Roza.jpg

کچە گێلەکە

ئەنتوان چیخۆف - وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: رۆزا حەمە ساڵح

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر یولیا فاسیلیفنا-ی دایەنی منداڵە‌كانم بۆ کتێبخانەکەم بانگ کرد بۆ ئەوەی مووچەی مانگانەکەی بدمێ. پێمگوت" یولیا،  وەرە دانیشە‌.. با حە‌ق و حساب بكە‌ین.. تۆ زۆر جار پێویستت بە پارەیە‌، بەڵام ئە‌وە‌ندە‌ شەرمنیت تا ئە‌و جێگەیەی کە خودی خۆت داوای پارە‌ ناكە‌یت.."

زۆر باشه.. ئێمە واڕێكە‌وتبووین كە‌ مانگانە سی ڕۆبلت بدەمێ.

گوتی: چل ڕۆبل

گوتم : نە‌خێر ، سی .. ئەمە لای من تۆمارکراوە.. من هەمیشە سی ڕۆبلم داوەتە دایەنەکان.. باشە‌.. تۆ دوو مانگە لای ئێمە دەستت بە کار کردووە.

گوتی: دوو مانگ و پێنج ڕۆژە‌.                                                              

گوتم : ڕێک دوو مانگە .. من بەو شێوەیە تۆمارم کردووە، کەواتە تۆ شایەنی شەست ڕۆبلی.. نۆ ڕۆژی یەک شەممانی لێدە‌بڕم.. چونکە تۆ لە ڕۆژی یەکشەممان  (کۆلیا)ت  فێر نەدەکرد، بەڵکوو تەنها بۆ گە‌ڕان لەگەڵیدا دەرۆیشتیە دە‌رە‌وە‌.. پاشان سێ ڕۆژی جە‌ژنیش..

دەموچاوی  (یولیا ڤاسیلیڤنا) تێکچوو، بە پەنچەکانیشی یاری بە‌ چەمکی عەزێکەی بە‌ری دەکرد، بەڵام هیچ وشە‌یە‌كی نەوت..

بە‌ردە‌وامبووم: سێ ڕۆژی جە‌ژنی لێدە‌بڕین، كە‌واتا تێكڕای پارە‌كە‌ دە‌بێت بە‌ دوانزە ڕۆبل.. (كولیا)ش چوار ڕۆژ نە‌خۆشبوو، هیچی نەخوێند.. بە‌ تە‌نھا وانە‌ت بە‌ (فاریا) دە‌وتە‌وە‌.. سێ ڕۆژیش ئازاری ددانە‌كانت ھە‌بوو، ھاوژینە‌كە‌م ڕێگە‌ی پێدایت کە لە‌ دوای نان خواردنی نیوە‌ڕۆ وانە‌ نە‌ڵێیتە‌وە‌.. كە‌ واتا دوانزە‌ ڕۆژ لە‌ گە‌ڵ حە‌وت ڕۆژدا كۆبكە‌رە‌وە‌، دە‌بێت بە‌ نۆزدە‌ ڕۆژ، ئەو نۆزدە رۆژە  دە‌بڕین.. باقیە‌كە‌ی چل و یە‌ك ڕۆبلە‌، تە‌واوە‌؟

چاوی چەپی (یولیا ڤاسیلیڤنا) سور بووەوە و پڕ بوو لە فرمێسك، چەناگەی کەوتە لە‌رزین، نیگەران  بوو، بە‌ توندی کۆخی و لوتی سڕی، بەڵام ھیچ وشە‌یە‌كی نە‌وت..

گوتم: پێش سەری ساڵ کوپێک و قاپێکت شکاند..دوو ڕۆبلی دیكە‌ت لێدە‌بڕم.. كوپە‌كە‌ زۆر لە‌و نرخە‌ گرانترە‌، چونكە‌ لە‌ وەرەسە‌ بۆمان ماوە‌تە‌وە‌، بە‌ڵام خوا لێت خۆشبێت! وە‌ پاداشتی ئێمە‌ش بداتە‌وە‌..

وە‌ بە‌ھۆی كە‌متە‌رخە‌می تۆوە‌، (كولیا) بە‌ درختە‌كە‌دا هەڵگەڕا و چاكە‌تە‌كە‌ی دڕا.. دە‌ ڕوبلی دیكە‌ دە‌بڕین..وە‌ دیسانە‌وە‌ بە‌ ھۆی كە‌متە‌رخە‌می تۆوە‌ خزمە‌تدارە‌كە‌ جووتێ پێڵاوی لە‌ ( فاریا) دزی.. ئەوە ئە‌ركی تۆیە‌ كە‌ ئاگات لە‌ ھە‌موو شتێك بێت، چونكە‌ تۆ مووچە‌ وە‌ردە‌گریت.. وە بەو هۆیەشەوە پێنج ڕۆبلی دیكە‌ دە‌بڕین.. لە‌ (10) مانگی کانوونی دووەمیش دە‌ ڕۆبڵت لێوە‌رگرتم.

يوليا بە دەنگێکی نزمەوە  گوتی: هیچم وەرنەگرتووە.

گوتم: بەڵام ئەوە لای من تۆمار کراوە.

گوتی: باشە، با وابێت.

بەردەوامبووم: لە چل ویەک ڕۆبلەکە، بیست و حەوتی لێدەبڕین… باقیەکەی چواردە دەکات.

چاوەکانی پڕبوون لە فرمێسک..  دڵۆپەی عارق لە سەر لوتە درێژە جوانەکەی دەرکەوت..  ئای چ کچێکی داماوە.

بە دەنگێکی پچڕ پچڕە‌وە‌ گوتی: تەنیا یەک جار سێ رۆبلم لە بەڕێزتان وەرگرتووە... لەوە زیاتر هیچی دیکەم وەرنەگرتووە.

گوتم: بە‌ڕاست؟ تە‌ماشاكە‌، من ئە‌وە‌شم تۆمار نە‌كردووە‌! كە‌واتا لە‌ چواردە‌كە‌ سێی دیکەی لێدە‌بڕین، دە‌مێنێتە‌وە یانزە ڕۆبل.. ئە‌زیزم ئە‌وە‌ پارە‌كە‌تە‌ بیگرە‌! سێ..سێ..سێ..یە‌ك، یە‌ك.. فە‌رموو.

یازدە‌ ڕۆبلم دایە دەستی..  بە‌ دە‌ستێكی لەرزۆکەوە لێیوە‌رگرتم و خستیە‌ گیرفانی..

بە دەنگێکی نزمەوە پێیگوتم: سپاس

هەستامە سەرپێ و لە ناو ژورەکەدا دەستمکرد بە هاتووچۆ، توڕەیی دایگرتبووم.

لێمپرسی: بۆ چی سپاسم دەکەیت؟

گوتی: بۆ پارەکە.

گوتم: ئەی ئبلیس، بەڵام من  فێڵم لێکردیت.. تاڵانم کردیت، پارەم لێ دزیت! لە پای چی سپاسم دەکەیت!

گوتی: لە شوێنانی دیکە کاتێک کارم کردووە هیچیان پێ نەداوم.

گوتم: پێیان نەداوی؟! ئایا ئەمە شتێکی نامۆ نییە! من گاڵتەم لە گەڵ کردی، وانەیەکی قورسم فێرکردیت.. پارەکەت دەدەمێ،  هەشتا ڕۆبل، هەمووی لەم زەرفیەدایە بۆم حازر کردویت!

بەڵام ئایا دەکرێ تا ئەم رادەیە بێ دەسەڵات و  دەستەپاچە بیت؟ بۆچی ناڕەزای دەرنابڕیت؟ بۆچی بێدەنگیت؟ ئایا دەکرێ لەم دونیایەدا کەڵبەیەکی تیژت نەبیت؟  دەکرێ هەتا ئەم رادەیە ئەوەندە گێل بیت؟

وەک کەسێک كە‌ كە‌موكورتییە‌كی ھە‌بێت زەردەخەندەیەکی کرد، لە ڕوخساریم خوێندە‌وە‌: لە‌وانە‌یە‌ بتوانم كە‌ داوای لێخۆشبوونی لێبكە‌م بۆ  ئەو وانە قورسە،  پارە‌كە‌م دایە دەست، بە سەرسوڕمانیە‌كی زۆرەوە تە‌ماشای كرد، گوتی: هەشتا ڕۆبلەکە  ھە‌موویە‌تی..

بە شەرمەوە سوپاسی کردم و چووە دەرەوە.. لە دواوە تەماشام کرد و بیرم کردەوە و لە ناخی خۆمدا گوتم:

چە‌ند ناشرینە‌  لەم دونیایەدا  مرۆڤ ئە‌وە‌ندە‌  بێ دەسەڵات و لاواز بێت.


ئەم بابەتە 622 جار خوێندراوەتەوە