڵێك فاكتەرەوە پەیوەستە ئێستا دەمانەوێت دووبارە دەستپێكێكی نوێ دروست بكەین".

ڕێبەری فێمێنیزمی ڕۆشنگەری باسی لەوەشكرد " ئەوەی تێبینیمان كردووە لە شوێنەكانی دیكە بەشێوەیەكی نادروست باسی فێمێنیزمی ڕۆشنگەری و دابڕان دەكرێت كە بێگومان هەركەسێك لە نزیكەوە كارمان لەگەڵدا بكات دەزانێت ئەم تێڕوانین و قسانە نادروستن، ئامانجی ئێمە ئەوەیە كە پرسی ژن لە چوارچێوە بهێنینە دەرەوە و بیكەین بە پرسێكی گشتی".

 پاشان هاوژین زیبا، یەكێك لە هاوبیرانی فێمێنیزمی ڕۆشنگەری لەوتەیەكدا باسی لەوەكرد " ئەوەی ئێمەی كۆكردووەتەوە ئەو ناعەدالەتیەیە كەوەك حەقیقەتی ژیان نیشانمان دراوە، هەموو ژنێك ناڕازییە لەو كۆت و بەندانەی بەناوی سروشتەوە بەسەر ژناندا".

 دواتر مەلا بەختیار سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆڕمی دابڕان وتارێكی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند " ئەمڕۆ بابەتێكی نوێ پێشكەش دەكەم، كە تێزی خۆمە و لە هیچ كەسێكم وەرنەگرتووە  فێمێنیزمی ڕۆشنگەری كاری لەسەر بكات".

 مەلا بەختیار وتیشی " ئەگەر بزوتنەوەی فێمێنیزم نەبوایە ئەو مافانەی ژنانی ڕۆژئاوا هەیانە نەدەبوونە واقیع، لەسەرەتای شۆڕشی دیموكراسیدا ژنان زۆر ستەمیان لێدەكرا، بۆیە نامۆ نییە لەم وڵاتە دواكەوتوانەی ئێمەدا ئەم وڵاتە نەریتگەرایانەدا دەستەبەری یاسایی و مەدەنی بۆ مافەكانی ژنان نییە، تازە بە تازە لە سەدەی بیست و یەكدا و لە دنیای جیهانگیریدا هێشتا باسی ئەوە دەكەین ژن بە ژن و فرەژنی و ژن كوشتن، دیاردە هاوشێوەكانی دیكە نەمێنێت".

وەك سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆڕمی دابڕان باسیكرد "قۆناغی دووەمی شۆڕشی دیموكراسی قۆناغی وڵاتە ژێردەستەكانە، دەسەڵاتی داگیركەر كە هاتن دیموكراسییان بۆ ئێمە نەهێنا بەڵكو دەسەڵاتی دەرەبەگیان دەپاراست بۆیە ئامانجەكانی دیموكراسی نەهاتونەتە دی تەنانەت لە كوردستاندا ناتوانم بڵێم قۆناغە سەرەتاییەكانی دیموكراسیمان بڕیوە، تەنانەت لە ئەوروپاش دیموكراسی قۆناغەكانی خۆی تەواو نەكردووە، لەگەڵ ئەمەشدا دڵنیا نیم لەم سەرەتای دیموكراسیەی خۆمان، لە ئێستادا خەباتی كرێكاران و جوتیاران ئەو كاریگەریەی نەماوە، ئێستا ژن گەوهەری دیموكراسییە لە وڵاتە دواكەوتووەكاندا هەتا چەوساندنەوەی ژن، پیاوسالاری، كەلتوری ژن كوژی، ئەم دیاردانە بمێنێت ناتوانین بڵێین قۆناغی دیموكراسیمان بڕیوە".

 مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەشدا "وردە وردە بزوتنەوەیەكی ژنانی بەهێز دروست دەبێت و دەبێتە گەوهەری دیموكراسی لە كوردستاندا ئەمەش پرۆسەیە و دەڕوات، گەر ئێوەی ژن لە ئاستیدا بن یاخود لە ئاستیدا نەبن، تەنانەت لە ئەوروپا یەك حزب نەبووە، بەڵام بزوتنەوەی فێمێنیستی هەبووە كەوایە ئەمە پرۆسەیە و بەردەوام دەبێت، فێمێنیزمی ڕۆشنگەری لەخۆوە دروست نەبووە، بەڵكو لێكەوتەی هەلومەرجێكی بابەتییە لەم قۆناغەی ئێستادا، چەندین قوتابخانەی فێمێنیستی جیاواز هەیە، بەڵام لە كۆتاییدا فێمێنیزمی ڕیالیستی سەركەوتوو دەبێت نەك تیۆری و خەیاڵی ئایدیاڵی".

لە كۆتایی قسەكانیشیدا سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆڕمی دابڕان باسی لەوەكرد "هەنگاوە كردارییەكانتان كە قەناعەتی خەڵكی دەگۆڕێت گرنگن، نەك هەڵگەرانەوە و ژیان تێكدان، ئیشمان پەروەردەی هەنگاو بە هەنگاوە نەك یاخی بوون، حزب،حكومەت، پیاو گەر باوەڕیان بە دیموكراسی هەبێت ئەوا دەبێت ژن بكەن بە جەوهەری دیموكراسی، گەرنا دیاردەكانی وەك فرەژنی و ژن كوشتن، چۆن لە دیموكراسیدا جێی دەبێتەوە!، ژن بنەمای دیموكراسییە لە وڵاتە دواكەوتوەكاندا، ئێستا گەر قبوڵم بكەن من ئەندامی فێمێنیزمی ڕۆشنگەرییم، ئەمە كاری ئێوەی ژنانە بەڵام ئەركە لەسەر ئێمەی پیاویش پاڵپشتیتان بكەین".

 لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا ژنان ڕا و بۆچوونی خۆیان لەبارەی چەند پرسێك و كۆنفرانسی چوارەمی فێمێنیزمی ڕۆشنگەری دەربڕی.


ئەم بابەتە 114 جار خوێندراوەتەوە