Hotel_Transylvania.jpg

هۆتێلی ترانسلڤانیا و ئەنیمەیشنێكی بەناوبانگ

پەریا پێشڕەو حەمە جان

 هۆتێلی ترانسلڤانیا (Hotel Transylvania)

دەرهێنەر: گێندی تارتا کۆڤسکی

ئەکتەران: ئادەم ساندلەر، کێڤن جەیمس، ئاندی سامبێرگ، سێلینا گۆمێز

کات: 91 خولەک

خەڵات:  3 خەڵات و 14 پاڵاوتن

زمانی فیلم: ئینگلیزی

جۆری فیلم: ئەنیمەیشن، کۆمیدی، خێزانی

رەیتین: 7.1

بودجە: $85 ملیۆن

چیرۆکی فیلمەکە:

لە ساڵی 1895 لەدوای مردنی (مارتا)ی هاوسەری دراکۆلا لەسەر دەستی گروپێک مرۆڤی توڕە، دراکۆلا بڕیار دەدات ئوتێلێکی پێنج ئەستێرەی گەورە دروست بکات دوور لە مرۆڤەکان و تەنها بۆ دڕندەکان، وە (ماڤیس)ی کچی تێدا گەورە بکات. هۆتێلەکە وەک پەناگەیەکی ئارام دەبێت بۆ هەموو دڕندەکانی جیهان کە لەدەست مرۆڤەکان رایانکردووە. دڕندەکانیش (فرانکنستاین) و هاوسەرەکەی (ئونیس)، (وین) و (واندا) و خێزانە گەورەکەیان، (گریفین) پیاوە نەبینراوەکە، هەروەها (مورای) مۆمیاکراو زۆرجار دێن و لە هۆتێلەکە دەمێننەوە.

Hotel Transylvania1

لە ڕۆژی لەدایکبوونی ماڤیسدا کە دەبێت بە 118 ساڵ، دراکۆلا ڕێگە بە کچەکەی دەدات کە قەڵاکە بەجێبهێڵێت و جیهانی مرۆڤەکان ببینێت، بەڵام  پلانێک دادەنێت و زۆمبییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت وەک مرۆڤ بۆ ئەوەی ماڤیس بترسێنن. پلانەکەی سەردەگرێت بەڵام کاتێک زۆمبییەکان دەگەڕێنەوە قەڵاکە کوڕێکی 21 ساڵ دوایان دەکەوێت و شوێنەکەیان دەدۆزێتەوە بەناوی جۆناسان "جۆنی". دراک زۆر دەترسێت و بەخێرای شێوەی دەگۆڕێت بۆ ئەوەی لە ئوتێلەکە بیباتە دەرەوە بەبێ ئەوەی کەس بزانێت بەڵام سەرکەوتوو نابێت و بە ئامۆزای فرانکنستاین دەیناسێنێت "جۆنیستاین". جۆنی زوو چاوی بە ماڤیس دەکەوێت. دراکیش ناچار دەبێت بە پلاندانەری ئاهەنگەکە بیناسێنێت و دەڵێت کە هاتووە بۆ ئەوەی یارمەتی بدات. جۆنی هەر زوو لەگەڵ دڕندەکان ڕێکدەکەوێت و دەبێت بە هاوڕێیان، ئەوەش دراک زۆر نیگەران و توڕە دەکات، و داوا لە جۆنی دەکات کە بڕوات، بەڵام دوای ئەوەی جوانی خۆرهەڵهاتن پیشانی ماڤیس دەدات و باسی ئەو شتانەی بۆ دەکات کە لە دەرەوە بینیوییەتی ماڤیس ئەوی زۆر بەدڵ دەبێت و ڕێگە نادات بڕوات، وە بڕیار دەدات هەلێکی دیکە بە مرۆڤەکان ببەخشێت. هاوکات شێفی ئوتێلەکە (کواسیمۆدۆ) بەیارمەتی مشکەکەی  (ئێسمێرالدا) بۆی دەردەکەوێت جۆنی مرۆڤە و دەیفڕێنێت و دەیەوێت بیبرژێنێت، کاتێک دراک پێی دەزانێت ڕێگەی لێدەگرێت و وا لە (کواسیمۆدۆ) دەکات کە نەتوانێت قسە بکات بۆ ئەوەی هیچ کەس نەزانێت کە جۆنی مرۆڤە. دراک جۆنی دەباتە ژوورێک و وێنەیەکی مارتای نیشان دەدات و بۆی ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی ئەو ئوتێلەی بنیات ناوە و بەو شێوەیە پارێزگاری لە ماڤیس دەکات و ڕێگە نادات جیهانی دەرەوە ببینێت. جۆنیش لەبەر چاکەی ماڤیس بەوە رازی دەبێت کە ئوتێلەکە بەجێبهێڵێت بەبێ ئەوەی کەس بزانێت و هەرگیز نەگەڕێتەوە، بەڵام دراک پێی دەڵێت کە ئەوە کاتێکی باش نییە و نایەوێت ئاهەنگی لەدایکبوونەکەی ماڤیس تێکبچێت.

ئاهەنگەکە زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت، وە دراک دیارییەک دەدات بە ماڤیس کە مارتای دایکی بۆی بەجێهێشتووە. بەڵام هەموو شتێک بەرەو خراپ بوون دەچێت کاتێک ماڤیس و جۆنی ماچی یەکتر دەکەن و دراک ناتوانێت زاڵ بێت بەسەر توڕەیەکەیدا و دان بەوەدا دەنێت کە تەڵەی بۆ ماڤیس داناوە و ئەوانەی کە بینوییەتی مرۆڤ نەبوون بەڵکو زۆمبییەکان بوون و گوندەکە لە ڕاستیدا بوونی نییە. دواتر کواسیمیدۆش بەدەر دەکەوێت و ئاشکرای دەکات کە جۆنی مرۆڤە و دراک شێوەی ئەوی گۆڕیوە و بە ئامۆزای فرانکنستاین ناساندوویەتی. میوانەکان هەموویان شۆک دەبن و زۆر لەوە توڕە دەبن کە دراک ئەوانی هەڵخەڵەتاندووە، بەڵام ماڤیس سوور دەبێت لەسەر ئەوەی دەیەوێت لەگەڵ جۆنیدا بمێنێتەوە. جۆنیش وا خۆی نیشان دەدات کە هیچ گرنگییەک بە ماڤیس نادات و ڕەتی دەکاتەوە کە لەگەڵیدا بێت و وەکو ڕێزێک بۆ باوکی ئوتێلەکە بەجێدەهێڵێت.

Hotel Transylvania2

ماڤیسی دڵشکاو دەچێتە سەربانەکە و دیارییەکەی دایکیشی لەگەڵ خۆیدا دەبات، و دراک بە هیوای ئەوەی دڵنەوای بکات بەدوای دەکەوێت. ماڤیس بۆی دەردەکەوێت کە دیارییەکە کتێبێکە و سەبارەت بەوەیە کە چۆن دراک و مارتا یەکتریان بینیوە و یەکتریان خۆشویستووە. دراک بۆی دەردەکەوێت کە هەڵەی لەگەڵ کچەکەیدا کردووە، و سەرەتا داوای لێبووردن لە هەموو هاوڕێکانی دەکات، و دواتر فرانک، واین، گریفین، و مورای ڕازی دەکات کە لەگەڵیدا بچنە دنیای مرۆڤەکانەوە و یارمەتی بدەن لە دۆزینەوەی جۆنی. وە بەهۆی توانای بۆنکردنەکەی (وینی) کچەکەی واین بۆیان دەردەکەوێت جۆنی بەتەمایە گەشت بکات بۆ ئەمەریکا و لە فڕۆکەخانەیە.

هەر چواریان بەڕێدەکەون بۆ فڕۆکەخانە، بەڵام لە شارۆچکەکەدا بەهۆی ئەوەی ئاهەنگ دەگێڕن ڕێگەکەیان لێدەگیرێت. لەدوای ئەوەی خۆیان دەناسێنن و داوای یارمەتی دەکەن مرۆڤەکان ڕازی دەبن، و تیمێکی پیاوان کە جلی ڤامپایەریان لەبەردایە ڕێگری لە تیشکی خۆرەکە دەکەن کە بەر دراک بکەوێت بە درێژای ڕێگەکە. دراک چاوی بە فڕۆکەکەی جۆنی دەکەوێت و لە ڕێگەی هێزەکەی خۆیەوە کە دەتوانێت مێشکی فڕۆکەوانەکە کۆنتڕۆڵ بکات، و بەکاریدەهێنێت بۆ ئەوەی داوای لێبوردن لە جۆنی بکات و پێی ڕادەگەیەنێت کە ماڤیس گەورە بووە و دەتوانێت خۆی بڕیار لەسەر ژیانی خۆی بدات. جۆنیش داوای لێبووردنەکە قبوڵ دەکات، دراکیش وا لە فڕۆکەوانەکە دەکات بگەڕێتەوە فڕۆکەخانەی ترانسیلڤانیا.

دراک جۆنی دەگەڕێنێتەوە بۆلای ماڤیس، وە پێی ڕادەگەیەنێت کە ئەو جۆنی قبوڵ دەکات. جۆنیش دان بەوەدا دەنێت کە خۆشەویستییەکەیان یەکلایەنە نەبووە و ئەویش ماڤیسی خۆشدەوێت. ئاهەنگەکەی ماڤیسیش کۆتای پێدێت و دڕندەکان ئوتێلەکە بەجێدەهێڵن.


ئەم بابەتە 97 جار خوێندراوەتەوە