cinema.jpg

دی دەبلیو گریڤیز و سەرەتاکانی سینەما

ژینوار ئازاد حەمە کەریم

دەیڤید وارک گریڤیز، ناسراو بە دی دەبلیو گریڤیز، لە بەرەبەیانی ٢٢ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٨٧٥ لە کێڵگەیەکی بچووک لە نزیک شارۆچکەی کریستوود لە ناوچەکانی ئۆڵدهام لە ویلایەتی کینتاکی، لە باشووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە خێزانێکی جووتیار لە دایک دەبێت. با پیرانی گریڤز لە بنەڕەتدا خەڵکی وێڵزن و وەک ملیۆنان ئاوارەی تر لە ساڵانی سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمدا کۆچ دەکەن بۆ ئەمریکا بۆ دروستکردنی ژیانێکی نوێی جیاواز، و بە ئەمریکا و ناوچەکەدا بڵاودەبنەوە.

گریڤز سەرەتا لە ژیانی هێمنی خانەوادەکەیدا نوقم و ئاسودە کاتەکانی بەڕێدەکات، بەڵام دواتر و لە تەمەنی ١٠ ساڵیدا، ئەمە کۆتای پێدێت. واتە لە مردنی باوکییەوە. ڕوداوی مردنی باوکی، ڕوداوێکی تا ڕادەیەک سەیر و کۆمیدییە، باوکی پاش ئەوەی شەوێک درەنگ هەڵدەستێت و دەستدەکات بە خواردن خواردن و خواردنەوەی ویسکی زۆر. لە ناکاو تووشی ئازارێکی زۆری گەدە دەبێت و دەستدەکات بە هاوار کردن و بانگ کردنی ئەندامانی خێزانەکە، پاش ئەوەی ئەندامانی خێزانەکە لە چواردەوری کۆدەبنەوە و تێدەگەن دۆخەکەی خراپ و ئازارەکەی توندە، دکتۆر ئاگادار دەکەنەوە، دکتۆر دێت و بەدەرمان بۆ چەند ڕۆژێک هێمنی دەکاتەوە بەڵام پاشتر و دوای چەند ڕۆژێک ئازاری بەردەوام باوکی گریڤز، دەمرێت.. ئەم مردنە، زەبرێکی تووندی دەروونییە لە گریڤزی منداڵ و بەجارێک دەرونی تاریک و بێ ڕوناکی دەکات.

 لەتەمەنی دەساڵیدا لە ڕێژێکدا کە بارانی بەهار نمە نمە دەباری گریڤز بۆ دواجار سەیری سیمای باوکی دەکات لە تابوتەکەدا. لە ژێر ئەو بارانەی بەهاردا، بەپێ وەک منداڵترین ئەندامی خێزانەکەی بەدوای تەرمی باوکییەوە بەشداری ناشتنی دەکات.

 لە دوای مردنی جاکوپی باوکی، قەرزێکی زۆر جێدەمێنێت بۆ منداڵ و خانەوادەکەی، بۆیە گریڤز، بۆ دانەوەی قەرزەکەی باوکی و بەخێوکردنی خێزانەکەی وەک پەڕتوک فرۆش کاردەکات. لەم کارەدا تەمەنی نزیکدەبێتەوە لە بیستەکان و وردە وردە هەستدەکات کە دەیەوێت ببێت بە ئەکتەری شانۆ و بەڵام ئێشتا قەلەقییەکی تێدایە دەربارەی ئەوەی کە ئایا وەک ئەکتەرێک کاربکات یان وەک نووسەرێک لە بوارەکەدا.

لەو کتێبفرۆشییەی گریڤز کاری لێدەکات پیاوێک سەردانی دەکات کە ناوی ئیلییەس دەبێت و پیشەی ئاسنگەرییە، ئیلییەس بە پیشە ئاسنگەرە و بە خولیا شانۆ کارە، لە دوکانە گەورەکەیدا ژورێکی هەیە تایبەت بە پرۆڤەکردنی شانۆ و گروپێک دروستدەکەن بەناوی ١٢ بەختەوەرەکە کە پێکدێت لە ١٢ کەس و گریڤز یەکێک دەبێت لە ئەندامەکانی.

 ئەم ئەندامانە، هیچیان پیشەی شانۆکاریان نییە و کاری جیاواز دەکەن، تێیدایە ئاسنگەرە و تێیدایە جوتیارە و پیشە گەلی جیاوازیان هەیە. ئەوان بە لێواری ڕوبارەکەدا دەکەونە گەشتکردن، نمایشەکانیان بەگشتی زۆر بینەری کەمە، کارەکانیان نمایشی کۆمیدین و دوای چەند هەفتەیەک نمایشکردن و کارکردن، خەونی سەرکەوتن بە دی نایەت و گروپەکەیان شکست دەهێنێت، گریڤز ئەم شکستەی زۆر لەسەر دڵ قورسدەبێت. ئەندامانی گروپەکە پەرتەوازە دەبن و هەریەک بە لایەکدا دەڕۆن. بەڵام ئەم شکستە، وا لە گریڤز دەکات، زیاتر و پێداگرانەتر، کار لە بوارەکەی خۆیدا بکات، بۆیە بڕیاردەدات لەجیاتی ئەوە ببێت بە نووسەری شانۆ. بۆیە دەیەوێت لەبری گروپی لاوەکی و بچوک لەگەڵ خەڵکانی پرۆفیشناڵ و بە ئەزموندا کاربکات، بۆیە هەفتانە سەردانی هۆڵێکی شانۆیی گەورەی دەکرد، لە شارەکەدا، زۆر جار هەوڵدەدات لە پشت پەردەی شانۆکەوە کاربکات.

ئەم خۆشەویستییە بەردەوامەی گریڤز بۆ شانۆ، هیلاکی بەردەوامی بە چوون بۆ کارکردنەوە وادەکات ڕۆڵێکی لاوەکی پێبدەن بە موچەی ڕۆژی ١٠ دۆلار و ئەمە تا ماوەیەک بەردەوام دەبێت و پاشتر دەردەکرێت. تا دووساڵ ئەمە بەردەوامدەبێت، لە هاتوچۆی هۆڵەکان.

 وەرچەرخانەکە لەو ساتەدا و لەوکاتەدا دەبێت، کە گریڤز کاتێک بەدوای کاردا دەگەڕێت بە ڕێکەوت ڕێی دەکەوێتە سینەما و کاری تێدا دەکات، ئەو ڕۆژانە چی گریڤس و هیچ کەسی دی، بەخەیالیاندا نایەت کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەم گریڤزە وەرچەرخانێکی گرنگ و مێژووی لە مێژووی سینەمادا دەخوڵقێنێت و دواتر تیایدا وەک سیناریست کاردەکات. بۆ ماوەیەک دەچێت بۆ بینینی ئەم کورتە فیلمانە و سەرنجی سیناریۆ و ڕوداوەکانی ناوی دەدات، هی ئەو کۆمپانیا بەناوبانگانەی کە لەوکاتەدا سەرقاڵی سینەمابوون. دواتر بۆی دەردەکەوێت کە سیناریۆ و پلۆتی ئەو فیلمانە ئێجگار لاوازە و کارەکە ئێجگار ئاسان دەبێت.

بۆ هەر چیرۆکێک پێنج دۆلار وەردەگرێت  و وردە وردە دەکەوێتە سەرکار.  سەردانی ئەدیسن کۆمپانی دەکات کە یەکێک لە بەناوبانگترین کۆمپانیاکانی ئەوکاتی ئەمریکایەو لەلایەن تۆماس ئەدیسنەوە سەرپەرشتی دەکرێت. گریڤز سەردانی کۆمپانیاکە دەکات بۆ ئەوەی وەک سیناریست دەستبەکاربێت، بەڵام لە کۆمپانیاکە وەک ئەکتەر وەری دەگرن و یەکەم کاری ئەو وەک ئەکتەر ساڵی ١٩٠٨ دەبێت کە کورتە فیلمێک دەبێت. ئەم کورتە فیلمە کە هی دەرهێنەری بەناوبانگ پۆرتەر دەبێت و ئاشنابوون پێی بۆ گرتڤز ڕوداوێکی گرنگدەبێت و لەوێوە بە زمانی مۆنتاژ و کارو باری سینەمایی ئاشنا دەبێت.

 بەڵام گریڤز بەم کارە ئاسودە نابێت و دوای ئەم کارە سەرناکاتەوە بە ستۆدیۆکانی ئەندرسندا و بە موچەکەی ئەو ڕۆژەوە دەڕواتەوە ماڵەوە. گریڤز نایەوێت بە هەمان شێوەکانی کارکردنی لە شانۆدا، لە سینەماشدا تەنیا ڕۆڵی لاوەکی ببینێت. بۆیە دەستدەکاتەوە بە گەڕان بەناو کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنانی فیلمدا کۆمپانیایەکی بچوکی بەرهەم هێنان دەدۆزێتەوە کە تیایدا وەک سیناریست و پاشان دەرهێنەر دەکەوێتە کار لەگەڵیان.

 لەو کۆمپانیایە گریڤز لەگەڵ کامێرامانێکدا ئاشنا دەبێت و پێکەوە کاردەکەن و کۆمەڵێک فیلم و کورتە فیلم بەرهەم دەهێنن. ئەم کارانە بەردەوامدەبێت تا کارە مەزنەکە بەرهەم دێت و دروستدەبێت. فیلمە بەناوبانگ و جیاوازەکەی گریڤز کە ڕۆڵی هەبوو لە گۆڕینی مێژوی سینەمادا. بەناوی لەدایک بوونی نەتەوەیەک ١٩١٥ the Bird of nation .

 گریڤز کۆی ئەو ئەزموون و تەکنیک و کارانەی کە لە فیلمە بایۆگرافییەکانیدا لە ئەسنای کارکردندا پەرەی پێدابوون، بلیمەتانە لە فیلمی لە دایکبوونی نەتەوەیەکدا بەکاری هێنان. بەکار هێنانی گۆشەی نزم و بەرزی کامێرا بۆ وێنەگرتنی دیمەنەکان. ئاڵوگۆڕی گرتەکان لە ڕێگەی بەکار هێنانی ئیفێکتەکانی وەک فەید ئاوت و دیسۆلڤ بۆ دروستکردنی پەیوەندی و گواستنەوەی نێوان دوو دیمەن، بەکار هێنانی ماسک بۆ نزیککردنەوەی بینەر لە بەشێکی ناو گرتەکان و شاردنەوەی بەشەکانی تری، جووڵەی ئاڵۆزی کامێرا لە ڕێگەی نیشاندانی چەندین ڕووداوی جیاواز، هاوشان و هاوتەریب بە یەکتر. کە لە یەک ساتدا بەلام لە دوو شوێنی جیاوازدا ڕوو دەدەن. ئەم جۆرە مۆنتاژە بەتایبەت لە گرتەی کلایماکسی فیلمەکەدا دەبینرێت کاتێک کە ئەندامانی گرووپی "کوو کلەکس کلان" دەڕۆن بۆ ڕزگار کردنی ئەو سپیپێستانەی لەلایەن ڕەشپێستەکانەوە گەمارۆ دراون.

هەموو ئەم تەکنیکانە کە گریڤز بە وریایی و داهێنەری خۆیەوە بەکاری دەرهێنان لە فیلمەکەیدا، زمانێکی تازەی سینەمایی دروست دەکەن، زمانێک کە دەبێتە ڕەگی زمانێکی تازەی سینەمایی دروست دەکەن، زمانێک کە دەبێتە ڕەگی زمانێکی نوێی سینەمای بێدەنگ لە هۆڵیود و تێیدا، پێش تێکست و وشە بۆ نمایشکردنی ڕووداو و چیرۆک و هەستی کارەکتەرکان، گرنگی بە وێنە دەدرێت.

 

لە کاتێکدا کە گریڤیز لە گوڵانی ١٩١٤دا خەریکی مۆنتاژکردنی فیلمی تۆڵەسەندەوەی ویژدان دەبێت. لە هەمان کاتدا خۆی بۆ بەرهەم هێنانی فیلمی لەدایکبوونی نەتەوەیەک ئامادە دەکات. لەگەڵ نووسینی سیناریۆکەدا، بە بەردەوامی خەریکی ئامادەکردنی پۆشاک و کەرەستەی مێژوویی ساڵانی جەنگی ناوخۆ دەبێت. بە ڕۆژ خەریکی ئامادەکردن و دیزاینکردنی سێتەکان دەبێت. بە شەوان خەریکی خوێندنەوەی پەڕتووکی جیاواز دەبێت لەبارەی سالانی جەنگ و پاشماوەی جەنگ لە ناوچەکانی باشوور.

گریڤز بۆ شەش هەفتە لەگەڵ ئەکتەرەکاندا پرۆڤەی زۆربەی دیمەنەکانی فیلمەکە دەکات.

 گەرچی فیلمەکە دەیان کارەکتەری ڕەشپێستی تێدایە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەم ڕێگە نەدەدرا هەم لە ساڵانی سەرەتای سینەمادا ئەکتەری پڕۆفیشناڵی ڕەشپێست نەبوو، گریفیز ناچاردەبێت کە ڕۆڵی هەموو کارەکتەرە سەرەکییە ڕەشپێستەکان بە ئەکتەری سپیپێست بدات. ئەم ئەکتەرە سپی پێستانە سیمای خۆیان بە بۆیە ڕەش دەکەن و نمایشی کارەکتەری ڕەشپێست دەکەن.

کاری وێنەگرتنی فیلمەکە لە ڕۆژی سەربەخۆیی ئەمریکادا لە ١٤ نیسانی ١٩١٤ دەستپێدەکات بۆ دیمەنە جەنگیەکان کە بلیمەتترین و ئاڵۆزترین دیمەنی جەنگی دەبن کە تاوەکو ئەو کاتە وێنەیان گیرابێت، گریفیز زیاتر لە پێنجسەد ئەکتەری لاوەکی لە ڕۆڵی جیاوازدا بەکاردەهێنێت هەندێکیان بۆ نزیکەی هەفتەیەک لە ڕۆلی سەربازانی جیاوازدا دێن و دەڕۆن، جارێک سەربازانی باشوور و جارێکی تر سەربازانی باکوور. بۆ هەر یەکێک لە دیمەنەکان پۆشاکەکانیان دەگۆڕن و لە دوو دیمەنی جیاوازدا بەرامبەر بە خۆیان دەجەنگن گریفیز وردی کۆریۆگرافی جوڵەیان دەکات بە چەند کامێرایەک وێنەی دیمەنە جەنگیەکان بگرێت بە دوو ئاڕاستەی جیاوازدا پاشان لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی چۆنیەتی ئاڕاستەی جوڵەی سەربازەکان و مۆنتاجێکی خێرایی ئاکشنی دیمەنەکانەوە هەست دەکرێت کە نەک پێنسەد بەڵکو هەزاران سەرباز لە یەک ساتدا لە دوو بەرەی جیاوازدا بەرامبەر بە یەکتر دەجەنگن.

گریفیز بۆ ئەوەی ئەم ئەکتەرە لاوەکییانە کۆنتڕۆڵ بکات چەندین یاریدەدەری دەرهێنەری جیاواز لە ژێر دەستیدا کاردەکەن، هەر کۆمەڵێک لە ئەکتەرەکان لە ژێر فەرمانی یەکێک لەم یاریدەدەرە دەرهێنەدا دەجوڵێن گریفیز بە وردی کۆریۆگرافی و پڕۆڤەی هەر یەکێک لە گروپەکان دەکات لە کاتی وێنەگرتندا لەسەر گردێکەوە وەک جەنەڕاڵێک بە بڵندگۆیەکەوە ڕێنماییان دەکات کەکام گروپ لە چ ساتێکدا بجوڵێت هەمیشە یەکێک لە کامێراکان، بە گۆشەیەکی درێژ و بەرز وێنەی گەورەیی و فراوانیی بەرەکانی جەنگ دەگرێت.

ماوەی کاری وێنەگرتن ١٢ هەفتە دەخایەنێت نزیکەی ٦ مانگ کاری مۆنتاج تەواودەبێت، دەتوانرێت بوترێت کاتێک فیلمی لە دایکبوونی نەتەوەیەک بۆ یەکەم جار لە ڕۆژی هەشتی شوباتی ١٩١٥ لە سینەماکانی شاری لۆس ئەنجلس نمایش دەکرێت سینەمای هۆڵیود لە دایک دەبێت بۆ حەوت مانگی داهاتوو هەموو ڕۆژێک فیلمەکە لە سینەماکانی شارە گەورەکەی ئەمریکادا نمایش دەکرێت و بینەرێکی بە لێشاوی دەبێت .

ئەو بینەرانەی کە سەیری فیلمەکە دەکەن، منداڵانی نەتەوەیەکی ڕابردوون کە بەشداری جەنگی ناوخۆیی ئەمریکادا کۆتایی هاتبوو بینەرانی فیلمەکە کوڕ و کچ یان کوڕەزا و کچەزای کەسانێکن لە بەشداریی ئەم جەنگەیان کردووە چەندین چیرۆکی جیاوازیان لە باوک و دایکیانەوە لە بارەی جەنگەکەوە بیستبوو. بۆ یەکەم جار ئەم نەتەوەیە. لەسەر شاشەیەکی گەورە و لە فیلمێکی ئیپیکدا، هەست دەکەن کە هەمان ئەو چیرۆک، کارەکتەر و ڕووداوانە دەبینن لە باوک و باپیریان بۆیان باس کردبوون. هەست دەکەن مێژووی پەنجا ساڵی ڕابردوو لەبەر چاویاندا نمایش دەکرێتەوە .

 ڕۆڵی گریڤز ئێستا لە سینەمای دونیادا ڕۆڵێکی گرنگەو سینەما و سینەما کاران قەرزارباری ئەو کەلەپورە دێرینەی گریڤزن، هی ئەو زمانە جیاوازەی مۆنتاژ و سیناریۆ و دەرهێنان. گریڤز بەیەکێک لە سینەما کارە گەورەکانی دنیا دەناسرێت.


ئەم بابەتە 109 جار خوێندراوەتەوە