Akar.jpg

وێنەیەکم لەسەر (ستارە)ی ئەم ئێوارەیە بکێشە

ئاکار موحەمەد.

ئەم ڕۆژانە درێژ لەمن دەڕوات

وێنەیەکم بکێشە با لە پۆرترێتەکەدا وەک ڕۆژەکانم تەنیابم.

وێنەیەکم بکێشە با ڕەنگی ڕەش حوکم بکات بەسەر ئێوارەکانم.

ئەو بۆشاییەی کەوتە نێوانمان ڕۆدۆلف

پڕیبکەرەوە، پێویستم

بە گەرمای دەستەکانتە.

چی دەبوو لە کۆپنھاگن لە شوقەیەک بووینایە

چی دەبوو لە ئێوارەیەکی سێپتەمبەر پێکەوە بووینایە، سێپتەمبەر برینی ئەم چیرۆکەیە

کە خوداکان بۆیان تەفسیر نەکرا و بەجێیانهێشت.

گۆرانی دەڵێم وەک ئەو شەوەی تۆ لە باڵکۆنەکە گۆرانیت ئەوت،

پێدەکەنم وەک ئەو ئێوارەیەی تۆ، پێکەنیت بە سەرنجەکانم .

وێنەیەکم لەسەر (ستارە)ی ئەم ئێوارەیە

بکێشە با سیمای مناڵیشمی تێدابێت .

وێنەیەکم بکێشە لەسەر دیوارەکانی مەکە

با پێغەمبەرەکانیشی تێدابێت.

وێنەکان زۆرن

تەفسیرەکان زیاتر،

ڕەنگەکان زۆرن

دیوارەکان کەمتر،

(ستارە)کان زۆرن

وێنەی ناو (ستارە)کان کەمتر.

وێنەی سەر دیوارەکان،

ساردی سەر شۆستەکان

پیاسەکانمانی بیر خستمەوە کە بەگریانەوە

گۆرانی ئەو گەنجە قاجاریەت بۆ دەگوتم

کە دایکی بەتەنھا بەجێھێشت و ئیدی نەگەڕایەوە.

دڵنیام دەنگی ھەڵوەرینت لە شەقامەکان دەبیستم.

وێنەکێش سکەیجی لێوەکانتی کێشاوە لەسەر دیوارەکە،

بێخەم بە ڕەنگی سوراوەکەتی لەبیر نەچووە.

وێنەکێش وێنەیەکم بکێشە بە درێژایی زەوی

دەزانم زەوی درێژ نییە،

من درێژی ڕێگاکان دەبینم لە وێنەکاندا

تارمایی سەرابی شەقامەکان دەبینم لە ڕەنگەکاندا

زەردەی ئاوابوون دەبینم لە ھێلی تابلۆکاندا.

شەقام دەیبەستێت و تۆ جۆلانێ دەکەیت!

شۆستە شکست دەھێنێت و تۆ ئاوڕ نادەیتەوە!

ھێڵەکان گەرم دادێن و تۆ جگەرەکەت تا نیوەی دەکێشیت.

وێنەکێش وێنەی تەنیایم نا، ئەم جارەیان وێنەی مێژوو بکێشە،

وێنەی ئەسپەکان

وێنەی تیلەکان

وێنەی ناڵەکان بکێشە.

ئەم ڕۆژانە درێژ لەمن دەڕوات وێنەکێش،

لە ئێوارەکانمدا دەمویست دڵ خوازی من بیت،

لە بیرەوەرییەکانمدا تۆ پاڵەوان بیت،

لە شەوەکانمدا تۆ شکستەکانم بیت.

کەشتیوان، تۆ لێرەبوویت،

بیرتکەوتەوە ڕۆژ چ لەشکرێکی ترسناکە؟

لە ناو زەمھەریری خوداکاندا.

وێنەیەکم بکێشە لەناو زەمھەریری خوداکان .

خوداکان ئێمەیان بەھەل زانی بۆ تەنیایی خۆیان

ئێمە دڵمان دەبوو بە دوو کەرتەوە لە ڕۆژدا

ئێمە گۆرانیمان دەوت بۆ شەو

سپێدەمان ئاشت دەکردەوە لەگەڵ شەونم.

کوان ئەو خودایانەی، (ئاڵتۆسێر)یان، ڕەنجاند و

نەمانتوانی ئاشتی بکەینەوە.

ئاڵتۆسێر منیش، لە زەمھەریری

خوداکان ھەڵھاتم، منیش ئاڵتۆسێر.

ڕۆدۆلف کارنابا، سەرقاڵی کێشانی وێنەی خوداکان بە لەم شیعرەدا.

——————————

پەراوێز

ڕۆدۆلف کارنابا، فەیلەسوف و لۆژیکزانی

ئەڵمانی بەڕەگەز جوولەکە، یەکێکە لە باشترین رابەرەکانی فلسەفەی ئەزمونی لۆژیکی کەلەساڵی ١٨٩١ لە نزیک

(بارمن barmen ) لە ئەڵمانیا لەدایک بوە.

ئاڵتۆسێر خوداوەندێکی پەراوێزکراوی

یۆنانیەکانە کە دژ بە فکری خوداوەندەکانی

دی بوە و ھەر بەو ھۆیەوە لە فەلسەفەی یۆنانیەکاندا لەلایەن فەیلەسوفەکانەوە کراوەتە دەرەوەی تاریخی یۆناندا.

زەمھەریر پلەیەکی بەستەڵەکیە لە پلەکانی دۆزەخدا بەو پێیەی لە ئەفسانەی ھەرسێ ئاینیە ئیبراھیمییەکە باسکراوە.


ئەم بابەتە 141 جار خوێندراوەتەوە