d8a3d986d8b7d988d986-d8aad8b4d98ad8aed988d981.jpg

كورتە چیرۆك: دوو خولەك پێش ئێستا مردم

ئەنتۆن چیخۆڤ - وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئازاد محمود

دوو خولەك پێش ئێستا مردم, خۆم بینیەوە كە تەنیام و چەند فریشتەیەكم لە دەورەن، لەگەڵ چەند كەسی دیكە كە نەمدەناسین، لێیان پاڕامەوە زیندووم بكەنەوە، زیندووم بكەنەوە بۆ خێزانەكەم كە هێشتا هەر گەنجە، بۆ كوڕەكەم كە هێشتا رووناكی نەبینیووە، خێزانم چەند مانگێك بوو سكی پڕ بوو.

چەند خولەكێك تێپەڕی و یەكێك لە فریشتەكان هاتە لام، شتێكی بە دەستەوە بوو دەتگوت تەلەفزیۆنە، پێیگوتم كە كات لە جیهانی پێش مردن و دوای مردن زۆر جیاوازە. گوتی" چەند خولەكێكی ئێرە بە چەند رۆژی ئەوێیە". گوتیشی " دەتوانی لەم شتەوە خۆت بیبینی كە كاتەكان چەند جیاوازن". شاشەكەی پێكرد، خێزانمی تێدا دەركەوت كە مەلۆتكەیەكی بە باوەشەوە بوو. وێنەكە زۆر خێرا بوو، هەموو خولەكێك كات دەگۆڕا، كوڕەكەم گەورەتر و گەورەتر دەبوو، هەموو شتێك دەگۆڕا، خێزانەكەم كەلوپەلی ناو ماڵەكەی دەگۆڕی، دەیتوانی پارەی خانەنیشنیەكەم وەرگرێت، كوڕەكەم دەچووە قوتابخانە، یەك بە یەكی كچە براكانمی دەخواست، هەریەكێكیان دەبوونە ژیانێكی تایبەتی كوڕەكەم، چەند رووداوگەڵێك روویان دەدا، لە وێنەیەكی خێرا و لێڵ و تەڵخی رووداوەكاندا، تێبینی شتێكم كرد كە لە پشتەوە جێگیر بوو، دەتگوت تارماییەكی رەشی كەسێكە.

چەند خولەكێكی دیكە تێپەڕین. سەیرم كرد هەمان تارمایی لە هەموو وێنەكاندا هەیە، ساڵەكان تێدەپەڕین، تارماییەكە بچووكتر بوو ، داوام لە یەكێك لە فریشتەكان كرد ئەو تارماییەم لێ نزیك بكاتەوە بۆ ئەوەی باشتر بیبینم، فریشتەی بەزەیی و میهرەبانی بوو، نەك تەنیا نزیكی كردەوە، بەڵكو دیمەنەكەی بە كاتی زەوی نیشاندام، من هێشتا لێرەم و لە شوێنەكەی خۆم دانیشتووم، پێش پەنجا ساڵ سەیری ئەم تارماییەم دەكرد، تارماییەكە دەگریا، لەبەرئەوە منیش دەگریام، ئەم تارماییە جگە لە دایكم هیچ شتێكی دیكە نەبوو.


ئەم بابەتە 163 جار خوێندراوەتەوە