Gaziza.jpg

شانۆیی وەک قەقنەس دەسووتێم له‌ نمایش ده‌كرێت

 
بەڕێوەبەرایەتی شانۆی هەولێر میوانداری گروپی شانۆی هەوار دەکات به‌مه‌به‌ستى نمایشكردنى شانۆیی (وەک قەقنەس دەسووتێم).
وابڕیاره‌ رۆژی چوارشەممە 30/6/2021 كاژێر (6)ى ئێوارە لەسەر شانۆی هۆڵی له‌ بەڕێوەبەرایەتی شانۆی هەولێر شانۆیی (وەک قەقنەس دەسووتێم)  له‌ نووسینی (گەزیزە عومەر) نمایشبكرێت.
شانۆكه‌ له‌ سینۆگرافیا و دەرهێنانی (نەژاد نەجم)ه‌و (هه‌وار فارس) وه‌ك ئه‌كته‌ر رۆڵى تێداده‌بینێت، پێشتریش شانۆكه‌ وه‌كو كتێبێك لە ڕۆژی جیهانیی شانۆوە له‌ 27/3/2020 له‌لایه‌ن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپكراوه‌.
هونه‌رمه‌ند (گەزیزە عومەر) پێشتر له‌شێوه‌ى وتارێك به‌هه‌مان ناونیشان بابه‌تێكى نوسیوه‌ و تیایدا هاتووه‌:
وەک قەقنەس دەسووتێم
 

زۆرن ئەو ڕۆژانەی کە لاپەڕەکانی ژیانی منیان لە شانۆ و هونەردا بە چەندەها شێوە پڕ کردووەتەوە، ڕەنگە ئەگەر ژیانی خۆم بکەم بە پێنچ بەشەوە، ئەوا چوار بەشیم لەنێو کووچە تەنگەبەرەکان و شەقامەکانی شانۆدا بەسەر بردبێت، هەڵبەتە کە دەڵیم شانۆ جگە لە نواندنی سەر شانۆ، نووسین و دەرهێنان و بەرنامەی ئێزگە و تەلەڤزیۆن و بە هەموو ڕۆژانی سەفەری ئیشی هونەری و بەشداریکردنم لەنێو فیستیڤاڵەکان و ساڵانی خوێندنی هونەری شانۆ لە زانکۆی بەغدا و مامۆستایەتیم لەنێو پۆلەکانی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانیشەوە، بۆیە کە پەڕەکانی هەڵدەدەمەوە، وەک ئەلبوومێکی گەلێ جار رەنگاوڕەنگ و هەندێ جاریش رەش وەک قەتران، ڕەنگە نەتوانم هەندێکیان بنووسمەوە، تەنانەت نامەوێت بۆ خۆشمی بگێڕمەوە، نەوەکوو لەبەر ئەوەی ناشیرین بوون، تەنیا بە خاتری ئەوەی کە لە سات و کاتی خۆیدا ڕۆحمیان ئازار داوە و کاریگەریی نادروستیان تێ کردووم، بە جۆرێک لەو چرکانەدا دڵمیان وەک بێژنگ کون کون کردووە.

هەموو ساتەکانی هونەر و شانۆ بۆ من ئەو شەوانەی کە دڵخۆش بووم بە سەرکەوتنی کارەکەم لە خۆشیدا نەنووستووم و ئەو شەوانەشی کە سەختی و کۆسپە گەورەکان و کێشەکان لوولیان کردووم، لە خەم و ئازاردا هەر نەنووستووم، کەواتە زۆر کەم بوون ئەو شەوانەی کە بەئارامی خەوم لێ کەوتبێت، ئەو یادەوەرییانە لای من ئەو لاپەڕانەن کە خوێندکارێکی تەمەڵ چەندەها جار نووسینەکەی دەکوژێنێتەوە و دیسان دەینووسێتەوە تا وای لێ دێت لاپەڕەکە زۆر چڵکن دەردەکەوێت و ئیدی هەرچییەکیشی لەسەر بنووسیت بە ئاستەمیش ناخوێنرێتەوە، بۆ من ئەو ساتانە ئاوا بوون، کەچی لە گەڵ ئەوەشدا ئەوەندە تاڵ بوون هێندەی تاڵییەکەشیان فێری جوانیی ژیانیان کردووم، فێریان کردووم لێبوردە و دڵگەورە بم، فێریان کردووم زۆرتر ببینم و کەمتر بدوێم، گەلێکیشیان ئەوەندە جوان بوون دەمەوێت سەردێڕی هەموو نووسینەکان بەوانە بڕازێنمەوە، یان بیانکەمە گۆرانی و بۆ خۆمی بڵێمەوە، یان وەک مورووی ڕەنگاوڕەنگی بریقەدار بیانکەمە ملوانکە و بەردەوام لە ملیان بکەم.

ئەوانە زۆرینەیان ئەو ڕۆژانە بوون کە بە هاوڕێیەتیی باوکی ڕەحمەتیم بەسەرم دەبرد بۆ هەولێر و کەرکووک و بەغدا، ڕۆژانێک بوو هیچ کات دڵەڕاوکێ و ترس و خیانەتی تێدا نەبوو، پاشقول و مل شکاندنی لەدواوە نەبوو، ئە و ڕۆژانە ڕۆژانی هاوڕێیەتیی باوک و کچێک بوو کە وەک شینی ئاسمانێک ساماڵ و بێ گەرد بوو، وەک پەڕەی ڕومەتی کۆرپەیەکی ساوا ناسک و تەنک بوو، وەک ئاوی سازگاری نێو پەرداخێکی کریستاڵ بریقەدار بوو، وەک دڵۆپە شەونمی سەر گەڵایەکی سەوز تیشکدار بوو، چونکە دواتر لە شانۆدا بە ئاستەم ئەو سات و کاتانەم دووبارە دەبوونەوە، هەمیشە هەوڵ و ڕاکردن و ماندووبوون بوو لەسەر زەوی و بڕینی سنوورەکانی دونیا لەناو پەڵەی هەور و بەرزاییەکانی ئاسماندا، شانۆ بە کۆڵمەوە بوو، تا ئەو ڕۆژەی لە فیستیڤاڵی شانۆی ئامەد لە ٢٠١٢ بۆ یەکەم جار دووەمین خەڵاتی دەقی کوردیم پێ بەخشرا لە دەقی شانۆیی (وەک قەقنەس دەسووتێم) کە دەقێکی مۆنۆدراما بوو، لەو ساتەدا هەستم بە بێگەردییەکەی ڕۆژانی ڕابردوو کردەوە، چونکە لە یەکێک لە دایەلۆگەکانی دەقەکەدا شیوەنی خۆمە بۆ کۆچی باوکم، کە چەند بە دڵێکی حەسرەتەوە باس لە خاوێنیی کفنی هونەرمەند دەکەم لەسەر زاری کەسایەتییەکەوە، بەدرێژایی ئە و ڕێگایە من هەستم دەکرد لەگەڵ باوکمم، لە هەموو لایەکەوە دەستی گرتووم، وەک منداڵەکەی جاران دەملاوێنێ و قسەی خۆشم بۆ دەکات.

Gaziza1


ئەم بابەتە 73 جار خوێندراوەتەوە