Bawar.jpg

با ئاوڕێک لە (چیرۆک یان نۆڤلێتی چەكووشەكە)یش بدەینەوە

بوار نورده‌ین

ئەم کتێبە بەهار ئیبراهیم نووسیویەتی.

ئەم خاتوونە بۆ کتێبخانەی گشتیی سلێمانی ھاتبوو، تا کەسێک ھاوکاریی ئامادەکردن و چاپکردنی بکات، ئەو کات خەریکی تەواوکردنی پڕۆژەی بیبلیۆگرافیای کورد و کوردستان بووم، بەڵام ھەر ھاوکاریشم کرد، بە پێداچوونەوە و سەرپەرشتیی چاپکردن.

ڕەوشت محەمەد دیزاینى بەرگ و ناوەوەی کردووە، ساڵی ٢٠١٥ بە تیراژی ٥٠٠ دانە لە چاپخانەی کارۆ لە سلێمانی چاپکراوە و ژمارەی سپاردنی ١٧٧٧ ساڵی ٢٠١٥ی پێ دراوه.

لە پێشەکییەکەیدا نووسراوە: نووسین بە گشتی و نووسینی چیرۆك بە تایبەتی، بەهرەیەكە لە ئەنجامی بیركردنەوە و بەسەرهاتی خۆش و ناخۆشدا پەیدا دەبێت، مەرجیش نییە هەموو ئەوانەی دەنووسن، نووسەر بن و بە شێوەیەكی كارامە ئەركەكەیان جێبەجێ‌ بكەن.

گەلی كورد، بە درێژایی مێژوو، كۆمەڵێك قۆناغی سەختی بڕیوە، ئەمەیش كاری كردووەتە سەر بیرەوەریی مرۆڤی كورد و هەندێكیان ناچاربوون بە هەر شێوەیەك بێت، بەشێك لە ژیانی خۆیان یاداشت بكەن، ئەم چیرۆكەیش پەنایەكی بچووكی ئەم مێژووەیە.  

ئەم یادەوەرییە چیرۆكە، تێكەڵە لە ڕووداوی خەڵك، كە هەندێكیان ڕووداوی ڕاستەقینە و هەندێكیشیان خۆم نووسیومن. چیرۆكەكە باس لە ژیانی قوتابییەكی كۆتایی ساڵانی حەفتای سەدەی بیست دەكات، سەردەمێك كە ڕژێمی بەعس فەرمانڕەوایەتیی باشووری كوردسانی دەكرد. هەروەها باس لە هەندێ بەسەرهاتی نەتەوە و خێزانی كوردیش دەكات.

هەروەها لە لاپەڕە ١٥دا نووسراوە: بە كاكی شۆفێرم گوت، كەمێك ئۆتۆمبێلەكە بووەستێنێت، لە ئۆتۆمبێلەكە هاتمە خوارەوە، نازانم كات چەند بوو، وامدەزانی هێشتا خەو دەبینم، چی ببینم، سلێمانی لە خەوێكی قووڵدا بوو، هەروەكوو شۆخێك ڕاكشابێ و سەری خستبێتە سەر شاخی گۆیژە، بە كراس و كەوای ڕەشی پوولەكەوە، كە زنجیر و گەردانەی تەڵای زەرد، لە قەد و مل و گەردنی ئاڵابوو، بەرامبەر ڕەشیی ئاسمانی پڕ لە ئەستێرە و مانگ، لە جوانیدا كێبڕكێى بوو. هەر دوو بەرامبەر یەك ورشەیان دەدا و دەبریسكانەوە.

كەوتمە گومانەوە، ڕەنگە شار بووبێتە دەریایەك، یان ئاوێنەیەك، كە ئێستا ئاسمان خەریكی سەیركردن و خۆڕازاندنەوەی خۆیەتی تێیدا، یان ئاسمان بووبێتە ئاوێنەیەك بۆ ئەم شارە، بەڵام زوو پەشیمان بوومەوە لەوە و گوتم: ئەگەر ئاسمان ئاوێنە بوایە بۆ شار، ئەی سەر و پەرچەم و لاگیرەی تەڵا چی بەسەرهات؟ نا ئەمە شارە خۆشەویستەكەمە.

ئەم چیرۆکە لە بردنی چەکووشێکەوە دەست پێ دەکات، کە خوێندکارێک لە ماڵەوە بۆ قوتابخانەی دەبات... ھیوادارم کاتی خوێندنەوەیتان ھەبێت.


ئەم بابەتە 145 جار خوێندراوەتەوە