Pesraw.jpg

بەهرامی بەیزایی و به‌شێك له‌ به‌رهه‌مه‌ ناوازه‌كانى

پێشڕەو حسێن

بەهرامی بەیزایی

ساڵی ١٩٣٩ لە تاران لەدایک بووە، ماوەیەک لە ئیسفەهان و ستراسبۆرگ و پالۆ ئاڵتۆ ژیاوە. دەرهێنەری سینەما و شانۆیە، هەروەها شانۆنامە نووس و فیلمنامە نووسە و لە ساڵی ١٩٦٢ ەوە لەم بوارانەدا کار دەکات.

لەژێر کاریگەریی فیردەوسی و ئەخەوان سالیس و ئاکیرا کورۆساوا، ویلیام شکسپیر دا کاری کردووە.

 بەرهەمەکان: مەرگی یەزدگرد

باشو، غریبه بچکۆلانەکە

سگ‌کشی

  

بەیزایی یەکێکە لە فیلم‌سازە خاوەن ‌سبک و بەناوبانگەکانی سینمای ایران و لە نووسەرە برجستەکانی ئەدەبیاتی نوێی ئێران. هەندێک لە شانۆنامه‌کانی بەیزایی، بۆ سەر زمانەکانی ئینگلیزی و فەرەنسی و ئەڵمانی و عەربی و کوردی وەرگێڕدراون، لە ئاسیا و ئەوروپا و ئەمریکای باکوور چاپ و نمایش کراون.

 ده فیلمی درێژ، چوار کورته فیلم و نزیکەی حەفتا کتێب و چەندین نمایشی لەسەر شانۆکانی شاره جیاوازەکانی ئێران و جیهان پێشکەش کردووە. جگە لەم کارانە، لە زانکۆکانی ئێران و لە دەرەوەی ئێرانیش، وانەی شانۆ و سینەمای وتووەتەوە.

 بەیزایی لە بواری نووسیندا، لەو کەسانەیە کە لە ریزی کەسانی وەک ئەکبری رادی و لە بواری سینەماشدا وەک ناسری تەقوایی، رۆڵێکی گرنگیان لە گۆڕینی نمایش و سینەمای ئێراندا هەبووە. باشو، غەریبە بچکۆلانەکە – که بەپێی رای رەخنەگرانی ئێرانی بە هاوبەشی لەگەڵ فیلمی کەڵە ئاسکەکانی مەسعودی کیمیایی، بە باشترین فیلمی مێژووی سینمای ئێران دەناسرێن و سەگ‌کوشتنی که پڕفرۆشترین فیلمی سال ٢٠٠٢ ی ئێران دەرچوو، دوو لە گرنگترین فیلمە‌کانی بەیزایین. لە بواری شانۆشدا زۆرجار بە گرنگترین  شانۆنامه‌نووسی مێژووی ئەدەبی فارسی ناوبراوە، شانۆنامه‌کانی (هەشتەمین سەفری سەندیباد و شیوەن و مەرگی یەزدگرد) جۆرێکی تایبەتی دەقی شانۆیی لە ئێران داهێنا. رەگبار (تاوە باران، دەستڕێژ) یەکەمین فیلمی درێژی بەیزاییە. لەساڵی ٢٠١٣ دا لەژێر چاوێریی مارتین ئیسکۆرسیزی، لە فێستیڤاڵی سینەمای ریترواتوی ایتالیا نمایش کرا.

لەساڵی ٢٠١١ ەوە لە دەرەوەی ئێران دەژی.

دوا نمایشی شانۆیی ئەفرا، یان رۆژەکان تێدەپەڕن، لە ساڵی ٢٠٠٨ بەبیانوی تەعمیری هۆڵی نمایش رادەگیرێت.

ساڵی ٢٠٠٩ دواهەمین فیلمی لە ئێران بەرهەمهێنا بەناونیشانی: ئەوەدەمەی هەموو نووستووین.

 چیرۆکی سەگ کوشتن

خانمە نووسەرێکی ئێرانی  (گولرخ) کە بەهۆی گومانی لە پەیوەندی نێوان هاوسەرەکەی (ناسر) و سکرتێری کۆمپانیاکەی ئێرانی جێهێشتووە، لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگی ئێران و عێراق دەگەڕێتەوە بۆ تاران و دەبینێت هاوسەرەکەی ئیفلاسی کردووە و خەریکە دەگیرێت و زیندانی دەکرێت. گولروخ دەبینێ شەریکی مێردەکەی سەرجەم مایەی کۆمپانیاکەی دزیوە و بە قاچاخ وڵاتی جێهێشتووە، هەموو قەرزەکانی سەر کۆمپانیاکە بەسەر ملی مێردەکەیەوە ماوە و خاوەن قەرزەکان هەڵیانکوتاوەتە سەری، بە ئەرکی خۆی دەزانێت لەبەر ئەو دڵپیسیەی بەرامبەر بە مێردەکەی هەیبووە و لەخۆڕا جێیهێشتووە، هەوڵی رزگارکردنی بدات. ئەمەش بە کڕینەوەی چەک و قەرزەکانی سەر مێردەکەی و وەرگرتنی رەزایەتی خاوەن قەرزەکان دەبێت.

گولروخ بەهۆی سادەیی و نیازپاکی خۆیەوە دەکەوێتە ناو بازار و کارێکەوە کە زۆر لە پیشەکەی خۆی کە نووسینە بەدوورە. دونیای کڕین و فرۆشتنی بازاڕ. بە ناچاریی دەکەوێتە مامەڵەوە لەگەڵ یەک بە یەکی خاوەن قەرزەکان بۆ ئەوەی هەرچۆنێک بووە لێخۆشبوونیان وەربگرێت. بۆ ئەمە مەبەستە ئەوەندە لەوکارەوە دەگلێت کە رێگەی گەڕانەوەی لەبەردەمدا نامێنێتەوە و تێدەگات پێی خستۆتە مەیدانێکەوە کە نابێت بە دۆڕاویی لێی بێتە دەرەوە. هەموو ئەمانە تەحەموول دەکات. لە سوکایەتی و ئازاردان و دەسترێژی کردنە سەری تا دواجار هاوسەرەکەی ئازاد دەکات کەچی هاوسەرەکەی لەبری سوپاسگوزاریی تەڵاقنامەکەی بۆ دەنێرێت. دواتر تێدەگات هەموو ئەم کارانە، لە ترساندنی شەریکەکەی و راونانی و لە کڕینەوەی چەکەکان لەژێر سەری مێردەکەیدا بووە و ئێتسا هەموو سەرمایەی کۆمپانیاکە بۆ خۆیەتی و بەنیازە وەک سەرکەوتنی لەم کارەدا لەگەڵ سکرتێرەکەی بۆ مانگی هەنگوینی بۆ دەرەوەی وڵات سەفەر بکات. گولروخ بەوپەڕی ویقار و خۆڕاگری ددان بەخۆیدا دەگرێ. بەڵام پلانەکەی ناسر سەرناگرێت، لەبەر ئەوەی شەریکەکەی گەڕاوەتەوە و خاوەن قەرزەکانیش کە بەردەوام بەدوای ژنەکەیەوە بوون دەگەنە سەری...


ئەم بابەتە 92 جار خوێندراوەتەوە