Akram_Hawas.jpg

مانگ لە خەونی مناڵێکی شکاودا

ئەکرەم هەواس

 تەمەن مەخەرە تەنەکەی خۆڵەوە.. ئەی کات

با گەورە نەبم

مناڵییم سەر مەبڕە.. ئەی گەورەبوون

با تۆزێ پاسکیل لێبخوڕم

وەرەوە ناو ڕۆحی ماندووم.. ئەی خەندە

با فرمێسکی چاوم بسڕم

ئەم ڕێگای کاکێشانە جێمەهێڵە.. ئەی شەو

با قاپێ ئەستێرە بکڕم

ئاسمان ون مەکە.. ئەی مانگ

با لە برسا نەمرم!

 

 هەر یەکەمان بە شتێکەوە خەون دەبینین

من بە شیعرێکی لێو بە خەندە،

تا ڕوخساری چامەیەکمی پێ ڕەنگکەم

ڕەنگە ئەویندارێک بە فڕینێکی بێسنوور،

تاکو ئەودیوی پەنجەرەی خۆر تەی بکا

سەربازێک بە سێ ڕۆژ مۆڵەت، بەرلەوەی گیانی وەک لوولەی تفەنگەکەی ساردبێتەو، تاکو کچەکەی لە باوەش بگرێت

کۆیلەیەک بە شاباڵێکی ڕەها، بۆ سۆراخی ئازادی

توولەڕێیەک لە گوندێکی دوورە دەست، بە ئاوەدانی

شەقامێکیش لە کووچەیەکی سەرلێشێواو، بە تەنیایی

پارکێک لە خەونێکی کەسکدا، بە جریوە

شەپۆل لە خەونی ڕووباردا، بە لێوی کەنار

مانگ لە خەونی مناڵێکی شکاویشدا،  بە تەشتێ نان!

 

 

کاتێ زەمەن بە بارمەتە دەکەوێتە دەست برسێتی

خەمی سک؛ گسک ئەدا لە هەیوانی مناڵیی

شەکەتی دزی دەکات لە ئاخڵەی گۆنای و

لە جێگەیدا چرچ و لۆچیی سەوز دەبێ

هەتاو لەسەر شانی دەبێتە تۆپەڵێک ئاگر

کڕێوە پەنجەی دەکا بە بزمار

باران لەناو لەپیدا دەبێ بە پەشمەک

کیژۆڵەیەک هەموو خەونێکی ئەمەیە

ئاسمان بە سینیی دەبینێ،

مانگ و ئەستێرەکانی لێ دەبێتە کولێرەبەکونجی!

 

 ئاسمان لە چاوی کیژۆڵەکە؛ ماڵەباجێنەیە

ئەستێرەکان دەکا بە میکانۆ

مانگیش لە پەنجەرەکەوە دەهێنێتە ژوورەوە

سکێچی تاریکی دەشێوێنێ و

دەیهەوێ بە دڵی خۆی نەخشەی دونیا بکێشێ

دەست ئەبا بۆ پەردەی شەو و بەر هەناسەی دەکەوێ و دەدڕێ

هەرچی خەمە بەسەریدا دەڕژێ

ئەم میکانۆیە بە کەڵکی یاریکردن نایا

ئەرێ بەڕاست، ئەم گەمەیە کەی تەواو دەبێت؟

ئەم گەردوونە دەکەوێتە کوێی برسێتیی کیژۆڵەکەوە؟

 

 

کانییەک، ئێوارە کە دەنوێ

جلەکەی لە بەر تریفەی مانگ، هەڵدەخات

جامۆڵکەیەک خەون بە ئاوخواردنەوە دەبینێ

پەنجەرەیەک؛ دوور دەڕوانێ

کیژۆڵەکە؛  خەمەکانی لە هەیوانی ماڵەکەی دەق دەکات

لەگەڵ مانگدا دەکەوێتە ڕازێکی هاوڕێیانە

شەپۆلی بیر؛ بەردی تەنیایی دەگرێتە گۆمی شەو و

یادەکانی دەشڵەقێنێ

لەناو خەیاڵەکانی باڵە مەلێ دەکات و خەریکە دەخنکێ

شەو لە یادەوەریی جامۆڵکەدا، تینوویەکی هەڵوەدایە

مانگ لە یادەوەریی کانی خۆی دەشوات

لە یادەوەریی کیژۆڵەکەش تەنیاییەکی پەرت

هەمووان قولابی ڕوانین بۆ تەنیایی مانگ هەڵەدەن

کەس کیژۆڵەکەی بیر نییە، کە خەونەکانی بەسەر پەنجەرەکەدا شکاوە!

  

گزنگ، هێشتا دەموچاوی نەشۆردبوو لە خەوی تاریکی

کانی هێشتا لە خەوێکی  قوڵدابوو

کۆڵان لەناو بێدەنگیدا دەخولایەوە

کیژۆڵەکە؛ مانگی خستەوە ژێر لێفەی ڕۆژ

برسێتیەکەی دایە دەستی هەتاو

تەنیاییەکەی سپاردە شەقام

بە دوای هەنگاوەکانیدا سۆراخ بۆ پاروویەک نان

خۆی و هەزار خەونی شکاو

خۆی و هەزار هیوای قۆپاو

خۆی و هەزار پرسیاری پێ پەتی

ڕۆژە دڕاوەکانی بۆ  پینە ناکرێ

بە هەناسەیەکی سارد و ڕەنجێکی بێوەرەوە

دووبارە دەکەوێتەوە ناو گۆمی شەو

چیرۆکی مانگ چییە، ئەگەر کیژۆڵەیەک لێی نەبێ بە نان!

 

 

لە پەنای ڕۆژدا ئەستێرەکان ون

کیژۆڵەکەش بۆ پەیداکردنی بابۆڵەیەک ون

لە سێبەری شەودا سیاسییەکان سەرگەرمی کێشانی تلیاکن

سەرمایەداری لە پشت ڕۆژ و شەوەکانەوە، ڕەشمەی ژیان ڕادەکێشێ و پێدەکەنێ

بازرگانەکان شەراب دەڕێژنە سنگ و ملی سۆزانییەکان و هەڵدەپەڕن

باڕەکان سەرە پووچەکان خۆشدەکەن وگۆرانی دەڵێن

گۆرانییەکان ئاوڕ نادەنەوە و شاد دەڕۆن

لەملاشەوە؛ کیژۆڵەکە دەگری و خەمێک دەیکا بە گۆرانییەکی شڵەژاو

برسێتی تەپڵ بە سکی لێ ئەدا

با پرچی دەکا بە کەمانچە و

ئازارێک برینەکانی دەژەنێ.

بۆچی دادپەروەری ماڵەکەی ناباتە کەلاوەیەک؟

یەکسانی دەستەکانی کەلەپچەیە و ڕاوەستاوە

جیهان لۆکەی لە گوێدایە و دانیشتووە

مرۆڤبوون لە تاریکیدا چاوەکانی ئاوەڵا و نوستووە

ئەرێ کێ ڕوومانگی کیژۆڵەکەی دزی؟

کێ..کێ..کێ..؟

 

خەڵاتی یەکەم و زێڕینی ڤێستیڤاڵی لەتیف هەڵمەتی بۆ شیعر بەدەست هێنا.


ئەم بابەتە 395 جار خوێندراوەتەوە