Adonis.jpg

چه‌ند وێنه‌ك بۆ وه‌سفكردنى ئه‌و دۆخانه‌ى پێشبینییه‌كانى نابینایه‌ك نایه‌وه‌

ئه‌دۆنیس - وه‌ر‌گیڕانى ته‌ڵعه‌ت تاهیر

دۆخى شاعیر

(1)

نایناسیته‌وه‌ ته‌نیا به‌ ئاڵۆزیى نه‌بێ، چه‌ند روونه‌:

هه‌تاوى مانا

ده‌شێ سێبه‌رى دیوارێك

بیشارێته‌وه‌.

 

 (2)

له‌دواى مردن، به‌و ده‌سه‌ڵاتداره‌ ده‌ڵێ: له‌ناوچووى،

موڵكه‌كانت له‌ناوچوون، هه‌موو سوپاكانت له‌ناوچوون.

منیش مامه‌وه‌

ته‌نانه‌ت وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌موو به‌یانیه‌ك له‌دایكبم.

به‌و ده‌سه‌ڵاتداره‌ ده‌ڵێ: هه‌سته‌وه‌ و ببینه‌

ده‌بینى شوێنى شوێنه‌وارم كه‌وتووى، شوێنى هه‌نگاوه‌كانم كه‌وتووى.

شیعریشم ده‌بینى

موڵكى تیشكه‌ و، تۆش پرشنگێكیت له‌ من،

پرشنگێك له‌ناو وشه‌كانمدا ده‌گه‌شێته‌وه‌.

 

دۆخى یاخیبوون

ئه‌رێ ده‌تانه‌وێ ببمه‌ شازاده‌ له‌سه‌رتان و ئێوه‌ش كۆیله‌ بن؟

بگوترێ: من ده‌نگتانم و

منیش وه‌ك ئێوه‌م، ئازاد نیم؟

تێمبگه‌ن كه‌واته‌،

گه‌ر سه‌ره‌تا ده‌ستمكرد به‌ كوشتنى ئه‌و دوژمنه‌ى له‌خۆمدایه‌ و له‌ ئێوه‌دایه‌.

ئه‌و دوژمنه‌ى ئه‌و وه‌همه‌ى هه‌یه‌

كه‌ من وه‌همه‌كانى ناناسمه‌وه‌.

تێمبگه‌ن كه‌واته‌،

گه‌ر خۆم و ئێوه‌م زنجیر كرد، له‌سه‌ر زه‌مینه‌كه‌ماندا.

 

 

دۆخى تاوانبار

-      ناڕه‌زاییت به‌رانبه‌ر په‌یامبه‌ر ده‌ربڕیوه‌

له‌ هه‌ندێ له‌ قسه‌كانت،

-      نزیكى نه‌بوومه‌ته‌وه‌.

-      ئه‌وه‌ى ده‌گوترێ له‌باره‌ى تایبه‌تمه‌ندیه‌كانى جووتبوونه‌وه‌ ره‌تتكردۆته‌وه‌،

له‌ تاریكیدا وه‌حیه‌كى دیكه‌ت بۆ هاتووه‌

كه‌ له‌ ئیبلیسه‌ شاراوه‌كه‌ته‌وه‌ هاتووه‌.

-      ..............

 

دۆخى بێتاوان

ئه‌ى نه‌فسم، گه‌ر لێگه‌ڕێم خۆ به‌ده‌سته‌وه‌ بده‌یت،

ئه‌وه‌ى ئه‌سته‌مه‌ ده‌سته‌مۆى ده‌كه‌یت و

موڵكیشت پێده‌به‌خشرێ.

راسته‌ لاواز بووم، به‌ڵام حه‌زه‌كانى سه‌رده‌مه‌كه‌م تاقیده‌كرده‌وه‌،

بنجوبنه‌وانه‌كانیم داگیرده‌كرد.

چه‌ندوچونى گومانه‌كانم له‌گه‌ڵیده‌كرد،

گفتوگۆى بیهوده‌ییم به‌رانبه‌رى ده‌هۆنیه‌وه‌،

گره‌وم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرد كه‌ حه‌زم لێى نییه‌

كه‌ گره‌ویش حه‌زى لێى نییه‌.

راستیشه‌ لێكدانه‌وه‌م هه‌بوو، زۆر له‌ گوماندا رۆچووم،

له‌ چاكه‌ و خراپه‌دا رۆچووم،

به‌ڵام چۆن نهێنیى شوێن بزانین،

گه‌ر به‌ قوڕى شوێنه‌وه‌ پیس نه‌بین؟

 

دۆخى بیرمه‌ند

هه‌میشه‌ هه‌ڵه‌م ده‌كرد، ئێستاش هه‌ڵه‌ ده‌كه‌م،

هیوادارم به‌رده‌وام بێت

له‌پێناو ئه‌و یه‌قینه‌ گه‌شاوه‌یه‌، ئه‌و هه‌ڵانه‌.

بێهاوتاییم ناوێ،

ئه‌و سۆزه‌ى له‌ هه‌ناسه‌ هه‌ڵكێشان و دانه‌وه‌شم ده‌بینرێت

سۆزێك نییه‌ بۆ نوشتانه‌وه‌ به‌سه‌ر هیچدا.

 

دۆخى بێپه‌روا

من نیمه‌ بێجگه‌ له‌و زه‌مانه‌ى كه‌ رۆح ده‌دا

من نیمه‌ بێجگه‌ له‌و كتێبه‌ى كه‌ رۆح ده‌دا

من نیمه‌ بێجگه‌ له‌و رێگایه‌ى كه‌ رۆح ده‌دا

من نیمه‌ بێجگه‌ له‌و نیشتیمانه‌ى كه‌ رۆح ده‌دا

من نیمه‌ بێجگه‌ له‌و بۆشاییه‌ى كه‌ پێشده‌كه‌وێ،

به‌رزده‌بێته‌وه‌ و، له‌گه‌ڵ هه‌نگاوى مرۆڤه‌كاندا درێژ ده‌بێته‌وه‌.

 

دۆخى نوسه‌ر

منداڵ ده‌نوسێ: (ده‌نگى شار به‌رزده‌بێته‌وه‌

ئاخ و سرووده‌كانى ده‌ڵێته‌وه‌).

پیر ده‌نوسێ: (ئاى، كانییه‌كان سوورن له‌ زه‌ویه‌كانمان).

هه‌ژاره‌كان ده‌نوسن: (بۆشایى تۆون له‌نێو پێیه‌كانماندا).

شاعیره‌كان ده‌نوسن: (په‌ته‌كان چۆله‌كه‌ خنكاوه‌كان له‌ هێلانه‌كانیان راده‌كێشن).

ئه‌ى هه‌تاو چى ده‌نوسێ، چى به‌ ئه‌ولاده‌كانى ده‌ڵێ؟

 

دۆخى پرسیاركه‌ر

چى تیایدا ده‌جوڵێ؟ گه‌رده‌كانى ئه‌وین و ترس؟

كاروانه‌كانى خه‌ون؟

ئه‌سپ؟ گڕكانى شه‌ونخونیه‌كى نوته‌ك؟

پرسیار ده‌كا و ده‌گه‌ڕێ،

له‌م قه‌ڵبه‌زه‌یه‌دا ده‌سوڕێته‌وه‌،

پۆل پۆل ریزیان ده‌كا و شه‌ڕ له‌گه‌ڵ گه‌ردوندا ده‌كا،

مه‌ره‌كه‌به‌ و ده‌ستێكه‌ و شۆڕبۆته‌وه‌،

كێیه‌ ده‌نوسێ

ئه‌ى قه‌ڵبه‌زه‌ى هاوڕێ و، دوژمن و، باوك؟

 

دۆخى داهێنه‌ر

باى هه‌ڵه‌شه‌ به‌رزیكرده‌وه‌ بۆ فه‌له‌كى گوناه،

له‌گوناهه‌كانى پێشووى خۆشبن، ئه‌ى نه‌زانه‌كان،

له‌گوناهه‌كانى دواتریشى /

بێجگه‌ له‌ مه‌ره‌كه‌بى له‌ڕێ لادان

هیچى نه‌بوو تاكو گۆرانیه‌ك بنوسیێت.

 

دۆخى نه‌فیكراو

له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ى خۆى رایكرد،

ئه‌و كاته‌ى تاریكى گوتى: من خاكیمه‌ و من نهێنى ئه‌و خاكه‌یشم.

چۆن، ناوى چى له‌ وڵاتێك بنێ

هه‌ست ناكا به‌شێكه‌ لێى و بێجگه‌ له‌ویش هیچى نییه‌؟

 

دۆخى ونبوو

شه‌وى گورگه‌كان چه‌ند روناكبۆوه‌

به‌راكردن له‌ ئاسمان، راكردن له‌ نیشتیمان،

به‌راكردن له‌ كتێب.

 

دۆخى فه‌یله‌سوف

(هه‌موو رۆژێ له‌ راكردویه‌ك ده‌گه‌ڕێم له‌ژێر پێستم)،

ده‌ڵێ و دوباره‌ى ده‌كاته‌وه‌ (جه‌سته‌م ئابلۆقه‌یه‌ و، خاكم ئابلۆقه‌یه‌).

جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ (نا، گله‌یى ناكه‌م). ده‌پرسێ:

ئه‌و نوازانه‌وه‌یه‌ چییه‌؟ شار له‌م ئێواره‌یه‌دا كۆلاره‌یه‌.

ئایا خۆڵ هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌ سه‌رپێ؟

................

له‌گه‌ڵ بادا ده‌بێته‌ ره‌شه‌با.

 

دۆخى نه‌ته‌وه‌

نه‌ته‌وه‌یه‌ك – دارستانێكه‌

باڵنده‌كانى سه‌ربڕى

تاكو له‌ خوێنى سه‌ربڕاوه‌كه‌ى ببینێت

چۆن جه‌سته‌ى سروشت یاده‌وه‌رى باڵه‌كان به‌دواى خۆیدا راده‌كێشێ.

 

دۆخى فه‌رمانڕه‌وا

عه‌قڵى هه‌ڵه‌یه‌، به‌ڵام كورسیه‌كه‌ى راسته‌:

نیشتیمان نوشتانه‌وه‌یه‌ بۆ خۆى و

سوڕانه‌وه‌ى كورسیه‌كه‌ى.

 

دۆخى هاوڕێیه‌تى

ئه‌ى ئه‌و هاوڕێیه‌ى ناومنا

به‌ناوى رۆگار و كاره‌ساته‌كانى،

له‌هه‌ناسه‌دا تۆ هه‌ڵكێشانیت و من دانه‌وه‌ى بووم.

ئه‌و وێرانه‌یه‌ ده‌دركێنین كه‌ تیاماندا هه‌ڵده‌قوڵێ و ئایه‌ته‌كانى ده‌خوێنینه‌وه‌

تاكو ببێته‌ روناكى

بۆ تاڵییه‌كانمان.

 

دۆخى یه‌قین

بێگومان: ئه‌و ئه‌سپانه‌ى خورافات زینى كردوون،

سواره‌كانیان ده‌كوژن.


ئەم بابەتە 99 جار خوێندراوەتەوە