Rafiq-sabir.jpg

با ئاوڕێکیش لە ڕەفیق سابیری شاعیر و نووسەر بدەینەوە- نووسەر و ناوچەگەرێتی

بوار نورده‌ین

لە کۆڕێکی ڕێزلێنان لە مامۆستا زیاد محەمەد ئەمین لە شاری ڕانیە، گوتم: (یەكەم نووسەر "خوای گەورە" بووە و یەكەم كتێبیش كتێبەكانی "خوا" بوون، كەواتە بەرپرسیارێتیی نووسەر زۆر گەورە و فراوانە...)

کرۆکی نووسینەکەم لەبارەی بابەتێکی زۆر گرنگ و هەستیارەوەیە: ئایا دەبێ "نووسەر، شاعیر، ڕۆشنبیر" خۆی بەو ناوچەیەوە ببەستێتەوە، کە لێی لەدایک بووە، یان خەڵکی ئەوێیە و لێی ژیاوە؟ ئەمەیش دوای ئەوە دێت، کە بەڕێوەبەرایەتیی وەرزش و لاوانی قەڵادزێ ڕۆژی ٢٨/٦/٢٠٢١ لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتییەکە، کۆڕێک بۆ بڵاوکردنەوەی کتێبی "عەشق و ئازادی- چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕەفیق سابیردا" سازکراوە، بە ئامادەبوونی کاک خەڵەف غەفووری ئامادەکار، چالاکییەکە مشتومڕێکی زۆر سەیر و نابەجێی تێدا دروست بووە، کە گوایا: ڕەفیق سابیر، هیچی بۆ شارەکەی خۆی نەکردووە؟!

یەکەم: زۆر بە ڕاشکاوانە دەنووسم: ئەگەر نەکوو هەر ئەو توێژە، بەڵکوو هەر مرۆڤێک بڕوای بە ناوچەگەرێتی و شارچێتی هەبێت، پێویستە بە خۆیدا بچێتەوە.

دووەم: ئەگەر هەر توێژێکی کۆمەڵگە لەسەر ئەو بنەمایە کار بکات، یان ئەوە بە لۆژیکی ژیان و کارکردنی بزانێت، دیسان پێویستە بە خۆیدا بچێتەوە.

سێیەم: بۆنەکە بۆ قسەکردن لەبارەی کەسێتی، کارەکتەری ڕۆشنبیری و ئەدەبیی ڕەفیق سابیر نەبووە، تا بکرێتە مەیدانی توانج و ڕەخنەگرتن؟! ئەوەندەی ئاگادار بم، ئەو لە سۆنگەی دڵسۆزی بۆ خەڵکی ناوچەکە، داوای لە ئامادەکار کردووە، ئەو بۆنەیە ساز بکات و ئەو ئەرکە بکێشێت و کتێبەکە بە دیاری پێشکەش بکرێت؟!

چوارەم: خەڵکی ناوچەی پشدەر، کە زۆر بە میواندارییەوە بەناوبانگ و ناسراون، خۆ کتێبەکە، ئامادەکارەکەی و ڕۆحی ئەو مرۆڤەیش، میوان بوون؟!

پێنجەم: ئەو زۆر لەمێژە خەم و ئازاری مرۆڤ و کورد و کوردستانیشی لەکۆڵ کردووە و خەباتی بۆ دەکات و گۆرانی بۆ دەڵێ، بێگومان ئەو خەڵک و خاکەیشی بیرنەچووە، کە سەرەتای ژیانی لێ و لەگەڵدا بەسەربردوون، ئەوەتا چەند شیعرێکیشی بۆ شەهیدانی ناوچەکە نووسیوە، وەکوو: كەلاوەكانی ٢٤ی نیسان (دیوانی ڕەفیق سابیر، بڵاوکراوەی ناوەندی غەزەلنووس، ٢٠١٤، ل٦٩٩)، دەرگا له ڕووی ئەم كزەبایه داخه- بۆ قوباد حەسەن حاجی مەحموود- یەکێک لە سومبولەکانی شەهیدانی ٢٤/٤/١٩٧٤ (سەرەتا لە ڕۆژنامەی بیری نوێدا لە بەغدا بڵاوکراوەتەوە، دیوانی ڕەفیق سابیر، ل٨٠٥)، له كوێ بتنێژم- بۆ هاوڕێم شەفیق كەریم، (مامۆستا و پێشمەرگەیەکی خەڵکی قەڵادزێ بوو، ساڵی ١٩٨٠ لە گوندی قزلەر شەهید کراوە، دیوانی ڕەفیق سابیر، ل٧١٥)، وەرزی سەهۆڵبەندان- بۆ ئاوڕەحمانی خدر بانەیی (ساڵی ١٩٧٤ شەهید کراوە، دیوانی ڕەفیق سابیر، ل٧٤٣)، ماڵئاوایی- بۆ مام ڕەسووڵ سۆفی (پێشمەرگەیەکی خەڵکی پشدەر، کە ساڵی ١٩٨٣ لە شەڕی نێوخۆدا شەهید کراوە، دیوانی ڕەفیق سابیر، ل٧١٧)، تەرم- بۆ ڕەحمان حاجی حەمەلۆز (نانەوا و پێشمەرگە، کە لە شەوێکی ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاکان، بە چارەکە دینارێک و لەتێک نان لە گیرفان، لە ناو کۆڵانەکانی قەڵادزێدا شەهید کراوە).

هەروەها ئەم پارچە هۆنراوەیەتان پێشکەش دەکەم، کە بۆ شارەکەم- قەڵادزێی نووسیوە و سەرەتا لە لاپەڕە سێی ژمارە ١٥ی ڕۆژنامەی هاوکاریی ٢٤/٤/١٩٧١، هەروەها ل٨٤٩ی دیوانەکەیدا بڵاوکراوەتەوە:

تابلۆیەكی شارەكەم

له گشت لایەکی شارەكەم

له ناو باخچەی بەهارەكەم، دەخولێمەوه

له گێژاوی سەرسامیدا، دەتلێمەوه.

***

به هەر لایەكدا دەڕوانم

له ڕووی نیگای چاوەكانم

پەردەی تاریك هەڵخراوه

هەموو شوێنێ، وەكوو دوێنێ

به شوورەی بەرز تەندراوه

ملوانكەی زێڕ له گەردنی

شارەكەمدا داكەندراوه.

***

باڵی بەسامیی نیوەشەو

به زۆرداری

چاوی هەزاران ڕێبواری

كردۆته خەو.

***

لەسەر شانۆی دڵی گشتیان

ورد و درشتیان

پاڵەوانی چاو خەواڵوو

لە سوچێکا لێی کەوتووە

وەکو مردوو.

***

شارەكەم وەك گۆمێكی مەند

له شوێنی خۆیدا وەستاوه

له ژێر باری كۆت و پێوەند

دۆش داماوه!

***

تا كەی گۆمی چاوەكانم

گۆڕستانی نیگای مردووی بێ گیان دەبێ؟

تا كەی بزەی سەرلێوی دڵ

خۆراكی هەناسەی گەرمی خەزان دەبێ؟

تا كەی ئاوا نیشتمانم

بێ بەهار و بێ نەورۆز و بەیان دەبێ؟

لە کۆتاییدا دەنووسم:

١- جگە لە هەزاران پەیڤ و وشەی جوان، کە نەکوو هەر بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە، بەڵکوو بۆ هەموو مرۆڤایەتی و کوردیشی نووسیوە.

٢- دەیان شیعر بۆ هەڵەبجە نووسراوە، هیچیان بە ئەندازەی (بە تەنیا جێی مەهێڵن)ی ڕەفیق سابیر لەسەر ئاستی کوردستان و دەرەوەیشدا، دەنگی نەداوەتەوە و نەبووە بە وێردی سەر زاران.

٣- ئەو، جگە لە شیعر، کەسایەتییەکی زۆر تایبەتی و پاک، ڕۆژنامەنووسێکی دیار و چالاک، پێشمەرگەیەکی دڵسۆز بووە، هەروەها نووسەرێکی گەورەیە و دکتۆرای لە ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی بولگاریادا بە ناونیشانی (ڕۆڵی کولتوور لە پێکهێنانی هوشیاریی نەتەوەیی کورد، ساڵی ١٩٨٧) بەدەستهێناوە.

دیسانەوە ڕەفیق سابیر، لە کۆمەڵەهۆنراوەی "ئەویننامە"دا، کە بڵاوکراوەی پەخشخانەی مانگ، ساڵی ٢٠١٧ لە بانە بڵاوی کردووەتەوە، نووسیویەتی:

من بیری زێدەکەم دەکەم

بیری ماڵەکەم، کە ئێستا کەلاوەیە

بیری دارمێو، گوڵەباخ و

ڕیحانەی حەوشەکەی دەکەم

کە ماڵیان بۆنڕێژ دەکرد و ژیان جوانپۆش.

بیری منداڵی و هەڵماتێن،

بیری شەڕەبەفر و چاوشارکێ و تۆپتۆپێن

بیری ژوانی شەوانی تاریکی کۆڵان

بیری لاساریی منداڵی و

سەرکەشیی جارانم دەکەم،

کە مانایان دەدا بە بوون، جوانی بە ژیان.

من بیری هیچ کەسێک ناکەم

هەر بیری  زێدەکەم دەکەم.


ئەم بابەتە 97 جار خوێندراوەتەوە