i_was_born_but.jpg

لەدایکبووم بەڵام... سینەمای یاسوژیرۆ ئۆزۆ

ژینوار ئازاد حەمە کەریم

فیلمێکی دەرهێنەری ژاپۆنی یاسوجینیرۆ ئۆزۆ یە کە هەندێک لە دەرهێنەر و رەخنەگرانی بواری سینەما، بە فیلمی خاو ناوزەندی دەکەن، ئەم فیلمە کە باس لە ژیانی خێزانێک دەکات و لەوێوە کۆمەڵگای ژاپۆنی. بەڵام ئەم حوکم و خوێندنەوەیە تا ڕادەیەک، نادادپەروەرانەیە و بە پێوەرەکانی سینەمای ئەکشن ی ئەمریکی هەڵسەنگێندراوە، گەر خوێندنەوەیەکی بەراورد کارانە لەنێوان ئەمفیلمە و زۆر فیلمی هەمان قۆناخدا بکەین دەبینین لە چاو ئەواندا ئەم خێراترە، لە ڕیزبەندی فیلمەکانی ئۆزۆ خۆشیدا، لە دایک بووم بەڵام.. لە ١٣٧١ گرتە پێکدێت و بەڵام فیلمی چیرۆکی تۆکیۆ لە ٨٧٦ گرتە.. لە لەدایک بووم بەڵام.. دا ئەو گرتانەی خاون، ئەو گرتانەن کە تیایدا کارەکتەرەکان نان دەخۆن، یان دانیشتوون و گفتوگۆ دەکەن لەگەڵ یەک. واتە بەگشتی ساتگەلێک گرتەکە خاوە، کە چالاکییەکە خۆشی تیایدا خاوە!

یاسوژیرۆ ئۆزۆ دەرهێنەرێکی یابانی بوو کە بەر لە ٣٠ ساڵ کۆچی دوایی کرد، لە ڕۆژی لە دایکبوونەکەیدا و لە هەمان ئەو ڕۆژەدا کە تیایدا بوو بە ٦٠ ساڵی. لە ساتی مردنیدا، ئۆزۆ لە دەرەوەی یابان دەرهێنەرێکی نەناسراو بوو، لە یابانیشدا ناوبانگێکی سنوورداری هەبوو. وەلێ گەر ئەمڕۆ ڕاپرسییەک لە نێوان ڕەخنەگرانی فیلمدا ئەنجام بدەین و لێیان بپرسین کە کێ گەردوونیترین و خۆشەویستترینی نێو هەموو دەرهێنەرەکانە، ئەوا یاسوژیرۆ ئۆزۆ لە لووتکە یان نزیکی لووتکەی لیستەکەدا خۆی دەبینێتەوە، لە پاڵ دەرهێنەرانی وەک جین ڕینوار، ئۆرسۆن وێڵس و ئەلفرێد هیچکۆکدا.. چونکە ئەو مێژوویەکی لە فیلمی سەیر و پڕ گرتەی ناوازە بە سینەما بەخشی. ئەو بە منداڵییەکی سەخت و سەیردا تێپەڕبوو، بۆیە لە فیلمەکانیدا کەشی خێزانی و ژیانی خێزانی هەمیشە ئامادەیی هەبوو.

 i was born but1

فیلمەکانی ئۆزۆ لە هەرکوێیەکەوە سەیری بکەیت، جیهانێک لە ژیری و جوانی دەدۆزێتەوە کە دەبێتە جێگەی سەرسڕمانی هەرکەسێک کە دەست بە بینینی فیلمەکانی بکات. ئەو پێچەوانەی ئەو ڕەوتە لە فیلمسازی ژاپۆنی کاری کرد و تا ڕادەیەک لە ژێر کاریگەری فیلمی ئەمریکیدابوو.

 ئۆزو کە خاوەنی نزیکەی ٥٠ فیلمە، بەوە ناسراوە کە کارەکانی پوختن و لە هەمان کاتیشدا، ورد و دووربینن. وە بەشی زۆریان باس لە بارودۆخی خێزانە یابانیەکان لە سەردەمی دوای جەنگدا دەکەن. بۆ نموونە لە فیلمەکانی کۆتایی بەهار ١٩٤٩ وە چیرۆکی تۆکیۆ ١٩٥٣.

(لە سەرەتای سییەکانی تەمەنی و لە دەیەی یەکەمی کارکردنیدا، ئەو ببوو بە یەکێک لە دەرهێنەرە جێگیرەکانی ستۆدیۆی شۆچیکۆ و فیلمی بێدەنگی بۆ دروستدەکردن، لەسەر ژانرای جیاواز. لە فیلمەکانی ئەو سەردەمەیدا، سێ فیلمی لە ژانرای تاوان بووە لە دەوری ژیانی تاوانباردا دەسووڕانەوە. ئەو سێ فیلمە لەکاتێکدا دروستکران، کە یابان لەژێر کاریگەرییەکی گەورەی سینەمای ئەمریکادا بوو. ئەوەیش بەهۆی ئەو فیلمە ئەمریکیانەوە بوو کە لەناو یاباندا نماییش دەکران. بۆ نموونە فیلمەکانی ڕۆیشتن بەدڵخۆشیەوە ١٩٣٠، هاوژینەکەی ئەو شەوە ١٩٣٠، کچی تۆڕ ١٩٣٣. ئەم فیلمانە لەژێر کاریگەری ڕاستەوخۆی ئەو ڕەوتەی سینەمادا بوون کە بە میلۆدرامای بەهێز و پیشاندانی تاوانی زۆر ناسرابوون و لە ئێستادا بە فیلمی نوار ناوزەند دەکرێن).

 i was born but2

(تێمای سەرەکی ئۆزو لە فیلمەکانیدا چینی ناوەڕاستی کۆمەڵگەیە؛ واتە پەیوەستە بە خێزان و پرسە تایبەتەکانی پەیوەندی نێوان باوکان و فەرزەندانەوە. فیلمەکانی ئۆزو وێنەی چەقی خێزان و کولتوری ژاپۆنی و ستایلی نەریتی ژیانی ژاپۆن لە سەردەمی مۆدێرنەدا نیشاندەدات. لە بەرهەمەکانی ئەودا بەردەوام خێزانگەلێک هەن ڕووبەڕووی پرسە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکان دەبنەوە، پەیوەندییەکانی ئەندامانی خێزان، دایک و باوکانێک کە ڕەنگە بەهۆی سەرقاڵی کاری سەرچاوەگرتوو لە دونیای پیشەسازییەوە بەخشینی خۆشەویستی بە دەوروبەرەکەیان و ئەندامانی دیکەش فەرامۆش بکەن، پرسگەلێکی لەم چەشنانە خەم و پەرۆشی بەرهەمەکانی ئۆزون. ئۆزو ستایشکارێکی پڕ جۆشوخرۆشی نەریتەکانی کۆمەڵگای ژاپۆنە. بەردەوام لە فیلمەکانیدا نیشانی دەدات کە چۆن لە کۆتاییدا خێزانەکان لە یەکتری جیا دەبنەوە و دوچاری تەنیایی و فەراغ دەبن. سینەمای ئۆزو سەرئەنجام سادە دەکەوێتەوە، فیگەری بەرهەمەکانی مرۆڤگەلێکی باشن، سەرباری سەرقاڵییەکانیان و هەندێکجار لەبیرکردنی یەکتریش، بە جۆرێکن کە ناکرێت سەبارەت بەوان ڕەشبین بین. ئۆزو هەستیارییەکان دوادەخات، لە هەستیارییە خاو و سەرپێییەکان تێدەپەڕێت و دەچێتە دەرونی مرۆڤەکانەوە و جیهانەکەیان نیشان دەدات.(

فیلمەکانی ئۆزۆ بۆ بینەرانێک کە هێشتا وەهمی هۆڵیود و خێرایی نەیبردوون و ژیانی کۆن و ئەو نەرموو نیانیەیی لە ژیانی خێزانیدا هەبوو خۆشدەوێت.. پێشنیار دەکەم، وەک شاکار گەلێک لە مێژووی سینەما.


ئەم بابەتە 77 جار خوێندراوەتەوە