Dlshad_Kawani.jpg

نۆبەرەی مەرگم دیت، دوومین کتێبی دڵشاد کاوانی چاپ و بڵاو دەکرێتەوە

کتێبی (نۆبەرەی مەرگم دیت) براوەی خەڵاتی یەکەمی چیڕۆکی فیستیڤاڵی ماڵی کتێب. وەک دووەمین کتێبی چاپکراوی چیڕۆکنووس و ڕۆماننووس دڵشاد کاوانی، لەلایەن دەزگای ڕۆشنبیری ماڵی کتێب چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.

وابڕیاره‌ رۆژى شه‌ممه‌ 10/7/2021 كاژێر (5)ى ئێواره‌ له‌ هۆڵی شەهید مەهدی خۆشناو لقی هەولێری یەکێتی نووسەرانی کورد کتێبی (نۆبەرەی مەرگم دیت) له‌ نوسینى چیڕۆکنووس و ڕۆماننووس دڵشاد کاوانی له‌ دووتوێى (117) لاپه‌ڕه‌دا بڵاوبكاته‌وه‌، كتێبه‌كه‌ له‌ (23) بیست و سێ کورتە چیڕۆک پێکهاتووە و لە ساڵی 2019 خەڵاتی یەکەمی چیڕۆکی فیستیڤاڵی ماڵی کتێبی لە هەولێر بەدەستهێناوه‌ و سەرجەم چێڕۆکەکانی نێو کتێبەکە، بە شێوە و تەکنیکی جیاوازەوە نووسراون. زۆربەی چیڕۆکەکانی نێو کتێبەکە براوەی یەکەم و باشترینی خەڵاتە ئەدەبییەکانی کوردستانن، لەوانە چیڕۆکی پیاوێکی ڕووت، تارای بووکی ئاشتی، دوانزەهەزارەمین بیرەوەری دوورترین شەوی دونیا، ئیمپڕاتۆریای ژن، نۆبەرەی مەرگم دیت.

دڵشاد کاوانی نووسەری کتێبەکە ڕایگەیاند: "نۆبەرەی مەرگم دیت کۆکراوەی سەرجەم چیڕۆکەکانی بەرهەمی ژیانی ئەدەبییەتی و ئەزموونی نووسینی پێش ڕۆمانی بە ڕێگاوەیە"، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، فکر و مەعریفە، کوشتن و خوێنڕشتن، گرفتە کۆمەڵایەتییەکان و هەژاری،  ئازار و جەرمەسەرییەکانی کۆمەڵگا و دۆزی نەتەوایەتی و گەڕان بەدوای شوناسی کوردی، ناوەڕۆکی سەرەکی سەرجەم چیڕۆکەکانی ناو کتێبەکەن. زۆربەی چیڕۆکەکان پێشووتر لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان بڵاوکراونەتەوە و بەشێکیان وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی فارسی. 

له‌ كۆتایشدا وتى: "کتێبی (نۆبەرەی مەرگم دیت) لە ساڵی 2020 لەلایەن دەزگای ڕۆشنبیری ماڵی کتێب چاپکراوە و بەڵام بە هۆی گرفتی دارایی و نەخۆشی کۆڕۆناوە و وەستانی چاڵاکییەکانی دەزگاکە، پڕۆژەی کتێبەکە دواکەوت".


ئەم بابەتە 119 جار خوێندراوەتەوە