Xalat.jpg

سەبارەت بە چاوەڕوانی

سایۆ ڕەجەب- هەولێر

ڕەش

وەک پیاوێکی سەروی شەست ساڵ

کە تازە خانەنشین دەکرێت

موچەکەشی هەر بەشی حەپی ژانەسەر دەکات

بەیانیان بە بێزارییەکی زۆرەوە

بەرەو نزیکترین باخچە دەڕوات و

ژنەکەشی هیچی دیکە پێی ناڵێت

ئازیزەکەم بۆ نانی ئێوارە چاوەڕێت دەکەم

بێزارم و

دەمەوێت کورسییەکی پلاستیکی هەڵبگرم و

لە سوچێکی ئەم دنیا نەفرەتییە دابنیشم و

تەماشای ژیانە ڕیسواکەتان بکەم

 

 

بەڕەحمەت بێت

بەڕەحمەت بێت دراوسێیەکی باش بوو

ئۆتۆمبێلەکەی لە پێش دەگای هیچ ماڵێک پارک نەدەکرد

سەرلەئێوارەیەک لەبەر دەرگا بینیم، تەندروستی زۆر باش بوو

هەواڵی کەشوهەوای لە یەکێ لە دراوسێکان پرسی، دواتر...

جگەرەیەکی لە پاکەتەکەی دەرهێنا و

بەرە و دەشتەکە هەنگاوی هەڵێنا

شەوەکەی گوتیان خۆی کوشت!

 

ئێستا من نازانم ئەو کوژراوە یان خۆی کوشتووە

بەڵام ئیدی

سەبارەت بە کەشوهەوا لە دراوسێکان ناپرسێت و

جگەرە لە پاکەتەکەی دەرناکات و

بەرە و دەشتەکە هەنگاو هەڵناگرێت.

 

شەو

درەنگانی شەوێکی سارد

دەنگی مۆسیقایەکی ئارام لە قوڵایی دەریا دەبیستم

پەنجەرەکە دەکەمەوە دەڵێم

ئەوە گریانی مرۆڤێکی تەنیایە

لەوانەشە بانگ کردنی کەسێکی ڕۆیشتوو بێت.

 

لە قۆڵایی دەریا مۆسیقایەکی خەمگین دەبیستم

دەڵێم

ئەوە کەشتییەکی غەریبە هیچ کەنارێک نادۆزێتەوە

لەوانەشە لە هەموو بەندەرەکان تۆرابێت و

قۆڵایی دەریای وەک چارەنووسی خۆی هەڵبژاردبێت.

 

درەنگانی شەوە ساردەکان

کاتێک چرای هەموو شوێنێک کوژاوەتەوە

خەڵکی بێ چارە و دەربەدەر

بەرەو کەنار دەریا دەڕۆن

هەندێکیان فرمێسک دەبەخشن بە شەپۆڵەکان

هەندێکیشیان کە لەوپەڕی نائومێدی دان و

هیچ تروسکاییەک ئارامیان ناکاتەوە

دەبن بە مۆسیقا بۆ ئەوانەی برین ناهێڵێ بنوون.

 

ئێستا نیوەشەوە و

دەنگی مۆسیقایەکی خەمگین دەبیستم و

بۆ ئەو سەرخۆشانەی لە کەنار دەریا نەگەڕانەوە

بۆ ئەو شۆڕشگێرانەی نائومێد بوون

بۆ مۆسیقا کە یادەوەری ئێمەیە

هەڵدەستمە سەرپێ و


ئەم بابەتە 177 جار خوێندراوەتەوە