Syamand1.jpg

ژیانی نووسین، ئاشنابوون بە ئەزموونی چەند نووسەرێکی جیهانی

سیامەند هادی

لە خوێندنەوەی بەرهەمێکدا، زۆرجار دەگوترێت ئەوەی بابەتی سەرەکی و جێگەی گرنگییە بەتەنها خودی بەرهەمەکەیە. بەو مانایەی ناکرێت خوێنەر بۆ نموونە لە کاتی خوێدنەوەی ڕۆمانێکدا، بکەوێتە ژێر کاریگەریی هیچ ئاماژە و بابەتێکی دەرەوەی دەقەکەوە. سەرەڕای ئەم ڕاستییەش، زۆربەی کات خوێنەر کاتێک بەرهەمی نووسەرێک دەخوێنێتەوە، حەز دەکات زانیاری لەسەر ژیانی نووسەرەکە و ڕوانینەکانی بزانێت، هەربۆیە زانیاری لەسەر ئەو نووسەرە کۆدەکاتەوە کە بەرهەمەکانی دەخوێنێتەوە. ئێمە لە ڕێگەی چاوپێکەوتن و وتاری نووسەرانەوە، شارەزای ئەزموون و ڕوانین و بیرکردنەوەی ئەو نووسەرانە دەبین، کە بۆ تێگەیشتن لە هێڵی ئیشکردنیان تا ڕادەیەک کۆمەکمان دەکات. کتێبی (ژیانی نووسین) وتاری چەند نووسەرێکی لەخۆگرتووە، کە دەربارەی ئەزموونی نووسینی خۆیان دەدێن. ئەو نووسەرانەش بریتین لە (ئیدواردۆ گالیانۆ، ئەلیف شەفەق، ئۆرهان پاموک، ئیزابێل ئەلێندی، رۆبێرتۆ پۆلانیۆ، کازو ئیشیگۆرۆ، ماریۆ ڤارگاس یۆسا، هاروکی موراکامی، یان ماتل).

ئەوانەی گرنگی بە کتێب دەدەن و بەرهەمی چەند نووسەرێک دەخوێننەوە، زۆرجار حەز دەکەن هەندێک زانیاری تایبەتی لەسەر ئەزموون و چۆنێتی نووسینی ئەو نووسەرانە بزانن. ئەو زانیاریانەش وەک: کەی دەنووسیت؟ لە کوێدا دەنووسیت؟ بۆ کێ دەنووسیت؟ چی دەنووسیت؟ کەی دەستت بە نووسین کردووە؟ ئەم کتێبە تاڕادەیەک وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە و تێیدا ئەو نووسەرانەی ئاماژەمان پێدان، لەسەر ئەزموون و بوون بە نووسەر و بەرهەمانیان قسە دەکەن. بۆ نموونە (رۆبێرتۆ پۆلانیۆ) لە سەرەتای وتارەکەیدا باسی نامۆبوونی نووسەر دەکات لە دەوروبەرەکەی، ئەو پێی وایە کە ئەدەب بەگشتی نامۆیی لەنێو خۆیدا هەڵگرتووە و بە هیچ شێوەیەک نامۆبوونی نووسەر پەیوەندی بە جوگرافیاوە نییە. دەکرێت نووسەرێک بەردەوام نامۆ بێت، بێ ئەوەی لە ژیانیدا لە وڵاتەکەی خۆی چووبێتە دەرەوە. ئەو دەڵێت (هەموو نووسەرێک نامۆیە، بەتەنها لەبەر ئەوەی چووەتە نێو ئەدەبەوە. هەموو خوێنەرێکیش نامۆیە، بەتەنها لەبەر ئەوەی کتێب دەکاتەوە-٧٧).

نووسەری ڕاستەقینە ناکەوێتە ژێر کاریگەریی هیچ سۆز و پاڵنەرێکی دەرەکییەوە، بەڵکو ئەوەی خۆی بڕوای پێیەتی و لەبەرچاوی وەک ڕاستی دەردەکەوێت، ئەو گوزارشتی لێ دەکات. پۆلانیۆ لە وتارەکەیدا باسی شاعیرێکی ئیسپانیمان بۆ دەکات کە ناوی (ئەلۆنسۆ دی ئەرسییا) بووە و ساڵی ١٥٩٤ کۆچی دوایی کردووە. ئەو شاعیرە وەک سەربازێکی ئیسپانی لە چیللی و پیرۆ دژی هیندییە سوورەکان جەنگاوە. دواتر لە ساڵی ١٥٦١ پێش ئەوەی ببێت بە سی ساڵ، دەگەڕێتەوە بۆ مەدرید و لەوێ نیشتەجێ دەبێت. پاش بیست ساڵ داستانی (لا ئەروکانا) بڵاودەکاتەوە. لەو داستانە شیعرییەدا باس لە پێکدادانی نێوان ئیسپانییەکان و هیندییە سوورەکان دەکات، لەوێدا بە ئاشکرا سۆزی خۆی بۆ هیندییە سوورەکان دەربڕیوە، لە کاتێکدا پێشتر ئەو وەک دوژمن تەماشای کردوون و لە جەنگدا بووە دژی هیندییە سوورەکان.

ئەو نووسەرانەی لەم کتێبەدا دەدوێن، باس لە ئەزموونی نووسینی خۆیان دەکەن. خوێندنەوە و گەڕان و سەرەتای بوون بە نووسەر و چۆنێتی نووسینی بەرهەمەکانیان. هەندێک لە خوێنەران و نووسەرانی ئێمە بەشێوەیەک وێنای ئەتمۆسفێری ژیان و چۆنێتی نووسینی نووسەرانی جیهان دەکەن، وەک ئەوەی ئەوان لە ژیانێکی شاهانەدا بووبێتن و هیچ کێشەیەکیان نەبووبێت و سەرقاڵ نەبووبن بە بابەتە ڕووتینەکانی دەوروبەرەوە، ئەوان لە کەشێکی جوان و خۆشدا دانیشتوون و نووسیویانە. ڕەنگە ئەم شێوە وێناکردنە بۆ هەندێک نووسەری زۆر کەمی جیهانی ڕاست بێت، بەڵام پاش بڕینی ژیانێکی سەخت و ئەزموونێکی پڕ داهێنان. واتا دوای تەمەنێکی پڕ لە هەوڵ و داهێنان و خۆماندووکردن و خۆڕاگریی گەیشتنوونەتە ئەو شوێنە. لەم کتێبەدا ئەگەر تەماشای بابەتەکەی (ئیزابێل ئەلێندی) بکەین، بەتەواوی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەم نووسەرە بە چ قوناغێکی سەختدا تێپەڕیوە و چ ژیانێکی پڕ کێشە و گرفتی هەبووە. لە هەندێک قۆناغی ژیانیدا کێشەی زۆر گەورەی هەبووە، بەڵام بە ئارامی و خوێندنەوەیەکی زۆر خۆی لە کێشە دەروونییەکانی ڕزگار کردووە. دواتر بە نووسین وەڵامی هەموو ئەو ئاستەنگانەی داوەتەوە، کە هاتوونەتە ڕێی.

بێگومان نووسەر دەبێت بەردەوام بخوێنێتەوە و بنووسێت، کاتێک بیرۆکەی بابەتێکی هەیە، پێویستە بڕیار بدات و خۆی بۆ نووسینی ئەو بابەتە تەرخان بکات، چونکە نووسین بڕیاردان و خۆتەرخانکردنی دەوێت. ئەوانەی خۆیان لەنێو ژیانی دەرەوەدا بەتەواوی سەرقاڵ دەکەن و کاتێکی زۆر بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی تەرخان دەکەن، ناتوانن بەشێوەیەکی تەواو خۆیان بۆ نووسین تەرخان بکەن و هەموو ئەو خەونانەی هەیانە، بە نووسین بیهێننە دی. (ئیشیگۆرۆ) لەم کتێبەدا کە باسی ئەزموونی نووسینی خۆی دەکات، لە شوێنێکدا دەڵێت (کاتێک بڕیارمدا ڕۆمانی کۆتەڵی ڕۆژ بنووسم، کاتم بۆ تەرخان کرد و ڕۆژانە بەردەوام دەمنووسی، هەربۆیە ڕۆمانەکەم بە چوار هەفتە تەواو کرد).

* حياة الكتابة.. مقالات مترجمة عن الكتابة- اعداد وترجمة: عبدالله الزماي- مسكيلياني للنشر والتوزيع- الطبعة الاولى- تونس 2018.

Zhyani nwsin


ئەم بابەتە 55 جار خوێندراوەتەوە