Yalmaz.jpg

یڵماز گوینەی وەک نووسەر

بەکر شوانی

یڵماز گوینەی (١٩٣٧-١٩٨٤) زیاتر وەک ئەکتەر و دەرهێنەر ناسراوە، بەڵام ئەو هاوکات ئەسپی خۆی لە بواری نووسینیشدا تاو داوە و کۆمەڵێک ڕۆمان و سیناریۆی نووسیوە. گوینەی ساڵی ١٩٧١ یەکەم ڕۆمانی خۆی بە ناوی (ئەوان بەسەرشۆڕی مردن) بڵاو دەکاتەوە و ئەم ڕۆمانە ساڵی ١٩٧٢ خەڵاتی یەکەم خوولی "خەڵاتی ئۆرهان کەمال بۆ ڕۆمان" وەردەگرێت و ئەوە دەبێت بە یەکەم و دوایین خەڵات کە گوینەی لە بواری ئەدەب و نووسیندا وەری دەگرێت. ڕۆمانەکە لە هەمان ساڵدا سەرلەنوێ چاپ دەکرێتەوە و وێنەی هاوپێچ بەرگی یەکەمی ئەو چاپەیە. وەشانخانەی "ئیتهاکی" سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ هەمان ڕۆمانی لە چاپێکی نوێدا خستەوە بەردەستی خوێنەرانی تورکیزمان.

یڵماز گوینەی لەسەر بەرگی پشتەوەی چاپە کۆنەکانی ڕۆمانی "ئەوان بەسەرشۆڕی مردن" دەنووسێت:

"ساڵی ١٩٥٦ بە بیانووی ئەوەی لە وتارێکمدا 'پروپاگەندەی کۆمونیزیمی'م کردووە، برامە بەردەم داواکاری گشتی و دواتر لەسەر ئەو وتارە سزای ساڵ و نیوێک زیندانیکردن و شەش مانگ دوورخستنەوە و بێبەشکردنم لە مافە گشتییەکانم بە درێژایی تەمەن بەسەردا سەپێندرا. من، لە واتا زانستییەکەیدا هیچ زانیارییەکی شایەن بە باسم دەربارەی کۆمونیزم نەبوو. هەوڵم دا ڕەوشی خۆم بە ڕوونترین شێوە بۆ داواکاری گشتی ڕوون بکەمەوە. گوتم کەسێک تاکە یەک کتێبی مارکس و ئەنگلس و لێنین و ڕابەرانی تری شۆڕشی نەخوێندبێتەوە، چۆن دەبێت بە 'کۆمونیست'؟ ئەو گوتی: 'ئێمە دەزانین ئێوە چین و دەبن بە چی.' ڕۆمانی 'ئەوان بەسەرشۆڕی مردن' بەرهەمی کاری شەو و ڕۆژی شازدە مانگی سەر قەرەوێڵەیەکی تەنیشت دیوارێکی شێداری قوڵترین گۆشەی قاوشی سیاسییانی گرتووخانەی نەوشەهیرە. مێزێکی بچووکم هەبوو کە هیچ کاتێک لەسەر قەرەوێڵەکەم نەمهێنایە خوارەوە و لە کاتی نووستندا دەمخستە ژێر پێیەکانمەوە. زۆربەی کات بەخەیاڵ ئەو مرۆڤانەم دەبینی کە دەربارەیان دەمنووسی و بەردەوام لە هزرمدا لەگەڵیان دەژیام. پاش ئەوەی لە ٢٣ی حوزەیران لە تاراوگە گەڕامەوە، بەدوای هەلێکدا گەڕام بۆ بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکەم لە ڕۆژنامەیەکدا، بەڵام سەرکەوتوو نەبووم. ساڵی ١٩٦٦ هاوڕێیەک ویستی چاپی بکات. ئەو سەردەمە ئەکتەرێکی سینەمایی بەناوبانگ و درەوشاوە بووم و ناوم 'چیرکین قرال – پاشای دزێو' بوو."

Yalmaz Gona nwsar


ئەم بابەتە 97 جار خوێندراوەتەوە