Adonis.jpg

گوێم لێیبوو، ده‌میشى به‌رد بوو

ئه‌دۆنیس - وه‌ر‌گیڕانى ته‌ڵعه‌ت تاهیر

(1)

گوێم لێى بوو، ده‌میشى به‌رد بوو:

(هه‌نگاوه‌كانى خۆم ناوێ،

قورس بن، خاو بن.

ئه‌مه‌ش زنجیرى پێوه‌ندمه‌،

حه‌زم له‌ ده‌نگى له‌رینه‌وه‌یه‌تى/

زنجیره‌كه‌م ئاسنه‌كه‌ى خودایه‌)

گوتیشى و خۆڵیشى له‌ پێڵوه‌كانى بوو و ده‌نگیشى هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ر بوو:

(ئه‌و ساته‌ى كه‌ دێ، نایێ)

 

(2)

په‌نجه‌ره‌كه‌م، كه‌ ته‌ماشام به‌ روناكیه‌كه‌ى به‌ستۆته‌وه‌،

داخراوه‌.

بینینم كفن كراوه‌.

ئێستام خوێنه‌/

چاره‌نووسه‌كان دیلن و نیشتمانیش به‌ مردنى په‌رژین كراوه‌،

ئه‌وانیتریش/ گه‌ردوون له‌ ماڵیانه‌ و

خوداش له‌سه‌ر ته‌به‌قه‌یه‌كه‌ له‌ عه‌قڵى خۆشگوزه‌ر.

 

(3)

ژیان ده‌گۆڕم: جۆرى ڕێكردنى.

ئاده‌مێكیش كه‌ به‌ نانه‌كه‌ى به‌ستراوه‌ته‌وه‌ و

پڕ ده‌بێ له‌ هه‌وا/ خوداش به‌ هه‌ڵپه‌سێراوى له‌ قوڕگیدا گیر ده‌بێ:

هێشتا ده‌نگى رامده‌ماڵێ و ده‌میشى به‌رده‌:

(هه‌نگاوه‌كانى خۆمم ناوێ.....)

 

(4)

(ئه‌رێ، ده‌شێ جه‌سته‌مان فریامان بكه‌وێ ؟

ئایا مردنم زیندووبونه‌وه‌یه‌ ؟

ئه‌مه‌ش ژیانمانه‌:

سترانبێژین و سه‌رابمان ده‌كه‌ینه‌ ئاواز،

له‌ نێوان هه‌نگاوێك و هه‌نگاوێكدا

هێرشبه‌ره‌كان ده‌بنه‌ خودا و ده‌بنه‌ په‌یكه‌ر.

مه‌سیح له‌ پێش مندا مرد، كه‌سانیتریش مردن، دواى ئه‌و...

ئه‌رێ، ده‌بێ جه‌سته‌مان فریامان بكه‌وێ ؟).

 

(5)

گوێم لێى بوو، ده‌میشى به‌رد بوو، ده‌یگوت:

(له‌مه‌ودوا، نابینین

ئه‌و ساته‌یشى كه‌ ده‌گوترا دێ، وه‌ستاوه‌).

ده‌گوترا، دوێنێ نه‌هات، ده‌نگیشى نه‌بیسترا

ده‌گوترا مرد، ده‌نگیشى هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ر بوو

ته‌ماشایشى ئاسۆ بوو، په‌نجه‌ره‌ى نوێ بوو،

باسكه‌كانى باخى لاله‌نگى بوون.

ده‌گوترا: ئه‌وانه‌ى هه‌ڵسان بچنه‌ مالئاوایى لێكردنى

چرپاندیان و له‌به‌ر خۆیانه‌وه‌ گوتیان:

(ئه‌رێ به‌ خوێن، خوێن كۆتایى هات ؟).

 

 

 

سه‌رچاوه‌:

هذا هو اسمى

الاعمال الشعریة،‌ ج 2، ص61.

 


ئەم بابەتە 141 جار خوێندراوەتەوە