Nwsaranyrws.jpg

تراژیدیای نووسەرانی ڕووس

سیامه‌ند هادى

بێگومان لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە، خوێنەری ئێمە بە کارەکانی چەند نووسەرێکی ڕووس ئاشنایە، بەڵام ئەو ئاشنابوونە هەندێک جار زۆر بە وردی نەبووە، یان هەندێک جار سەرنجەکە زیاتر لەسەر چەند نووسەرێک بووە. ڕاستە بەرهەمەکانی پوشکین و دۆستۆیڤسکی و تۆڵستۆی و چیخۆف و گۆرکی و چەند ناوێکی تر کراونەتە کوردی، بەڵام چەندین ناوی گرنگ و خاوەنی پێگەی گەورەی ئەدەبی هەیە لەنێو ئەدەبی ڕووسیدا، کە ئێمە پێیان ئاشنا نین. بۆ نموونە نووسەرانی وەک (ئیزاک بابل، زۆشینکۆ، ئانا ئاخماتۆڤا، یەڤگینی یەڤتۆشینکۆ، ڤاسیلی ئەکسیۆنۆڤ....).

نووسەرانی ڕووس چ لە سەردەمی تزار و چ لە سەردەمی سۆڤیەتدا ڕۆڵێکی گەورەیان لە بانگەوازی ئازادی و ڕەخنەگرتن لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەو وڵاتەدا بینیوە و بوونەتە پێشەنگی دەنگی ئازادی و پاراستنی کەرامەتی تاکی ڕووسی. (پوشکین و لێرمەنتۆڤ و گۆگۆڵ و تۆڵستۆی و دۆستۆیڤسکی و چیخۆڤ و بوونین) زۆر بە وردی گوزارشتیان لە واقیعی وڵاتەکەیان کردووە و وێنەی ڕاستەقینەی ژیانی کۆمەڵیان وێنا کردووە. بەرهەمەکانی ئەو نووسەرانە و چەند نووسەرێکی دیکەش، بوونە ناسنامەی ڕاستەقینەی ڕوانین و گرفتەکانی کۆمەڵ و تاکی ڕووسی، بەشێوەیەک لە ڕێگەی کارەکانی ئەوانەوە، دەتوانین لە ئازار و خەونەکانی ئەو کۆمەڵە تێبگەین. ئەو شێوە کارکردنەش بەردەوام کێشەی بۆ دەسەڵات دروست کردووە، هەربۆیە بە هەموو شێوەیەک هەوڵیان داوە ئەو دەنگانە سەرکوت بکەن.

کتێبی (تراژیدیای نووسەرانی ڕووس) وێنەیەکی ڕوونی واقیع و پێگەی ئەدەبی ڕووسیمان پێ دەناسێنێ، کە بە چ شێوەیەک ئەو ئەدەبە بەردەوامی بەخۆی داوە و توانیویەتی بە هەموو توانایەکیەوە لەسەر پێکانی خۆی بوەستێت و بۆ هەتایە بە نەمریی بمێنێتەوە. لەم کتێبەدا جگە لە ناسینی چەند نووسەرێکی ڕووس، کە پێشتر بەو شێوەیە نەمان ناسیون، ئاشنا دەبین بە ڕەوشی ژیانی کۆمەڵ و هەموو ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە. جگە لە چەند قۆناغێکی ئەدەبی ڕووسی و باسکردنی چەند نووسەرێک، ئەم بەرهەمە بەشێوەیەکی ورد و تایبەت لەسەر چەند نووسەرێک دەوەستێت، ئەوانیش وەک (مەکسیم گۆرکی، ئیزاک بابل، ئۆسیپ ماندڵشتام، میخایل زۆشینکۆ، ئانا ئاخماتۆڤا، قوستەنتین پاوستۆڤسکی، یەڤگینی یەڤتۆشینکۆ، ڤاسیلی ئەکسیۆنۆڤ). لە باسکردنی ئەم نووسەرانەشدا بەهۆی ئاگاداری وردی نووسەری ئەم کتبێبەوە (د. جەودەت هۆشیار) لە ئەدەبی ڕووسی، زۆر جار ڕوانینی پێشینەمان لەسەر هەندێک نووسەر دەگۆڕێت. ئەگەر بە وردی ئاگاداری ژیان و بەرهەمەکانی نووسەرێکی وەک (مەکسیم گۆرکی) نەبین، وا دەزانین کە ئەم نووسەرە لە سەرەتاوە تا کۆتایی ژیانی لایەنگر و پشتیوانی شۆڕشی بەلشەفی و دواتریش دەسەڵاتی سۆڤیەت بووە، بەڵام ئەم کتێبە ئەو شێوە ڕوانینەمان بۆ ئەو نووسەرە دەگۆڕێت، چونکە لێرەدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە (مەکسیم گۆرکی) وەک زۆرێک لە نووسەران و خەڵکی ڕووسیا لە سەرەتادا پشتگیری شۆڕشی کردووە و لە سەردەمی (لینین)یشدا بە هەمان شێوە بووە، بەڵام کاتێک (ستالین) دەسەڵاتی گرتە دەست و بە شێوەیەکی دڕندانە کەوتە سەرکوتکردنی نەیاران و بەتەواوی دەنگی ئازادی لە وڵاتدا خنکاند، گۆرکی لە هەڵوێست و بەرهەمەکانیدا پاشەکشەی لەو پشتگیرییە کرد و وردە وردە خۆی لێ دوورخستەوە. گۆرکی خاوەنی ڕۆمانی (دایک)ە، ئەو ڕۆمانەی لینین لەبارەیەوە دەڵێت (دایک-ی گۆرکی چەند ساڵیک شۆڕشی بەلشەفی پێشخست). هەندێک لەو کەسانەی خۆیان لە دەسەڵات نزیک دەخستەوە، وەک ئاماژەیەک بە ڕۆمانی دایک، نازناوی باوکی سۆڤیەتیان بە ستالین بەخشیبووە. دەڵێن ڕۆژێک ستالین بە گۆرکی وتووە: هاوڕێ گۆرکی تۆ ساڵانێک بەر لە ئێستا دایکت نووسی، پێت وا نییە کاتی ئەوە هاتووە باوکیش بنووسیت؟ گۆرکیش وتبووی: ئەم گەلە هێشتا بێ باوکە. ئەم وەڵامە لەسەر دڵی ستالین زۆر قورس دەبێت، ئیدی کوڕەکەی گۆرکی بەفێڵ دەکوژن و خۆیشی لە دۆخێکی تەمومژاویدا دەمرێت.

بەهۆی ئەو ستەمکارییەی سەردەمی ستالینەوە، هەموو ئەو نووسەرانەی ملیان بۆ دەسەڵاتی دەوڵەتی بەلشەفی کەچ نەدەکرد، یان هەڵدەهاتن و ئاوارەی وڵاتان دەبوون، یان ڕووبەڕووی سزا دەبوونەوە. هەندێک نووسەریش ئەو دۆخەیان پێ قبوڵ نەدەکرا و خۆیان دەکوشت. یەسنینی شاعیر بەرگەی ئەو دۆخەی نەگرت و ساڵی ١٩٢٥ لە تەمەنی سی ساڵیدا لە ئوتێلێکدا خۆی خنکاند. نائومێدی مایکۆڤسکی گرتەوە و تووشی ئەوپەڕی خەمۆکی بوو، لە ئاکامدا گوللەیەکی نا بەسەری خۆیەوە. شاعیری ناودار مارینا تسڤیتایڤا بەو گوریسەی پاسترناک لە وێستگەی شەمەندەفەر دای پێی تا جانتاکەی پێ ببەستێت، خۆی خنکاند. بۆریس بیلیتیاک و ئیزاک بابل لە ئەنجامی تۆمەتی هەڵبەستراو، فەرمانی لە سێدارەیان بەسەردا درا. دوای مردنی ستالین لە ساڵی ١٩٥٣دا ئاشکرا بوو بابل بە تۆمەتی هەڵبەستراو پاش دادگاییەکی درۆینە کە تەنها بیست خولەکی خایاندووە، لە بەرەبەیانی ٢٧ی کانوونی دووەمی ١٩٤٠دا گوللەباران کراوە. ئۆسیپ ماندڵشتام لە سۆنگەی هۆنراوەیەکەوە لەسەر ستالین، دەستگیر کرا و لە یەکێک لە گرتووخانە تۆقێنەرەکانی ستالیندا لەوپەڕی سیبریا ساڵی ١٩٣٨ لە دۆخێکی تەمومژاویدا مرد و کەس نازانێت لەکوێ نێژراوە.

ئەوە چەند نموونەیەک بوون لەو کارەساتانەی ڕووبەڕووی نووسەران دەبوونەوە، ئەو نووسەرانەی ئازادانە بیریان دەکردەوە و بەردەوام لەگەڵ ئازار و کێشەکانی میللەتەکەیاندا بوون. سەرەڕای ئەو ستەمکارییەش، ئەو نووسەرانە دەستبەرداری ڕوانین و بانگەوازە ئازادیخوازەکانی خۆیان نەبوون و بەردەوام بوون لەسەر ئەو کارەی بڕوایان پێ بووە. لە سەرەتای سییەکاندا دەوڵەت دەستی بەسەر چاپخانە و ڕۆژنامەگەریدا گرت و دەزگا تایبەتەکانی چاپکردنی داخست. بێگومان ئەو دەسەڵاتانەی لەسەر بنەمای ستەمکاری دامەزراون، دەیانەوێت هەموو ناوەندە هونەری و ئەدەبییەکان بخەنە ژێر چاودێری خۆیانەوە و بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان بەکاریان بهێنن. هەربۆیە ئەو جۆرە دەسەڵاتانە خۆیان ڕێکخراوەکانی نووسەران و ڕێکخراوە پیشەییەکان دادەنێن و کەسانی سەر بەخۆیان دەکەن بە لێپرسراوی ئەو شوێنانە. هەر دەسەڵاتێک بڕوای بە ئازادی و دیموکراسی هەبێت، دەست ناخاتە کاری ئەو ڕێکخراوانەوە. بە پێچەوانەی نووسەرانی ئازادیخوازەوە، ئەو نووسەرانەی ملکەچی دەسەڵات بوون و بە خواستی حیزب دەجوڵانەوە، لە ڕووی ماددی و مانەوییەوە ڕێزیان لێ دەنرا و خەڵاتی ئەدەبی و مەدالیا و ئاپارتمان و خانوویان لەسەر ڕۆخی دەریا وەک نووسینگە دوور لە ژاوەژاوی شار پێ دەبەخشرا.

لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە، جگە لە ئاشنابوون بە سەردەمێکی درێژی ئەدەبی ڕووسی و تراژیدیای چەند نووسەرێک لە سایەی دەسەڵاتی ستەمکاریدا، بە توانا و شارەزایی نووسەرێکی وەک (د. جەودەت هۆشیار) ئاشنا دەبین، ئەوەش بەهۆی هەوڵ و زمانە جوان و ڕەوانەکەی وەرگێڕی بەتوانا و پڕکار (سەباح ئیسماعیل)ەوەیە، کە بە زمانێکی زۆر ڕوون و بێ گرێوگۆڵ ئەم کتێبەی کردووە بە کوردی.

* تراژیدیای نووسەرانی ڕووس- د. جەودەت هۆشیار- وەرگێڕانی: سەباح ئیسماعیل- دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم-چاپی یەکەم- سلێمانی ٢٠٢٠.


ئەم بابەتە 89 جار خوێندراوەتەوە