Adonis.jpg

شانۆ

ئه‌دۆنیس - وه‌ر‌گیڕانى ته‌ڵعه‌ت تاهیر

1

ژیانى، جلێكى شانۆییه‌ و

كانزاكانیش هه‌موویان، چه‌پڵه‌ى بۆ لێده‌ده‌ن.

 

2

له‌سه‌ر شانۆدا،

پێیه‌كانن تۆمار ده‌كه‌ن.

هه‌ر ئه‌وانیش ده‌نووسن و ده‌سڕنه‌وه‌.

 

3

كوشتن، براى شیره‌خۆره‌یه‌ى

ئه‌م شانۆیه‌یه‌.

 

4

چه‌پڵه‌ بۆ ئه‌م گۆرانیبێژه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ لێده‌ن:

سه‌ركرده‌یه‌ك رامى كردووه‌،

كه‌ ئاسمان له‌ كێڵگه‌كه‌یدا سه‌رقاڵى جوتیارییه‌.

 

5

به‌ لێزانى،

ده‌رهێنه‌ر له‌ سه‌رجه‌م شانۆگه‌رییه‌كانیدا،

ددانى ئاسمان و

ئێسقانى زه‌وى، به‌یه‌كه‌وه‌ كۆده‌كاته‌وه‌.

 

6

له‌سه‌ر ئه‌م شانۆیه‌دا، سیاسه‌ت دێوى هه‌یه‌.

له‌ چاوى بینه‌راندا، وه‌ك ئاسكى عاشق دێنه‌ به‌رچاو.

كتوپڕ:

خوێن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شوێنى خۆى و

په‌لوپۆكان بۆ لاى خودایان به‌رز ده‌بنه‌وه‌.

 

7

شانۆیه‌كه‌،

تیایدا زه‌مه‌ن رووپۆش و ماسك ده‌چنێ،

به‌سه‌ر روخسار و عه‌قڵدا.

 

8

شانۆكه‌، چه‌شنى شار، گه‌ڕه‌كى جیاوازى هه‌یه‌.

هه‌موو گه‌ڕه‌كێك سێ سیفه‌تى له‌خۆگرتووه‌:

چرا ده‌هاوێژرێ له‌ كۆڵان و ماڵه‌كاندا،

وه‌ك چۆن زار ده‌هاوێژرێ.

خوێن ده‌ڕوا، وه‌ك ئه‌وه‌ى ئاو بێ.

فریشته‌یه‌كى نێرینه‌ى بێ مێینه‌، پاسه‌وانه‌ و

ئاگاداره‌.

هه‌موو شتێك هێما و ئاماژه‌یه‌ و

خودى هه‌وا، فه‌زا ده‌ڕوخێنێ.

 

9

زێڕ، له‌سه‌ر ئه‌م شانۆیه‌دا:

سه‌ر به‌ ره‌چه‌ڵه‌كى كوشتنه‌.

(خۆشیی له‌وه‌ى،

باوه‌ڕى هێنا و، نه‌یبینى)

(په‌نجه‌مۆر:

به‌راستى،

گه‌وره‌ترین په‌نجه‌یه‌،

له‌ ده‌ستى غه‌یبدا.)

 

10

ده‌توانین چى بكه‌ین بۆ ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ى

به‌ وڕێنه‌وه‌ هاوار ده‌كا:

(ته‌نیا باوه‌ڕم به‌و مانگه‌ هه‌یه‌،

كه‌ له‌ خه‌مه‌كانمه‌وه‌ هه‌ڵدێ)؟

 

11

ده‌رهێنه‌ر له‌ ره‌خنه‌گرى پرسى:

(چۆن ده‌ته‌وێ، كه‌واته‌، هه‌یوانه‌كه‌ سێبه‌ر بكه‌یت

به‌ لقێك ئومێد؟

(چۆن حه‌ز ده‌كه‌یت، كه‌واته‌، په‌نجه‌ره‌كه‌ بكه‌یته‌وه‌

به‌ ده‌ستێك كۆت و پێوه‌ند نه‌ناسێت؟

(چۆن خه‌ون به‌وه‌وه‌ ده‌بینیت، كه‌واته‌، دار ئازاد بكه‌یت

له‌ خۆره‌ى دابڕان؟)

به‌ڵام ده‌رهێنه‌ره‌كه‌ هێشتا چاوه‌ڕێى وه‌ڵامه‌.

 

12

سه‌یره‌ !

ژن له‌سه‌ر ئه‌م شانۆیه‌دا پۆشاكه‌ و

پیاویش جانتایه‌.

له‌ نێوانیاندا ئه‌كته‌رێكه‌

ناوى له‌ غه‌یب ناوه‌، به‌خت و

ده‌ڵێ: (ژیان شه‌ڕه‌ و

گه‌ردونیش سوپاكه‌ى ترمانه‌)

 

13

چین ئه‌و هه‌نگاوانه‌ ده‌ورى ئه‌م شانۆیه‌ى داوه‌

له‌و كاته‌ى شیر ده‌داته‌ مه‌مكه‌كانى غوبار؟

چین ئه‌و جه‌ستانه‌ى كه‌ شیله‌ى چیمه‌نتۆ ده‌مژن

له‌و كاته‌ى خه‌ون ده‌بینێت و نوێژ ده‌كات؟

 

14

ئه‌ى بینه‌ر،

لێگه‌ڕێ عه‌باكه‌ت دیمه‌نه‌كه‌ داپۆشێت.

پێویست ناكا گوێ بگریت.

پێویست ناكا پرسیار بكه‌یت.

پێویست ناكا ببینیت.

 

15

كێیه‌ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ى

گۆچانى سه‌ركرده‌كه‌ى ده‌كاته‌ رێگا و

وته‌كانى ده‌كاته‌ كۆشك؟

 

16

تاریكیى شوێنى ته‌نیوه‌،

تیشك بۆى نییه‌ پێشكه‌وێ، ته‌نیا وه‌ك سمبۆل نه‌بێ.

شه‌و: له‌سه‌ر ئه‌م شانۆیه‌دا

كارى هه‌ڵكه‌ندنه‌، دوور، قووڵ،

رۆژیش كارى خه‌وتنه‌.

 

17

ئه‌م بینه‌ره‌ به‌ستراوه‌یه‌، چیه‌تى؟

گه‌یشتۆته‌ ئه‌و بڕوایه‌ى

وێنا كردنى به‌هه‌شتى ئه‌م شانۆیه‌

هیچ روبارێك به‌رهه‌م ناهێنێت

له‌ هه‌نگوین، له‌ قاوه‌؟

 

18

ئه‌و رێبواره‌ كاتێ بینى

جه‌سته‌كان گڕ ده‌گرن، ته‌نانه‌ت له‌ ئاو و سێبه‌ریشدا

له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ ده‌یگوته‌وه‌:

به‌راستى:

(ده‌رهه‌مێك خۆپاراستن،

باشتره‌ له‌ توره‌گه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر)

 

19

زۆربه‌ى بینه‌ران

ته‌مه‌نیان له‌ قوتووه‌كانى یاده‌وریدا كۆده‌كه‌نه‌وه‌:

به‌م شێوه‌یه‌ ته‌نیا دواى تێپه‌ڕ بوونى كات تێده‌گه‌ن،

دار سه‌ره‌تاى جه‌سته‌یه‌ و

قفڵه‌كان پێش وشه‌كان كه‌وتوون،

خۆره‌ش به‌ ئارامییه‌وه‌ دار ده‌ڕزێنێ.

 

20

كاتێ شیعر، بارستایى و كۆڵه‌گه‌ى مێژوو ده‌ڕوخێنێ

له‌ مۆسیقایه‌ك به‌ حیكمه‌ته‌وه‌ قوڵپ ده‌دا،

وه‌ك حیمه‌تى دره‌خت و ئاو و هه‌وا،

ئه‌م شانۆیه‌ ده‌بێته‌ شوێنێك

قه‌سیده‌ى هه‌موو سه‌رده‌مه‌كان له‌سه‌ر روخساریدا ده‌نه‌خشێنێ

له‌وانه‌یه‌، ئه‌وسا،

بینه‌ر بۆى هه‌بێ بڵێت:

(نه‌خێر،

پێویست ناكا گوڵ بسوتێ،

تاوه‌كو باوه‌ڕ به‌ عه‌تره‌كه‌ى بكه‌ین).

 

21

ده‌یناسم، ئه‌ى شانۆ

ئه‌و گرفته‌ى له‌نێوان دیواره‌كه‌یدا دێیت و ده‌چیت:

(نه‌خۆشییه‌كه‌ت كوشنده‌یه‌ و

ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ى ده‌شڵێن، كوشنده‌تره‌).


ئەم بابەتە 74 جار خوێندراوەتەوە