Adonis.jpg

شاعیرێكى عاشق، له‌ شارێكى وێراندا

ئه‌دۆنیس - وه‌ر‌گیڕانى ته‌ڵعه‌ت تاهیر

1

ئه‌ى شاعیر، له‌ كۆتاییدا هێشتا باوه‌ڕ ناكه‌ى

كه‌ خودى مانگ ته‌نیا تۆپێكه‌ و

له‌به‌ر پێى زه‌ویه‌كدا كه‌ ناوى خۆشه‌ویستییه‌ غلۆر ده‌بێته‌وه‌؟

 

2

ته‌نیا به‌ خۆهه‌ڵكێشانه‌وه‌ بڵێ:

كه‌ تاجه‌ گوڵینه‌یه‌كیان له‌سه‌ر ناویت،

ته‌نیا له‌بیر بكه‌ له‌ لقى دره‌ختێكیان كردۆته‌وه‌،

كه‌ ده‌مێكه‌ ژاكاوه‌ و مردووه‌.

 

3

شار؟ به‌ڕاستى ئه‌و دۆزه‌خه‌یه‌ كه‌ تۆ پێت وایه‌ ئه‌ى شاعیر،

به‌ڵام، چۆن لێى ناپرسیت:

بۆچى ئه‌ى شار گه‌وره‌ نابیت،

ته‌نیا له‌ باوه‌شى ئاسماندا نه‌بێ؟

 

4

به‌ ورته‌ لێت ده‌پرسم ئه‌ى شاعیر:

(ئایا كه‌سێك هه‌یه‌ تواناى خۆشه‌ویستى هه‌بێ،

گه‌ر تواناى رق لێبوونه‌وه‌ى نه‌بێ؟)

ئێستا وه‌ڵامم مه‌ده‌وه‌: چه‌ند كاتت ده‌وێ بیبه‌.

 

5

بنووسه‌ بۆ زستانى هاوڕێت ئه‌ى شاعیر،

بنووسه‌ گه‌ر چوار وشه‌ش بێت:

(ببارێ، گه‌ر، خۆشت، ده‌وێم)

 

6

به‌چاو قایمیه‌وه‌ لێت ده‌پرسم ئه‌ى شاعیر:

(ناوى چى له‌وانه‌ ده‌نێیت،

بێشكه‌ى كامه‌رانى كه‌له‌پچه‌ ده‌كه‌ن و

ده‌یخه‌نه‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌ و

له‌ هه‌موو ئاراسته‌كانیشدا دڕك ده‌ڕوێنن؟)

 

7

ره‌نگه‌ پێت بڵێن، ئه‌ى شاعیر:

خۆشه‌ویستیش كۆتایى دێ.

ئه‌م قسه‌یه‌ش راسته‌،

به‌ڵام ئه‌وه‌ش راسته‌ كه‌ مرۆڤ له‌ خۆشه‌ویستیدا

جیا له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى كۆتایى دێت:

تامى بێكۆتایى ده‌كا.

 

8

ئه‌ى شاعیر، مردن خۆیشى شوێنێكى نییه‌ له‌خۆى بگرێت،

تا تیایدا خۆى به‌ كرده‌وه‌كانى هه‌ڵكێشێ:

بێجگه‌ له‌و ماڵه‌ ته‌ریكه‌ى، له‌و ماڵه‌ جوانه‌ى،

سه‌ركێشه‌ى كه‌ ناوى خۆشه‌ویستییه‌.

 

9

ئه‌ى شاعیر، خودى شوێن:

شوێنى نییه‌، بێجگه‌ له‌وه‌ى یه‌خه‌یه‌ك بێت،

له‌ كراسى خۆشه‌ویستى.

 

10

دانیپیاده‌نێم ئه‌ى شاعیر

(ئه‌مه‌ راسته‌ وه‌ك خه‌ڵكانێك ده‌ڵێن،

تاریكى له‌ به‌یروتدا پێمده‌گه‌یه‌نێت.

به‌ڵام، خولیاى به‌رده‌وامم ئه‌وه‌یه‌:

روناكى ده‌مڕنێته‌وه‌؟)

 

11

دیسان به‌ ورته‌ لێت ده‌پرسم:

(ئایا ته‌نیا ئاین، رۆژانه‌:

خۆشه‌ویستى ده‌خاته‌ كۆشیه‌وه‌،

تا هونه‌رى خۆى، له‌ جنێودان و سه‌ركۆنه‌كردن بنوێنێ؟)

 

12

دیسان به‌چاو قایمیه‌وه‌ لێت ده‌پرسم:

(ئه‌و كه‌سانه‌ى سیاسه‌ت له‌سه‌ر ره‌زمێك لێده‌خوڕن،

كه‌ له‌ ده‌هۆڵێكه‌وه‌ ده‌رده‌چێ ناوى جه‌ماوه‌ره‌،

به‌راستى خۆشه‌ویستى ده‌ناسن؟

باشه‌ كه‌سێك چۆن ده‌زانێت سیاسه‌ت بكا،

كه‌ خۆشه‌ویستى ناناسێ؟

 

13

له‌ شاعیریان پرسى:

له‌ چ سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ وشه‌ى (ئامین) هاتووه‌؟

ئێستاش، له‌ نووسینه‌وه‌ى وه‌ڵامه‌كه‌ نه‌بۆته‌وه‌.

 

14

له‌ قاوه‌خانه‌كاندا دانیشتوون و پۆشیویانه‌،

چیان پۆشیوه‌؟

له‌ كه‌زیه‌كانیاندا گوڵى سوور،

له‌سه‌ر سینگیاندا تریاقى شه‌و ده‌ڕژێ.

به‌ خۆر بڵێن: په‌له‌ بكا له‌ ئاوابوون.


ئەم بابەتە 66 جار خوێندراوەتەوە