Pashew.jpg

پەشێو: دیوانێکم نییە دێڕ بە دێڕی دەستدرێژیی نەکرابێتە سەر

شاعیری نێوداری کورد، عەبدوڵڵا پەشێو رایدەگەیێنێت، (دیوانی دکتۆر عەبدوڵڵا پەشێو) هی ئەو نییە و دەڵێت، "ئەو دیوانە یەک پارچە ژەهرە، زمان و چێژ و ئاکار و زانست وێران دەکا".

 پەشێو لە نووسینێکدا، کە لە واڵى تایبه‌تى خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، نوسیویه‌تى: "دیوانێکم نییە دێڕ بە دێڕی دەستدرێژیی نەکرابێتە سەر"، دوایینیان باس لە دیوانێک دەکات، کە لە کتێبفرۆشییەکان و کتێبخانەکاندا هەیە بەناوی (دکتۆر عەبدوڵڵا پەشێو)، کە بە "شەقوشڕترینیان" و "ژەهرەدیوان" وەسفی دەکات و دەپرسێت "گەلۆ، دیوانێک تەنیا بەرگەکەی 15 هەڵە پتری تێدا بێ، دەبێ ناوەرۆکەکەی چ وێرانەیەک بێ؟"

 دەقی نووسینەکەی وه‌كخۆى:

 سەربردەی دیوانی "دوکتور!"

 دیوانێکم نییە دێڕ بە دێڕی دەستدرێژیی نەکرابێتە سەر. پێشێلکردنی مافی دانەر و دەستکاریکردنی بەری ژیانی مرۆڤێک لایەکی خەمەکەی منن، لایەکەی دی ئەو هەموو پەیجۆر و دکتۆر و خوێندکار و دەنگبێژانەن، کە هێشتا ئەو کەچەدیوانانە وەکوو سەرچاوە بۆ خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە و گۆرانی بەکار دەهێنن، نەخاسمە شەقوشڕترینیان، کە "دیوانی دوکتور عەبدوڵڵا پەشێو" ە.

 گەلۆ، دیوانێک تەنیا بەرگەکەی ١٥ هەڵە پتری تێدا بێ، دەبێ ناوەرۆکەکەی چ وێرانەیەک بێ؟

 من قەت پێشناوی "دوکتور!" بۆ خۆم بەکار ناهێنم. هیچ دیوانێکم نییە ناوی "سەرەتانی براکوژی ١ و ٢ " بێ، هیچ بەرهەمێکیشم نییە ناوی "کۆمەڵەشیعر" بێ!

 لە سەرەتای دووهەزارەکاندا چەند ڕوونکردنەوەیەکم نووسین، بەڵام بەری لێشاوەکەم پێ نەگیرا. دیوانی "دوکتور ...!"م بە چاوی خۆم، وەک کۆرپەڵەیەکی سەربڕاوی خۆم، لەسەر شەقامەکان دەبینی، کسپەی لە جەرگمەوە دەهێنا و هیچیشم پێ نەدەکرا.

 لە ماوەیەکی کەمدا، ئەوەندەی من ئاگادار بم، سێ جار ژەهرەدیوان چاپ کرا. ئەوسا، کە هەڕەتی "یاسا سەروەرە!" بوو، لە سلێمانی و هەولێر دوو پارێزەری جوامێر خۆبەخشانە هەوڵیان دا لە ڕێگەی "یاسا!"وە شتێک بە شتێک بکەن، بەڵام هەوڵی ئەوانیش، وەک پێشوەخت پێشبینیم کردبوو، بێ ئەنجام بوو. دیوانی هەتککراو لەسەر جادان هەر بەرەکەتی تێ دەکەوت!

 بۆچی ئێستا ئەمە دەنووسم؟ چونکە تا ئێستاش چاپەکانی ئەم ژەهرەدیوانە بۆ ژمارەیەکی زۆری خوێنەران و زانستکاران و دەنگبێژان تاکە سەرچاوەن، نەک هەر هێندە، بگرە لە هەندێک کتێبخانەی گشتیی هەندەرانیش دانراون.

 نازانین کەی ئەستێرەمان ئاوا دەبێ، بۆیە، ئەم خەمە گەورەیەی خۆم دەکەمە خەمیژگەی ئێوەش، کە لە دواڕۆژدا "دیوانی دوکتور عەبدوڵڵا پەشێو" بە هی من نەزانن. ئەو دیوانە یەک پارچە ژەهرە، زمان و چێژ و ئاکار و زانست وێران دەکا.

 لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا زۆرجار باجی ئازادی و بێمنەتی و سەرچڵیم داوە، بەڵام دانی پێدا دەنێم، کە چاپی ساختەی دیوانەکانم قورسترین باجی ژیانم بووە. شێواندن و بێزەوەرکردنی به‌ئه‌نقه‌ستی جگەرگۆشەکانم هه‌وڵی كوشتنمه‌، كوشتنێكی بێده‌نگ و هێدی.

 پەشێوی خۆتان

١١/٧/٢٠٢١

پەیجۆر: پەیجۆ، پەیدۆز، پەیگەڕ، شۆپاژۆ، ئەوەی خەریکی لێکۆڵینەوە و تۆژینەوەیە لە کەسێک یا شتێک، بەرامبەر "باحث"ی عەرەبی و "پژوهشگر"ی فارسییە.

دەنگبێژ: سترانبێژ، گۆرانیبێژ

 

 عەبدوڵڵا پەشێو له‌ چه‌ند دێرێكدا:

 

عەبدوڵڵا پەشێو لە ساڵی 1946 لە گوندی (بێرکۆت)ی شارى هەولێر لەدایکبووە.

 ئه‌وكاته‌ى په‌شێو منداڵ بووه‌ بەھۆی نەخۆشی شێرپەنجە باوكى كۆچى دوایى كردووه‌، بۆیه‌ سه‌باره‌ت به‌ سه‌ره‌تاكانى ژیانى ده‌ڵێت: "مامەکانم ھانیان دام بچمە بەر خوێندن، یەکەم جار چوومە قوتابخانەی "خالیدیە بە عەرەبی دەمخوێند".

له‌ ساڵی 1961 بۆ یەکەمجار دەستى كردووه‌ بە نوسینى شیعر و یەکەم شیعری لە ھەفتەنامەی (ھەولێر)دا بڵاوكردۆته‌وه‌.

له‌ ساڵانى شه‌سته‌كان لە ڕۆژنامەی "الاخبار – دەنگ و باس" شیعرى بڵاوكردۆته‌وه‌،

له‌ ساڵی 1967 بۆ یەکەمجار لە  شارى به‌غداد ئاشنایەتی لەگەڵ شێرکۆ بێکەسی شاعیر پەیدا كردووه‌ و  ھەر ئەو کاتەش "بتی شکاو"ی بە چاپ گەیاندووه‌.

له‌ ساڵى 1970 لە دامەزراندنی یەکێتی نووسەرانی کورد لە بەغداد بەشداری کردووە.

له‌ ساڵی 1971 بۆ ماوەی ساڵێك لە گوندی (کەنداڵ)ی دەشتی ھەولێر بوه‌ته‌ مامۆستا.

له‌ کۆتایی ئابی 1973 دا، بەھەوڵی چەند کەسایەتییەکی دیاری کوردستان، بەتایبەتیش سەرۆکی ئەوسای یەکێتیی نووسەرانی کورد، سەیدا ساڵح یووسفی، زەمانەی خوێندن لە یه‌كێتى سۆڤیه‌تى جاران وەرگرتوه‌و روى كردۆته‌ تاراوگه‌.

له‌ساڵی 1979 بڕوانامه‌ى ماسته‌رى له‌ وەرگێڕانی ڕووسی و ئینگلیزیی لە زانکۆی Maurice Thorez لە  مۆسكۆ وه‌رگرتووه‌.

له‌ ساڵى 1980 کۆمەڵە شیعری (شەو نییە خەونتان پێوە نەبینم) لە ڕێی موحەمەدی مەلا کەریم له‌ شارى بەغداد چاپكردوه‌.

له‌ ساڵی 1984 بڕوانامه‌ى دوکتۆرای له‌ ئەدەبییاتی وەرگرتووه‌ و نامه‌كه‌شى تایبه‌ت بووه‌ به‌ (پیره‌مێرد)ى شاعیر.

له‌ ساڵەکانی 1985 تا 1990 لە زانکۆی ئەلفاتیح له‌ لیبیا مامۆستا بووه‌.


ئەم بابەتە 82 جار خوێندراوەتەوە