ram_Haji.jpg

نان بۆ من و شەراب بۆ هۆڵدەرلین

ئارام حاجی

کەم دەنووم ،
نوستن جۆرێکە لە مردنی بچوک
لە چاومدا هیچ شتێك لە دۆخی ڕەقیدا نییە
بەرانبەر هەر"چی"یەك دادەنیشم ،
نیگاکانم وەك شلەیەکی بۆگەن بە ڕوومەتمدا دێنە
خ
و
ا
ر..
نازانم دنیا بەسەر چووە ، یان من ؟


‌*
ژیان برینیت تێدا دروست دەکات ، برینی "خڕ "
پزیشکەکانیش هەر بەخۆیاندا ڕادەگەن ،
من برینەکانم دەلێسمەوە..
لە یەک کاتدا
هەم سەگم و
هەم مرۆڤ......!


*
کارگەکان ،
بەدەم جگەرە کێشانەوە ..
"نان" بۆ خاوەنەکانیان پەیدا دەکەن..
ماسییەکان "بەرماوە"ی خوانی سەرمایەدارەکان دەخۆن ..
ماسییەکانیش خۆراکی گەدەی ئەوانن..
سامانی سەرزەوی و
‌                          ژ
                               ێ
                                     ر
                                         زەوی

کێ خۆش ،
دڕندە یان مرۆڤ ؟!


*
                                            سەدەی بیست
                                سەدەی نۆزدە
                    سەدەی هەژدە ...
دەمەوێ بژیم
"کات" مردنم نزیك دەکاتەوە،
بۆ ئەوەی نەمرم،
بە ناو ساڵەکاندا
                       دە
                  گە
              ڕێ
         مە
وە..


*
گوێ درێژەکان ،
ئازاد نەبوون ،نانیان بۆ مرۆڤ پەیدا دەکرد،
مۆدێرنیتە ئازادی دا بە گوێدرێژ و
نانی لێ سەندەوە ،
هەرچەند لە ئیستادا دەژیم ، لە برسێتی ئاژەڵ تێدەگەم..
باپیرانم بە درەختەکاندا هەڵدەگەڕان !


*
"داروین" بەشوێن ڕەچەڵەکی چەشنەکاندا دەگەڕا ،
من ، تەنها ڕەچەڵەکی چەشنە" خڕە" کان دەدۆزمەوە ..
بە برسێتی لە دایکبووم،
"نان" یش خڕە
وەرزشکارەکانیش بە سکی برسی دەچنە
نێو یاریگا ،
"تۆپ" یش خڕە..
نان و تۆپ ..(جین) یان تێکەڵ بەیەكتر بووە ،
ئەوەی لە ژیاندا خڕ بوو..
دەبێ بە شوێنیدا ڕابکەی


*
زەوی لە سەر دەم ڕاکشاوە ،
لە سەرەوە خۆر کاڵی دەکاتەوە
من لەسەری ڕادەکەم بەدوای ناندا ،
بەردەکان دومەڵن ،
ناتەقن ،
ئەگینا ڕوو بە ڕووم دەوەستایەوە...


*
بەناو "کات"دا تێپەڕم ، خاك تێر دەکەم !
بەناو "کات"دا
                       بگە
                ڕێم
        ەوە ،
ڕەنگە خاك تێرم بکات ؟!
لە نێوان دڵنیایی و گریمانەدا
لە نێوان تێری و برسێتیدا ،
باشترین شت ئەوەیە "خودا" بی !

 

- ئەم دەقە خەڵاتی دووەمی ڤیستیڤاڵی لەتیف هەڵمەتی بۆ شیعر بەدەست هێناوە، لە خولی سێییەم

-ناونیشانی دەقەکە لە"نان و شەراب"ی شاعیری ئەڵمانیی هۆڵدەرلین ەوە وەرگیراوە بە دەستکارییەوە


ئەم بابەتە 149 جار خوێندراوەتەوە