Bayad.jpg

په‌یڤێك بۆ مه‌رگى بەیاد عەبدولقادر

به‌داخه‌وه‌، لاپه‌ڕه‌كانى ژیانى رابردووت هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه‌، به‌ڵام نازانین له‌ كوێوه‌ ده‌ست پێبكه‌ین، ئه‌وكاته‌ى وه‌كو ئه‌دیبێك و رۆژنامه‌نوسێكى چالاك كۆڕ و كۆبونه‌وه‌كانى بنكه‌ى روناكبیریى گه‌لاوێژت به‌ڕێوه‌ده‌برد، یاخود ئه‌وكاتانه‌ى به‌ ئه‌شقه‌وه‌ له‌ په‌رۆشى ده‌رچونى ژماره‌یه‌كى تازه‌ى گۆڤاری گەلاوێژی نوێ بووى.

كاكه‌ به‌یاد، مه‌رگت به‌ ئازار بوو، ئازارێك كه‌ هه‌رگیز له‌ یادمان ناچێت و ئه‌م نه‌خۆشیه‌ى ئازارى مه‌رگى بۆ هێنانى هێنده‌ چه‌په‌ڵ و نه‌گریسه‌، هه‌موان نه‌فره‌تى لێده‌كه‌ن، ئێستاكه‌ كه‌ ئه‌و چه‌ند دێره‌ بۆتۆ ده‌نوسین، ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌و رۆژانه‌ى لەگەڵ هونەرمەند خالید ڕەسوڵ و چەندین نوسەر و شاعیر، كه‌ لە کۆتایی ساڵانی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، دەیان بەرنامەی ڤیدیۆییت، بۆ نوسەران و شانۆکاران تۆمارکرد.

تۆ به‌ ته‌نها هى سلێمانى نه‌بووى، به‌ڵكو رووناکبیر و نووسەرێكی دیاری هه‌ر چوار پارچه‌ى كوردستان بویت و خزمه‌تێكى زۆرت به‌ بوارى ئه‌ده‌بى و روناكبیریى كرد.

لە ساڵی 1960 لە گەڕەکی سەرچیمەنى شارى سلێمانى منداڵێك هاته‌ دنیا، كه‌ هه‌رزوو له‌ سه‌ره‌تاكانى خوێندنیدا زیرەکی و وریایی لە ڕادەبەدەری تێدا بەدیکرا، چونكه‌ تۆ خوێندنى به‌رایت زۆرسەرکەوتووانه‌ ته‌واو كرد، ته‌نانه‌ت جگه‌ له‌ خوێندنه‌كه‌ت له‌ قۆناغى ئامادەییدا به‌هۆى چالاكى و وردبینى تۆ له‌ خوێندنگاكان چه‌ندین چالاكى له‌ بوارەکانی شانۆ، ئەدەب و ڕۆشنبیری به‌ڕێوه‌ده‌چوون.

تۆ وه‌كو به‌شێكى زۆر له‌ كورده‌ خه‌باتگێڕ و نیشتمانپه‌روه‌ره‌كان له‌لایه‌ن ڕژێمى به‌عس تووشی گێچەڵ پێکردن و هەڕەشەی دەزگا سەرکوتکەرەکانی بەعس و ئەمنی سلێمانی و یەکێتیی قوتابیانی کارتۆنی به‌عس ده‌بویته‌وه‌، تەنانەت جارێکیان به‌عسیه‌كان تۆیان بردۆته‌  قەراغ شار و لوولەی تفەنگیان تێتکردووە و هەڕەشەی ئەوەیان لێتکردووە، ئەگەر بێدەنگ نه‌بیت و بەردەوام بیت لەسەر ئەم ڕەفتارانە، ئه‌وا  دەتکوژن و کەسیش به‌گۆڕه‌كه‌ت نازانێت، ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ى لێتكرا ئه‌وێ رۆژێ، هاوڕێكانت پێى ده‌زانن، له‌ بڕى هه‌ڕه‌شه‌ به‌ مه‌رگ وه‌ڵامى ئەو کەسانه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ ئازاریان به‌تۆ گه‌یاند، به‌ڵام ئه‌مه‌ش جارێكى دیكه‌ ئازار بوو بۆ، چونكه‌ دوژمن ئه‌مه‌ى له‌تۆى ده‌زانى و بۆیه‌ به‌ناچارى ماوەیەک نەچویته‌وه‌ بۆ خوێندن، ته‌نانه‌ت لە خوێندنى زانکۆش لە قۆناغی سێهەمی کۆلێجی کشتوکاڵی زانکۆی سەلاحەدین، هەر لەبەر ئەم هۆکارانە وازت لە خوێندن هێنا.

هه‌موو ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى له‌سه‌رت بوون، نه‌بونه‌ رٍێگر له‌به‌رده‌م كاره‌ ئه‌ده‌بى و چالاكییه‌كانت، هه‌ربۆیه‌ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکتدا، بە ڕۆنیۆ چەندین ژمارەی گۆڤار تریفەتان بڵاوکرده‌وه‌ و خزمه‌تێكى زۆرتان به‌ بوارى ئەدەبی و ڕۆشنبیری ئه‌وكاته‌ كرد و وتار و به‌رهه‌مى چه‌ندین گه‌نجتان چاپ كرد و هاوكارى زۆربه‌شیان بوون.

لە دوای ڕاپەڕین، به‌رده‌وام بووى له‌و خه‌ونه‌ى كه‌ هه‌تبوو بۆ بوارى رۆژنامه‌نووسى، هه‌ر بۆیه‌ پاش دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان، لەگەڵ هاوڕێکانتدا بووى به‌ یه‌كێك لە بێژەرە سەرەتاییەکانی ئەم تەلەفیزیۆنە و ڕۆڵێکی گرنگ و سەرکتوت بینى لە سەرکەوتن و بەروەپێشەوچوونی بەرنامەکاندا.

تۆ، یه‌كه‌م کەس بووى له‌ ساڵى 1979 کە کتێبێت بە ناونیشانی (بۆتان دەگێڕمەوە) لەسەر مامۆستا نەجمەدین مەلا نووسی، تاكو ئێستاكه‌ش خوێنه‌ران به‌ ئه‌شقه‌وه‌ ئه‌م كتێبه‌ ده‌خوێننه‌وه‌، ئه‌م سه‌ره‌تایه‌ ده‌روزایه‌كى باش بوو بۆتۆ بۆ ئه‌وه‌ى په‌ره‌ به‌ به‌رهه‌مه‌ چاپكراوه‌كانت بده‌یت، به‌ڵام هه‌میشه‌ له‌سه‌رخۆ و په‌له‌ت نه‌كرد، تا له‌ ساڵى 1986 دواى حه‌وت ساڵ كتێبێكى دیكه‌ت لەسەر گەشەکردنی قۆناغی کۆمەڵ نووسى، له‌ دواى راپه‌ڕینیش سەرجەم بەرهەمەکانی شاعیر ع. بەسۆزت لە دووتۆیی کتێبێکدا بڵاوکرده‌وه‌.

دامه‌زراندنى بنكه‌ى روناكبیریى گه‌لاوێژ، به‌ته‌نها خه‌ونى تۆ نه‌بوو، به‌ڵكو خه‌ونى هه‌موو خاوه‌ن قه‌ڵه‌مێك بوو، كه‌ رۆژێك له‌ رۆژان خزمه‌تیان به‌ بوارى ئه‌ده‌بى و روناكبیرى كردووه‌، هه‌ر بۆیه‌ دواى دامه‌زراندنى وه‌كو سه‌دان كه‌س خۆت له‌ناو بنكه‌ى روناكبیریى گه‌لاوێژ دۆزیه‌وه‌ و له‌وێش خزمه‌تێكى زۆرت كرد و بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ چالاكى و به‌رهه‌مه‌كانت له‌لاى ئێمه‌ به‌ نه‌مرى ده‌مێنه‌وه‌.

به‌داخه‌وه‌ كاكه‌ به‌یاد، توشى نه‌خۆى نەخۆشییەکی درێژخایەن بوو، هه‌ر به‌هۆى ئه‌و نه‌خۆشیه‌ش له‌ رۆژى 9/6/2021 له‌ ته‌مه‌نى (61) ساڵی کۆچی دوایی کرد.


ئەم بابەتە 74 جار خوێندراوەتەوە