210881921_4130798943707993_786612396718465102_n.jpg

چۆن ژیان به‌جوانى ببینین؟ له‌ په‌راوێزى كۆڕه‌كه‌ى (د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد)دا

وه‌ك نه‌ریتى رۆژانى شه‌ممه‌ تۆڕى ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 3/7/2021 بنكه‌ى روناكبیریى گه‌لاوێژ كۆڕێكى به‌ ناونیشانى (خوێندنەوەیەکی سۆسیۆئیستاتیکی بۆ جوانی و ناشیرینی) بۆ (د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد) ئه‌نجامدا.

له‌ دوو كاژێردا دواى سه‌رنج و پرسیاره‌كان، پرسیارى زۆر وروژا، له‌به‌ر كاتیش زۆر له‌ ئاماده‌بوان پرسیاریان هه‌بوو، به‌ڵام ده‌رفه‌ت نه‌بوو وه‌ڵامى هه‌موو پرسیاره‌كان وه‌ربگیرێت و وه‌ڵام بدرێنه‌وه‌.

هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی چه‌ند مانگێكه‌ به‌رده‌وام گفتوگۆى هه‌مه‌چه‌شنى تێدا ئه‌نجامده‌درێت، سه‌رنجه‌كان زۆرن، بۆچوونه‌كان هه‌ن، هه‌موان به‌ ئازادى ده‌ریده‌بڕن و ده‌رگاش هه‌میشه‌ كراوه‌یه‌ بۆ ئه‌وانه‌ى ده‌یانه‌وێت له‌م هۆڵه‌ بۆچوونه‌كانیان بخه‌نه‌ڕوو.

د. نه‌واد به‌ وردى باسى له‌ جۆر و چه‌مكه‌‌كانى جوانى و جوانناسى كرد، كه‌ یه‌كه‌میان جوانى له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ هه‌یه‌ و مرۆڤ و سروشت و ده‌وربه‌ر خۆیان جوانن، ئه‌گه‌رچى خاڵى دووه‌م ئه‌م خاڵه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ جوانى ده‌ستكردى مرۆڤ خۆیه‌تى، مرۆڤه‌كان ده‌توانن خۆیان جوان بكه‌ن یاخو ناشیرین، خاڵى سێیه‌م و كۆتایش كه‌س ناشیرین نییه‌، به‌ڵكو هه‌موو مرۆڤه‌كان جوانن.

كۆتا دێرى كۆڕه‌كه‌ ئه‌مه‌ بوو: "كاتێك مرۆڤ شتێك به‌جوانى ده‌بینێت، ئه‌وا په‌یوه‌ندى به‌به‌خته‌وه‌ریه‌وه‌ هه‌یه‌".

ئه‌م دێره‌ به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بپرسین، كام به‌خته‌وه‌رى، مرۆڤ چۆن به‌خته‌وه‌ر بێت تا شته‌كان به‌ جوانى ببینێت، كه‌ رۆژانه‌ سه‌ردێرى هه‌واڵه‌كان ئه‌م خاڵانه‌ له‌ خۆده‌گرن:

- مووچه‌ كه‌ى دێت و كه‌ى دابه‌شده‌كرێت؟

- كاره‌باى به‌رده‌وام، به‌داخه‌وه‌ كه‌ له‌ ئێستادا نه‌ك له‌ هه‌رێمى كوردستان ته‌واوى عێراق روبه‌ڕوى گرفتى كه‌مى كاره‌با بۆته‌وه‌.

- شه‌ڕى ناو سۆشیال میدیا و بوونى ده‌یان سایت و په‌یجى سێبه‌ر، كه‌ به‌رده‌وام رۆژانه‌ جگه‌ له‌ زمانى زبر هیچ شتێكى دیكه‌یان لێناخوێندرێته‌وه‌.

- كوشتنى چه‌ندین ژن و پیاو، كه‌ به‌داخه‌وه‌ رۆژانه‌ نه‌ك كه‌م نابێته‌وه‌، به‌ڵكو زیاد ده‌كات.

- پیاو ژن ده‌كوژێت، ژن له‌ داخا خۆى ده‌سوتێنێت، منداڵ سه‌رگه‌ردان ده‌بێت....

- جیابوونه‌وه‌ له‌ دادگاكان...

- هه‌واڵى بیستنى شه‌ڕى ناوخۆ و براكان...

- وێرانكردنى گوند و شاره‌كان....

ئه‌مانه‌ و چه‌ندانى دیكه‌، ئێستا هه‌قه‌ بپرسین، چۆن ‌به‌خته‌وه‌ر بین، كاتێك ئه‌م هه‌موو ناشیرینیه‌ هه‌یه‌؟

 

سایتى بنكه‌ى روناكبیریى گه‌لاوێژ


ئەم بابەتە 224 جار خوێندراوەتەوە