Ahmed_mstafa.jpg

ئەو حیکایەتانەى لە بیابان بوونە کۆتر

ئەحمەد مستەفا نەجمەدین- بالیسان

دڵى ژنێکى گەرمەشین بەسەر تێلدڕەکانى بیابانەوە تا سوتانى کانیش هەر لە گەرمیانە

ژوانى بە تریفەوە بەستووە

شینى مێژوو بۆ گێڕانەوەى تارمایى نیشتمان نەرمترە لە ژان

پێڵاوێکى پڕ ژەنگیانە شین ڕستەیەک خەمى شینى کردۆتە ملى بیابان

چاوى مناڵێکى لادار لێرە نوێژ دەکا

تۆزى چاوەڕوانى حیکایەتى کۆتر بۆ خاک ختمى ئایەتە

سەربازێکى رەنگڕەش بە حەژمەتى مەمکى ژنى پاش تێلدڕ خەیاڵى کشاوە

سیرەى هەوەسى داوەتە شەودڕان

پێڵاوێکى دى لەناو گەمەى باڵندە بیابانییەکان نامەیەکى پەپولانەى لێ هەڵدەوەرێ

کۆڵانێک هەتاو نووزەى بووە بەرد

دەرگا ئاماژەى پەنجەرەیەکى چۆل دەکا

چ حیکایەتێکى نابووتە

ئەم نیشتمانە پڕ عەشقە جێى هیچ عاشقێکى نابێتەوە

چ کابووسێکى پەلو پۆکەوتووە

ئەم ئاسمانە پڕ ئەستێرەیە بە هیچ جریوەیەک ناگەن

چەرخى زەمەن لە ساڵى سەربازەکانەوە دەژمێرم

نیشتمان عەشق پڕ بە ئێرەی و ئەوین بووە ئاسن

ئاسمان لە فڕۆکە قوڵپى کرد و فڕین بووە لم

مانگ گەیشت و تریفە جێما

نیشتمان چەرخى تۆ سەرسوڕمانێکى تراژیدیە چێژى من شپرەى گرت

هێمایەک بە جۆگەلە دەڕوا

لە وشکانى بیابان هەواڵى هێسک و پێڵاوێکى لاستیک بە خەون دادێ

سەربازەکان بەدەستى ئاگرەوە لێمشت دەدەن

سەوڵى کوشتن بە لاکان داوێن

هێمایەکى سپى لە کۆتر دەگا بە ئێرە

ئێرە ڕەقێنى خوێنە بە جەستەى مناڵ و ژنە چاو بە کلەکانى گەردوونى ئەنفالەوە

پێڵاوى مناڵیکى ئێسک جێماو لە ساکە بیابان هۆڕن لێدەدا

پرسیارى غەریب کەوتنى ژوان لە عەتر تووڕە لە کێ بکەم؟

مەمکى ژنە سەربازکوژێک بە دار مانگەوە بویتە چاک

عەلاگەى ژنێکى ترى پڕ نووردی کرمیان گەنیکردووە، دەمێکە ئێرە بۆتە زێدى فرمێسکە غەریبێ

شەوان سەرباز پێستى لە چاوەڕوانى مانگ تەقەلۆ دێ

مەمک دەڕۆننەوە هەوارە کانى دێ

پرسیار خەملیون بە عەشقى بێهودە... نایەنەوە

ئەوێ تا کۆتایى بیابان بە نیشتمان دەمێنێتەوە

پەرستگەوانێ دەرگا بە رووى کۆتر شەقدەکا

مناڵ چەچى بەسەر پێڵاودا بووە درەخت

ژن هێماى گرتە باکوور

   کۆتر هیچ شەوێکى ئاسمانى نەما بۆ فڕڕەیەک پیاسە... نایەنەوە

نە زریان کەمانچەیەکى بردە گەشتى نۆتە شکاندن و

نە خاوەریش کۆشى کوڕیژگەى پێ پڕکرا لە ئەستێرە

هێماى گەڕانەوە بە تەوێڵى شۆڕش هیچ سەرو سۆراغێکى نى یە

دانیشتن لە ناو مردن ئاسودەترین ئۆرگانیزمى کەوتنە لە سورەتى ئەلناس

پاش سڵاوى سەربازى بۆ مردن گەڵاى هیشکۆرى گەرمیانیش

ئەو زیخ و لمەى بیابان بەسێبەرى کۆتر رتووشکرد

هیچ گوناه نەبوو کات فڕەیەک بە دەورى ئاین لێبدا

مەلایەکى رەش و زلە قەشەیەکى ترسنۆک و مالمێکى تەگە

کۆمەڵێکى خاو بە تەقسێک نادەن

هیچ گوناه نەبوو نوێژ عابیدێکى پێوە نەمێنێ

دەڵێى چى؟

ئاسمان لە تووڕەیى ئەو ژن و مناڵە هیچ ئەستێرەیەکى نەڕژاند

چرایەک ناجولێتەوە

بیابان ماش و برنجى دەچێت

خەڵوەتگەى مردنە ئێرە بۆ کۆنترین بنیادەمى زەمین

کتێبى پیرۆز لە ژمارەى ئەستێرەکانى نیشتمان هەڵیەکى بە مێژوودا

چروکى کرد ویژدان لە چ ئاینێک ناهاتەدەرەوە

خلیسکى برد ڕاستى ئاینکارەکان و

وەگۆکەوتنى دیموکراسى

کتیبى من وێنەى هەموو مناڵانى ئەنفالى کردۆتە ئەستێرە لە هیچ کتێبێک ناچێت

ئاى سەرباز چ عیشقێکت بە مەمکى ژنى تانۆکى تێلدڕ داوە

گوناهى ئادەم دەگاتەوە ژنى پاش زێد چۆل

چراکان دەیانخواست لم نا گڵى بەر سێبەرى شاخ بە خۆدادەن لۆ فێنکایى

گەڵاى مازوێکى شین داگیرسێنن

لاوکى بەفر بۆ هاوینى تەمەن تێهەڵکەن و

بۆ کۆترخانەى ئاسمان بچنەوە

توورەیى ئاگر هیشتا نەگەیشتۆتە زەوى

هۆرنى کۆنە پێڵاوى جیماوى مناڵێکى ئەو بیابانە

چاوى شۆفەڵزەردێک لەو چۆلەوانیە داغ دەکات

سمۆرەیەک بە ڕێگاى کۆتر دادێ سڵاوى گوێز دەگەیەنێ

لەو پانە ڕێیەدا کرتەکرتى هێسک و

یادەوەرى دەکرۆژن

خەونم بە پێڵاوێکى سپى دیت

لەو بیابانە مرۆڤخۆرکە بەفر چ دەکا؟

خەوننامەى مردوان دەڵێ هەڵوەرینى تلکى مناڵان و

سێبەرى مەمکى ژنەکان لێرەن

هەرگیز ئێرە نابێتە بەهەشت

جۆگەلەیەکى شین دێ بەشکەم ژنێک بە پێوە مابێ و

ژیر بوونەوەى مناڵێکى هەترەش چوو لەو ناوە پێڵاوێکى پر ئێسکى خۆى هێنابێتەوە گەرمیان

 سیبەرى لا دیوارێ نسێى چیا دەگرێتەوە بیابان

ئەنفال زەوى کوژاندەوە

ماڵى هیچ چۆلەکەیەک لێرە نابینم

هەنسکى درەختەکان لەسەر شینى کانى و ڕۆڕۆى تاڤگە و دامانى رووبار

هەر لە تابلۆى ئیسماعیل خەیات دەچێ

شێت بووین نە دەچینەوە درەختنامەى ئادەم و

نە بە کەزیەکانى حەوا پەنا دەدرێین و

نەدەگەینە پەیژەکانى مانگ

دیوانى شیعرى نالى لە کوێ دەبێتە کۆتر؟

ئاسمان نزاى تێوە ناچێ

ئەم هەورەى ئاسمانى پەلکێشى بارین کرد

بۆنى ژنێکە ڕۆلەکانى لەناو ئاوى کوڵاو زەردەخەنەیان لە مێژوو دەمێنێتەوە


ئەم بابەتە 73 جار خوێندراوەتەوە