Nawzad.jpg

ڕانانێکی کتێبی "سینەما و فەلسەفە"ی نەوزاد جەمال

بەگشتی شرۆڤەی سینەماو فیلم لەرووە تێوریەکەوە لەنێو کتێبخانەی کوردیدا بابەتێکی تاڕادەیەک نوێیە. بەتایبەت لەڕوانگە فەلسەفییەکەوە کاری کەم لەسەر کراوە. وەک لە 'پێشووتە'ی کتێبەکەدا هاتووە، فەلسەفەی فیلم و سینەماو فەلسەفە وەک کایەکی سەربەخۆ کە خاوەنی دەزگاو چەمک و بۆچوون و لێکدانەوەی تایبەت بەخۆیەتی کاری لەسەرکراوە. فیلم وەک جۆرێک لەبیرکردنەوە، هزراندن و رامان، پرسیارکاری و ئاوێتەکردنی کایەکانی هونەرو فەلسەفەو زانست و ئەندێشە لەیەکتردا،  تاوتوێکراوە. واتە، له‌گۆشه‌نیگایه‌کی فه‌لسه‌فییه‌وه‌ فیلمسازی تاوتوێکردووەو چەند پرسیارێک لەخۆدەگرێت؛ ئایا فیلم وەک‌ دیارده‌یه‌کی هونه‌ری، جیهانی و جیهانسازی، له‌روانگه‌ی فه‌لسه‌فه‌وه‌ چی ‌دەگە‌یەنێت‌‌؟ ئایا فیلم جێگره‌وه‌یه‌کی باشی کتێبەکانە وەک سەرچاوەی ڕۆشنبیریی‌؟ پرسیارێکی دیکەش کە کتێبەکە ئاڕاستەدەکات: چۆن فه‌لسه‌فه‌ به‌هۆی فیلمه‌وه‌ جارێکیتر ده‌که‌وێته‌وه ‌گەڕو چالاکبوونەوە لەژیانی روناکبیریدا؟

هۆکاری ئەوەی بۆچی نووسەر بابەتێکی وەهای هەڵبژاردووەو لەڕوانگەیەکی فەلسەفییەوە فیلم و سینەما شرۆڤەدەکات، ووتویەتی: "بەش بەحاڵی خۆم، سینەماو فیلم لەهەموو بابەتێکیتر ئەگەر نەشڵێم زیاتر لەپرسەفەلسەفیەکان دەمخاتەسەر کەڵکەڵەی باسوخواس و شرۆڤەو لێکدانەوە... لەماوەی ساڵانی رابووردوودا بۆخۆم کەشێک-رێورەسم-تەقس-ی تایبەتم سازکردبوو، شەوانە دەبوایە سەیری یەکدووفیلم بکەم. هەندێکجار فیلمەکان چەندبارە دەمبینینەوەو هەرجارەی دیوێک و رەهەندێکیتر لەئاسۆی راڤەکردندا دەردەکەوت".

بەڕای نووسەر "فیلم هاوتاو هاوشان و تەریبە بە فەلسەفە، بەڵام بەئامرازو کەرەسەیترەوە. فیلم وەک فەلسەفە بەرەنگارییە، دەرچوون و دەربازبوونە لەو سندوقەی کە کۆتوبەندی کۆمەڵایەتی و ئایین و ناتوانایی مرۆڤە قەتیس دەکات. کانگای پرسیارو سەرچاوەی رامان و بەدواچوونە". بۆیە، کتێبەکە لەو گۆشەنیگایەوە مافی بەخۆیداوە، فیلم لەدەرەوەی پێشینە-باکگراوند-ی هونەرییەوە وەک سینەماکارێک گەنگەشەبکات. وەک بینەرو وەک فەلسەفەکارو هەروەها وەک هاونیشتمانیەک کەخولیای فیلم و سینەمایە، کۆمەڵێک پرسی تاوتوێکردووە.

سینەماو کورد، دووانەیەکی نوێن. بۆیە، ئه‌گه‌ر مرۆڤی ئێمە له‌رەوتی فه‌لسه‌فه‌و زانست و ته‌کنۆلۆجیاو هونه‌رو شارستانیەت دواکەوتووبێت، ئه‌وا سینەما‌ پێگەو ناسنامەی ده‌باتەوە‌ نێو شارستانیه‌ت و مێژووەوە‌. سینه‌ما، ده‌وڵه‌تێکی گه‌ڕۆکی مرۆڤی ئێمەیە.  

خاڵێکی دیاری کە کتێبەکە لەسەری دەڕوات، ئەوەیە تەنها بایەخ بەلایەنی تێوری سینەماو فیلمسازی نادات، بەڵکو لەپاڵ پرسیارە فەلسەفیەکاندا سەبارەت بەو هونەرە، باس لە دۆخی سینەماو مێژووی سەرهەڵدانی فیلم لە وڵاتانی دەوروبەری کوردستان و ئاستەنگەکانی بەردەم سینەمای کوردی دەکات. جگەلەوەی هەندێ فیلمی هەڵبژاردە شرۆڤە دەکات کە پتر سەلیقەو خواستی تایبەتی نووسەر دەردەخات، بەڵام، ئەوەش نیشان دەدات بایەخدانی فەلسەفی بە سینەماو فیلم، تەنها ناساندن و پێناسەکردنی چەمک و تێزە ئاڵۆزە فەلسەفییەکان نییە. بەڵکو، چۆن بەچاو و لێڕامانێکی فەلسەفییەوە فیلمێک بخوێنینەوەو سەرەداوی پرسیارو وەڵامەکانی نێوی بدۆزینەوە.

لە کۆتاییدا ئەوەی شایەنی ئاماژەپێکردنە ئەم کتێبە لەلایەن ناوەندی ڕەهەند/ سلێمانی (2020)چاپ و بڵاوکراوتەوەو ئێستا لە کتێبفرۆشەکان دەستدەکەوێت.


ئەم بابەتە 128 جار خوێندراوەتەوە