Kamera.jpg

گۆردن ویڵیس خواوەندی پشت کامێرا

ژینوار ئازاد حەمە کەریم

 "ئەوان سەیر دەکەن، بەڵام نابینن"

گۆردن ویلیس

 

گۆردن ویڵیس، سینەماتۆگرافەری ئەمریکی، لە ساڵی ١٩٣١دا لە شاری نیویۆرک لەدایکبووە، وە لە ساڵی ٢٠١٤ـدا کۆچی دوایی کردووە. دایک و باوکی ئەو سەماکەر بوون لە هۆڵی برۆدوای، وە پاشان باوکی دەستی کرد بە کاری مەیکئەپ لە کۆمپانیای وارنەر برۆس. ویڵیس لە سەرەتای منداڵییەوە، عاشقی سینەما ببوو، سەرەتا دەیویست ببێت بە ئەکتەر، بەڵام دواتر حەزی لە کاری ڕووناکی و دیزاینی ستەیج کرد. دواتر ئەو بوو بە فۆتۆگرافەری کاری فاشن. وە فۆتۆی مۆدێلەکانی دەگرت. دواتر بوو بە یاریدەدەریی کامێرامان و پاشانیش بوو بە یەکێک لە گەورەترین سینەماتۆگرافەر و هۆڵیود و مێژووی سینەما. ئەو یەکێکە لە گرنگترین کارەکتەرەکانی مێژووی دونیای سینەما، لەلایەن چەندین کەسایەتی دیار و ناسراوی دونیای سینەما، بە یەکێک لە گرنگترین سینەماتۆگرافەرەکانی مێژوو ناوزەند دەکرێت.

 "گەورەترین کێشە لە فیلمدا، یان بۆ ئەو کەسانەی لە دروستکردنی فیلمەکاندا کاردەکەن، ئەوەیە کە دوو کەس دەتوانن سەیری هەمان شت بکەن، بەڵام وەک پێویست ناتوانن سەیری هەمان شت بکەن"

   گۆردین ویڵیس، لە چەندەها فیلمی گرنگدا سینەماتۆگرافەر بووە. وە ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە سەرکەوتنی فیلمەکاندا. لە دیارترین ئەو فیلم و فیلمسازانەی کە ویڵیس کاری لەگەڵ کردوون و سینەماتۆگرافەری فیلمەکانیان بووە: ودی ئاڵن، فیلمی  Annie Hall ، Manhattan. شەش فیلمی ئالان پاکولا، وەک: All the President's Men. چوار فیلمی جەیمس بریجس. هەروەها گرنگترینیان و هۆکاری ناوبانگی ویڵیس، سێینەکەی فرانسس کاپۆلا، گادفازەر. ئەو ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە دۆزینەوەی نیگایەکی مرۆییانە بۆ سێینەی گادفازەر. بەشێک لە ڕەخنەگرانی سینەما، پێیان وایە گەر ویڵیس نەبوایە، سێینەی گادفازەر دەکەوتە مەترسییەوە. چونکە ویڵیس توانی گۆشەی هێندە سەیر بدۆزێتەوە، کە وەک خۆی دەیگوت "بە ئاسایی، لە چاوی مرۆڤەوە شتەکان دەدەم؛ بەسادەیی، نەک بە ئاڵۆزی"، کە هەموو بینەرانی جیهان سەرسام بکات. زۆرێک لە نێو هۆڵیوددا، وەها باسی دەکەن کە نیگایەکی تازەی بەخشی بە چاو، بە چاوان بۆ بینینی فیلمەکان.

 " بڕوام بە هەزارجار کەتکردن نییە تا دوایی بیدەم بە دەرهێنەر؛ تۆ دەبێ بزانیت کە چۆن کەت بکەیت، پێش ئەوەی دیمەنەکە وێنە بگریت".

   لە ساڵی ١٩٧٧ بەدواوە، لە ماوەی حەوت ساڵدا، سینەماتۆگرافی بۆ هەر فیلمێک کردبێ، فیلمەکە پاڵێوراوی ٣٩ خەڵات بووە و ١٩ جاریش یەکەمی خەڵاتەکە بووە. بە سەرنجدان لەوەی کە سێجار، خەڵاتی باشترین وێنەی بردووە. ئەو زۆر گوێی بەوە نەدەدا کە خەڵات ببات یاخوود نا، بەڵکو دژایەتییەکی داخراوی لەتەک هۆڵیووددا هەبووە، بەو مانایەی ئیشەکانی بە هیی خۆی دەزانی نەک هۆڵیوود یاخوود فیلمێکی ناو هۆڵیوود.

   وۆدی ئاڵن، یەکێک بووە لەو فیلمسازانەی بەردەوام ستایشی کارەکانی گۆردۆن ویڵیسی کردووە و هەروەها لەگەڵیدا، شەش فیلمی درووستکردووە.

 سینەماتۆگرافی:

سینەماتۆگرافی بریتییە لە تێکەڵبوون و، یەکگرتنی  هونەر و فەلسەفە و تەکنەلۆجیا لە بەرهەمهێنانی 'وێنەی جوڵاو'  لە فیلمسازیدا. کۆمەڵێک تەکنیکی تایبەت لەخۆ دەگرێت، وەک تەکنیکەکانی: کۆکردنەوەی دیمەنەکان، ڕوناکی، لۆکەیشن، هەڵبژاردنی کامێرا و، هاوێنەکان و، فلتەرەکان، گۆشەی کامێرا و جوڵەکانی، ... هەموو ئەمانە لە کاری گرووپێک کەسدا کۆ دەبنەوە کە یەک کەس بەڕێوەیان دەبات پێی دەوترێت 'سینەماتۆگرافەر'، کامێرامانی یەکەمە و دایرێکتەری فۆتۆگرافییە، کە بەرپرسیارێتییەکەی ئەوەیە هەموو ئەو وێنە فۆتۆگرافی و ئیفێکتانە ئامادە بکات کە دەرهێنەرەکەی لێی داوا دەکات و دەیەوێت.

جیاوازیی نێوان سینەماتۆگرافی و فۆتۆگرافی ئەوەیە کە، خودی فۆتۆیەکی تاک کارێکی تەواوە بەڵام، سینەماتۆگرافەر دەبێ کار لەسەر پەیوەندیی نێوان وێنەکان و گرووپە وێنەکان بکات و، ڕەبتیانن بکاتەوە  بەیەکەوە.

 کاری وێنەگرتنی گۆردن ویڵیس لە مێژووی سینەماتۆگرافیدا لە لوتکەدایە و بێ گوومان یەکێکە لە باشترینەکان، ئەو بە وردی و سەرنج راکێشیی کارەکانی دەناسرێتەوە لەڕووی  ڵایتنین و سێبەر و بەکار هێنانی شەیدێکی تاریک کە بوەتە ستایلێکی تایبەت بە خۆی و کارەکانیی پێ دەناسرێتەوە،

کارەکانی جوانییەکی سروشتییان پێوە دیارە و، وەکو هونەرمەندەکانی سەردەمی رێنیسانس وێنەکانی بارز و سەرنجبەر و ڕاستەوخۆن، کە ئەمەش زیاتر پەل دەهاوێت و بەشێکی گەورەی دەرکەوتنی سینەمایی ساڵانی حەفتاکان نیشان دەدات.

لێرەدا سەرنج دەخەینە سەر فەلسەفەی ویڵیس لە سینەماتۆگرافیدا و چۆنیەتیی گواستنەوە و وەرگێڕانی کۆنسێپتەکانی (چەمکەکانی) بۆسەر شاشە:

ویڵیس  لە ساڵانی پەنجاکاندا تەنها وەک یاریدەدەری کامێرا کاری کردووە، کاری بۆ رێکلام و دۆکیۆمێنتەری کردووە و ماوەی دە ساڵێک تەنها یاریدەدەر بووە تا چانسی هەبووە یەکەمین فیلمی خۆی بەرهەم بهێنێت. لەگەڵ کۆمەڵێک دەرهێنەری بەتوانادا کاری کردووە لەوانەش : ئالان جەی پاکولا، فرانسیس فۆرد کۆپۆلا، وودی ئالێن  کە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکاندا لاری لەگەڵدا کردوون و باشترین کارەکانی تیادا بەرهەم هێنا و زۆر پێیان ناسرا. لە چاوپێکەوتنەکانییەوە ئەوەمان بۆ دەر دەکەوێت کە ویلئس کەسایەتییەکی راستەوخۆی هەیە، ئەم فەلسەفەیەش لە ڕاستەوخۆ بوون بۆ ئەو مەبەستەی کە هەیە لە کاری فۆتۆگرافییەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە، ویلیس بەر لەوەی لە فیلمێکدا کار بکات هەمیشە دڵنیا بۆتەوە لەوەی کە لەگەڵ دەرهێنەرەکەدا گفتوگۆ بکات و پەیوەندییەکی تەواو نزیکی لەگەڵیدا هەبێت، تا بتوانێت کۆنسێپتێکی پڕاوپڕ بە پێستی فیلمەکە بدۆزێتەوە و ئەو کۆنسێپتە بکاتە خاڵێکی جەوهەری و کاری لەسەر بکات و لەوێوە وردە وردە ڕێگای خۆی بدۆزێتەوە بۆ نێو سینەماتۆگرافی. ویلیس دەڵێت " من بە ڕاستی پێم وا نییە کە هەر وا هەڕەمەکی بتوانرێت وێنە بگیرێت و فیلم دروست بکرێت، پێویستە بەر لەوەی وێنە بگریت، بڕیار بدەیت لەسەر ئەوەی کە دەبێت چۆن دەرکەوێت و بزانیت چی دەکەیت و چۆن دەیکەیت" . هەروەها دەشڵێت؛ بەگشتی مێشکی من زیاتر لەسەر ئاستی چەمک کار دەکات نەک لەسەر ئاستی فۆتۆگرافی بە بێ بوونی ئایدیایەکی دیاریکراو لە پشتییەوە چوونکە فۆتۆگرافی لە چەمکێکەوە لەدایک دەبێت یان با بڵێم دەردەچێت. ویلیس دەشڵێت ئەوەی بۆ من گرنگە ئەوەیە کە لە لایەن دەرهێنەرەوە ئەو ئایدیایەم پێ بدرێت کە 'فیلمەکە لەبارەی چییەوەیە؟ دەتەوێت چی بڵێیت؟ هەستت چۆنە بە وتنی؟ ' ئیتر ئەمانە دەبنە کلیلی کردنەوەی کۆمەڵی دەرگای یەک لە دوای یەک تا لە کۆتاییدا کارێکی نایابی لێ دەردەچێت. سینەماتۆگرافیی ویلیس هەرگیز کۆمەڵە وێنەیەکی هەڕەمەکیی جوان نییە، بەڵکو هەر فرەیمێکی بە شێوازێکی تایبەت و بە تایبەتمەندیی خۆیەوە وێنەی گیراوە.

 

 سەرچاوەکان:

وێبسایتی بریتانیکا:

https://www.britannica.com/topic/cinematography

وێبسایتی نۆ فیلم سکوڵ:

https://nofilmschool.com/gordon-willis-style


ئەم بابەتە 69 جار خوێندراوەتەوە