Sarhad_Hadi.jpg

شەیتانێک، سوژدە دەبات!

سەرهەد هادی

ژانری ئەدەبی؛ سوورەت

١

من دەزانم کە نازانیت، کە ھەموو درەنگانێکی شەو وەک گورگێکی بریندار، پرسە بۆ نائاگاییت دادەنێم... پرسەیەک کە تەنھا ئاسمان لێی حاڵی ببێ!

 بیردەکەمەوە کە بۆ پرسەی ھیچ کونجێکی ئەم فەلەکە لە پرسەی من ناچێ، ئاخر کێ بە قەد من دەتوانێ چاوەکانی ھێندە شەکەت بکات، کێ دەتوانێ ئەشک بە ئاسمانێکی پیر بڕژێنێ و لە بری باران، نائومێدی وەک کڵۆی بەفرێکی ڕەش ببارێنێ...

 سەیرکە و ببینە ئاسمانم چەند بیمارە!

بڕوانە چەند لە گەلانی نەفرینلێکراوی مێژوو دەچم، کە شوێنەواریان بەبێ دەنگی ئازارێکی قوڵ دەگێڕێنەوە! سەیرکە ماڵە چیایینەکانی "جۆردەن"، قەت وەک من پڕ نین لە ئازار، قەت وەک من پڕ نین لە ئێسکوپروسکی مرۆڤەکانی سەردەمی "عاد"!

بەڵێ... هیچ ئەشکەوتێک وەک من تاریک نییە، هیچ هەڕەمێک هێندەی نائومێدییم قورس نیین لەسەر رۆحم! وای... ئەگەر فیرعەونێک دەبووم قەت نەمدەگوت مۆمیا بکرێم... دەبوو بهێڵن  زوو لاشەکەم لە وجوددا وەک لمی دوورترین کەنار دەریا بچێتە قوڵایی ونبوونەوە!

 

٢

ئەو کاتانەی کە بیر لە تۆدەکەمەوە... ختوکەی گوناھ  وەک پولەکەی ماسی نێو تاڵترین ئاوی دەریا دەوری رۆحم دەدات، وەک بڵێی "یۆنان" بم و نەهەنگێک بۆ زەمەنێک قووتم بدات...! رەنگە وەک من نەزانیت، بەراست دەزانم کە نازانیت تۆ تاقە دێوەزمەی رۆحی کەشەنگی منی... دە تاوێک ڕابمێنە ببینە چ جۆرە عیفریتێکیت کە ناتوانم دەستبەرداری گوناه ببم.! گوناهی ئەوەی بۆ دەبێ من، منێکی وێڵ لە تۆدا بمرم! تۆ گۆڕستانی چ دۆزەخێکیت کە من لە خۆتدا دەکوژی، درود بۆ گیانی مردووانی ڤۆلگۆگڕاد کە لە پێناو دوا ورچی پەڕگیرترین شاخی "ئێلبڕۆس"  دەجەنگان... سەیرکە "ڤۆڕۆنۆڤ" لە پێناو چی دەجەنگا و من دەبێ لە پێناو چی بجەنگم! بجەنگم بۆ ئەوەی لە خۆتدا بێ باکانە نەمکوژیت!

 

٣

ئاخر تۆ کە میکائیلی من بوویت ئێستا بۆ بوویت بە فریشتەی مەرگ! تۆ کە نمە بارانی من بوویت ئێستا بوویت بە تۆفانێک بۆ گیانی من... سەیرکە تۆ تەنها من نوقم دەکەیت، وەک ئەوەی من بە ئاو نەخنکێم! چەند بێ ویژدانی کە بەسەر ناسکیت باز بدەیت و کەسێک بکوژیت...  نازانم  تۆ ھێزی چ خواوەندێکی شەڕانگێزی "گریک"ت ھەیە، کە دەتوانی مرۆڤێک بخەیتە جڵیتەوە، گەرنا لە نەوەی چ ئادەمییێکیت کە دەتوانی بە ھێمنی ھاو توخمێکت بکوژیت...  ئەی گوناهکار!

بەڵێ... من نازانم، تۆ کانی پڕ لە گوناھی چ دۆزەخێکیت کە رووباری بێ ویژدانیت ھەرگیز وشک ناکات!

زوو یان دەرەنگ  وەرە و لە میحرابی پر لە ژەھرت، بە لیوانێک ژەھرم پێ بنۆشە و بۆ ئەبەد لە تەنھایی شەوانەی خۆم بمتارێنە! وەرە لە ئاسمانی تەنگ و تارت بمکە نەختێک ھایدرۆجین، و لە ئەستێرەیەکی ساوای تازە لە دایکبوو وەک کۆتا ھەڵمی گەردوون بمسوتێنە! دەی وەرە و بە ئاگرێکی نەمرودانە جەستە و رۆحم بکە بە سوتماکی مێژوو... مێژووم بکە بە خەڵوزێک پەرشی دەریای پر جانەوەری ئەم دیو رووباری عەدەنی بکە!

 

٤

نازانم، قەت بیرت لە ئیبراھیم کردۆتەوە، ئەو ساتەی کە خەریک بوو لەسەر زەوی، لە دۆزەخێک بوستێنرێ، ئا... دەزانم رەنگە وەک ھەر کەسێک دڵت بۆ ئەو ساتەی سوتابێ... بەڵام من ھەمیشە سەراسیمەی ئەوانە دەبم کە ھەست بەمێژوو، بە نادیاریی، بە دوورییەکی دوور دەکەن، بەلام بۆنی هاڵاوی رۆحی کەسێک ناکەن! سەیرکە.... تۆش وەک ئەوانی تر کاریتە لە چاوانی خۆت نابینی و پەڵاش لە چاوی ئەوان دەبینی! دە بڕوانە وەک ئەوەی قورەیشییەکی کەڕ بیت، بێ ھەستی بە رامبەر بە من، وەک ئەوەی حەبەشییەکی ئاوارە بم، ئاوڕم لێ نادەیتەوە...  وەک ئەوەی ئەبو زەڕ بم، ڕووم لێ وەردەگێڕیت... ئایی... من کە تۆم بە موحەممەد دەبینی کەچی لە پڕ لێم بوویت بە کەوای پڕ لە کیبری ئەبا سوفیان!

 

٥

من تێناگەم تۆ چ بنیادەمێکی کە بۆ لەخاچدانی مەسیح دەگریایت، کەچی بۆ خاچی قورسی شەر شانەکانم، وەک عیبرانییەکی ئۆرشەلیم بێ باک بوویت!  وەرە و ھیچ نا، تەنھا ئەم خاچە لە جەھەننەمێکی تر بچەقێنە و دڵرەقی خۆتی وەک پەرجوو پێ ھەڵواسە!  وەرە و ھیچ نا، تەنھا ئەم ساردییەت، ئەم ساردییەت، کە لە قوژبنی قوڵترین دۆزەخی زەمھەریرەوە فرچکی گرتووە، دووری خەرەوە!

چاک بیرمە ئەو رۆژە کە لە شاری "کۆرنسۆس"ەوە لەبەردەمی کۆنترین کڵێسەدا وەستام  وەک باوەڕمەندێک خۆم لە ئاوی حەیاتت ھەڵکێشا، و گوتم: مەسیح، ئەو حەواری تۆ و یۆحەنای منە!

کەچی سەیرکە، نە حواری بوویت و نە یۆحەنا!

 

٦

ئەو رۆژانە کە لە شاری تەبرێز دەسوڕامەوە، لە دووریت وەک نامۆیەک وەک ئەوەی جادووگەرێکی سەرگەردان بم، بۆنی تاڵەکانتم لە شووشەیەک دەکرد و لەسەر دەلاقەی ژوورەکەم دامدەنا، ھەموو شەوێک بەر لەخەو وەک بودییەکی ئیماندار بە دیارییەوە دادەنیشتم!

بەڵام ئێستا ببینە، چەند بێ پەرستگام!

قەلە رەشەکانی زانکۆ، کە لە گەڵ ئاوابوونی خۆر، بە کۆرسێکی شەیتانانە، قیڕەقیڕیان دەبردە کەشکەشانی فەڵەک، بیرمە ئەو شەوە کە لە ناوەراستی دارە باڵابەرزەکانەوە، بە ھاوارێکی زمدارانە، هاوارم بۆ ئاسمان دەکرد، قەڵەرەشەکانم لە تاریکیدا بە ئاگا ھێنا! ئەوشەوە تەنھا قەلەرەشەکان بوون کە لەم هاوارەم تێبگەن!

ئای چەند بیری ئەم لادێیە دەکەم کە بە ناوەکەی تۆی بیر دەھێنامەوە، شەوێک بە تەنھا چووم و لە کوخێک، لای ئەم پیرە پیاوە ئازەرییە مامەوە، و بە ئازەرییەکی لەنگ ھەستێک کە بە دڕک ئالۆزکابوو، بۆییم بەیان دەکرد، کە من چ یارێکم هەیە! بۆ من گرنگ نەبوو تێبگات یان نا! گرنگ بوو، من قسەم بۆ ئەو لادێنشینە بکەم کە ناوی "لادێ"کە تۆی بیر دەهێنامەوە!

 

٧

بەڵام سەیرکە دوای هەموو ئەمانە، بوویت بە چی! بیردەکەمەوە، چەند بەھێزیت کە دەتوانی ھێندە بێ دەنگ بیت، ئاخر ئێمە ھێندەی دیلی بێ دەنگین ھێندە کوشتەی ھاوار نین... وەرە و قسە بکە، گرنگ نییە چ دەڵێی، بڵێ بڕۆ... بڵێ بڕۆ گیابەندێک لە بەرزترین لوتکەی ئەم شاخە ڕکە بێنە، بڵێ... بڕۆ حەسیرێکی لە چیلکە دروستکراو لە کوێستانێکی دڕ بێنە! بڵێ... بڕۆ موورووی کەوتووی ئەو کۆچەرییە بێنە کە تا ئەبەد ناگەرێتەوە ھەوارەکەی!

بەس دەرکەوە! گرنگ نییە چۆن دێیت... وەرە و تەنها وەک پەیکەرێک خۆت نیشان دە، ھەر ھێندە و بەس! من وەک ھیندۆسێک داوای سزا بۆ ھیچ کەسێک ناکەم! وەک موسڵمانێک بەرد لە تەوێڵەت ناگرم، وەک "جو"ێکی پۆڵەندی پشتت تێناکەم! وەک کاسۆلیکێکی ئەرجەنتین وەک دواھەمین پەیکەری "مێری" بەدیار جوانیتەوە چاوەکانم دەنووقێنم!

 

٨

خەمناکم کە وا دەزانیت ئەو رۆحی تۆیە و کەوتۆتە جەستەی ئەوەوە... بەڵێ دڵتەنگم کە وا دەزانیت ئەو گەردوونی بچووککراوەی تۆیە و تۆش وەک گەوھەر بە ناوکییەوە ھەڵواسراوی... بەڵام نا... دڵنیابە نا ئەو وەک کەمتیارێکی کێوی لیک بۆ جەستەت دەڕژێنێ، وەک داڵێک، بەسەر رۆحی زارۆکانەی تۆوە رنۆک لە پاکزەییت دەوەشێنێ... ئاخر ئەو کەی دۆستی ئاوە، تا تۆ بە پەری دەریا ببینێ، ئەو کەی ھەور دەناسێ تا لە باران تێبگات... ئاخر ئەو ھەڵۆ نییە تا تۆ بە ئاسمان ببینێ، جانەوەرێک نییە تۆ بە خاک ببینێ، پاسارییەک نیە تا تۆ بە درەختی جەننەت ببینێ!  ئەو کەی خوا دەناسێ تا لە ئایەتەکانی تێبگات... ئەو کەی فریشتە بووە تا لە عەرش تێبگات... نا ھەرگیز ئەو لە مێژوو ناگات، تا لە خواوەندە ژن تێبگات!

بزانە، ئەو تۆ بە "قومریک"ێک دەبینێ، کە دەشێ لە چرکەساتێکی چاوەڕوانکەراو لەبەر چاوی ببیت بە "سیسارک"ێکی شەل!

ئایی... چەند دڵتەنگم بۆ ئەو ساتەی کە وەک سوڵتانێکی چڵێس لەسەر لاشەی نەرمت دەڕشێتەوە، پشتت تێدەکات وەک ئەوەی ھەر نەبووبیت، و بێباکانە وەک نامەردترین مەخلوق لە تارکترین زەوی جێت دەھێڵێ!  لێت دەبێت بە یەھودا و لە بیرێک جێت دەھێڵێ کە ھیچ کاروانچییەک مشتێ ئاوی لێ ناخواتەوە... ! ئاخر بۆ دەبێ وابێ کە من ئاسن و تێلبەندی ئەو بۆ بەندکردنی تۆ دەبینم، کەچی تۆ وەک ئەوەی کەنارییەکی لە دایکبووی نێو قەفەز بیت، هەرگیز لە حەقیقەتی قەفەز تێناگەیت...بۆ... ئاخر... بۆ!

 

٩

دەبێ بزانیت ئەو چەتر بۆ بارانت راناگرێ، ئەو وەک ئەم شوانە وایە "تۆ" بۆ "تۆ" راناگرێ، ئەو شین بۆ پێستە و گۆشتت دەکات... دەتفرۆشێ وەک ئەوەی بولبولێک بیت و چیتر نەخوێنی، ئاسکێک بیت و چیتر بە شاخەکان تاتۆی موقەددەس لەسەر خەندەکانی نەنەخشێنی...!

 وای... وا وەیلا بۆ ئەو کاتەی کە وەک شەیتانێک سوژدە بۆ دڕەندەیی خۆی دەبات، دەزانم ئەو کاتە وەک تەیری ئەبابیل سەنگ دەخاتە باخی زەیتوونەوە، و دەبێت بە ئەبرەھا و رەگی چارەنووست لە بنەوە دەتەکێنێ!

وای لەم ڕۆژە! وای لەم ڕۆژە!          


ئەم بابەتە 208 جار خوێندراوەتەوە