Trawilka.jpg

کتێبە شیعری (تراویلکە) چاپ و بڵاو دەکرێتەوە

ناوەندی ڕۆشنبیری مەم و زین بەمزوانە یەکەمین کتێبی شیعری لە زنجیرە چاپ کراوەکانی خۆی چاپ و بڵاودەکاتەوە.

سەبارەت بە کتێبەکە نووسەر «بوخاری وشیار» دەڵێت: "ئەم کتێبەم جیا لە کتێبە شیعرییەکانی ترم، تێکشکاندن و دووبارە بوونیادنانەوەی دەقی شیعریە، کە لە چوارچێوەی شیعری (شار)ی سوارە ئیلخانیزادە خۆی دەبینێتەوە، ھاوکات چەندین دەقی فۆلکلۆر و شیعری تر تێکشکاوانە نووقمی جوگرافیا شیعرییەکە بوونە. کۆی دەقی کتێبەکە ڕەنجانە لە شار و ھەڵاتنە لە ئازار و مەینەتیەکانی ژیانی شار. خوێنەری شاریی دەتوانێت باش ھەست بە ئازارەکانی کارێکتەری دەقەکە بکات و خۆی تێدا بدۆزێتەوە. ئەم ھەوڵەشم لەپێناو زیندوو ڕاگرتنی سوارە و شیعرەکەیەتی و ئاوڕدانەوەیەکە لەم جۆرە نووسینە.

«تراویلکە» لە نووسینی (بوخاری وشیار)ە و (پەپوولە یوسفی) نەخشەسازی بەرگی بۆ کتێبەکە کردووە و ناوەندی ڕۆشنبیری مەم و زین لە ھەولێر چاپ و بڵاوی دەکاتەوە.

شیعرێك له‌ کتێبەکە:

ئەز

زەنگووڵەیەکم بێدەنگ

بێدەنگ،

وەک مردنێک لە دایک بووم

کە چاوم ھەڵێنا

بۆ یەکەم جار شارم بینی

شار ھیچ زمانێکی نییە

ئەوەی دەیزانێ

تەنێ تەنھاییە


ئەم بابەتە 118 جار خوێندراوەتەوە