Bayan_Ebrahim.jpg

ژنێک لە دوکەڵ

بەیان ئیبراهیم

باخچەیەک لە دوکەڵ دروست دەکەم

شارێک لە تەم و

ژنێک لە ئاگر

خەنجەرێک لە گوناهـ دروست دەکەم

حیکایەتێک بە خوێنی ژن دەنوسمەوە

لە پرسەی ژنە شیعرێکما دەگریم

چیرۆکی غەدرێک

لەسەر دیواری دادگا دەنوسمەوە

ڕێڕەوی ڕوباری خوێن دەگۆڕم

وێنەی ژنێک بە دوکەڵ دەکێشم

میهرەبانی بە چەخماخە و

کوڵوانە بە فرمێسک و

گەردانە بە تیغ

ئەچمە سەر بەرزاییەکانی ماف

هاوار دەکەم ....چی تر

ئەم درۆ زۆرانە

هیچیان ڕاست نین

ئەم یاسایانە شەل و ئیفلیجن

ئەی ئەوە نیە

لەژێر ڕەهێڵەی بارینی مافدا

خوێن لە جەستەی ئازادی ژن دەڕوا

ئەی ئەوە نیە

مانشێتی هەواڵەکان

مەرگی باخچەکانی ژن ڕادەگەیەنن


ئەم بابەتە 376 جار خوێندراوەتەوە