Choman.jpg

هەرمیپپوس کێ بووە؟

چۆمان تەقێدین

لێرەوە زنجیرەیەکی مێژووی شانۆ دەستپێدەکەین، کە بریتی دەبێت لە ژیان نامەی هەوەڵین نووسەر و ئەکتەرە مێژوویەکانی بواری شانۆ و کارکردن دەبێت لەو ڕوبەرە فراوان و دێرینەی یۆناندا کە لە پاشمانەوە جێماوە و لە ئێستاشماندا ئامادەیی هەیە. نووسەر و ئامادەکاری ئەم زنجیرەیە بەڕێز چۆمان ە و ئەم زنجیرەیە تایبەتە بە سایتی گەڵاوێژ بەشی شانۆ.

زنجیرەی سی و دووەم. دەربارەی نووسەران لەمێژووی شانۆدا.

 هەرمیپپوس کێ بووە؟

گریکییە دێرینەکان ، یەکێک بوون لەو نەتەوە کۆنانەی کە جێ دەستیان دیارە لە مێژووی شارستانیەتی جیهانی دێرین دا ، و لە ناو شارستانیەتی گریک (یۆنان)ییە کۆنەکان ، خەڵکی دەوڵەتە شاری ئەسینا پشکی شێریان بەر دەکەوێت ، و لە ناو خەڵکی دەوڵەتە شاری ئەسینا گەلێک زانا و فەیلەسوف و ڕەوانبێژ و نووسەر و هونەرمەند دەرکەوتون ، کە توانیویانە ڕێڕەوەی مێژووی مرۆڤایەتی بگۆڕن لە هەموو بوارەکاندا ، و هەروەها دەوڵەتە شارەکانی تری شارستانیەتی گریکییە کۆنەکان ، هەر یەکەیان بە نۆرەی خۆی دەوری هەبووە لە پێشخستنی شارستانیەتی یۆنانییە پێشینەکان.

 ئەسیناییەکان دەستێکی باڵا و دیاریان هەبووە ، و یەکێک لەو بوارانە کە تیایدا پێشەنگ بوون هونەری شانۆ بووە ، و لە پاڵ  ئەسیناییەکان دا ، و خەڵکی ناوچەکانی تری وڵاتی گریکییە دێرینەکان ، دەوریان هەبووە  لە پێشکەوتنی شارستانیەتی یۆنانییە پێشینەکان ، زۆرینەی سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ، کە گریکییە دێرینەکان بە گشتی ، و هەروەها دەوڵەتە شاری ئەسینا بە تایبەتی بە داهێنەری هونەری شانۆ دادەنرێت لە مێژووی دێرینی مرۆڤایەتیدا.

بنچینەی هونەری شانۆ لە ناو شارستانیەتی گریکییە دێرینەکان ، دەگەڕێتەوە بۆ ئاهەنگ و بۆنە دینییەکان کە لە دەوڵەتە شارە جیاوازەکانی وڵاتی  یۆنان ساز دەکران ، کە ئەو ئاهەنگ و بۆنانە لە دەوری خواوەند (دیۆنیسس) یان (باخۆس) دەسورایەوە ، کە ئەو خواوەندە یەکێک لە خواوەندە نیشتەجێ بووەکانی چیای ئۆلیمپوس ، کە لە پارێزگای پێیریا لە هەرێمی مەکدۆنیای ناوەندی سەر بە وڵاتی  گریک (یۆنان) ی ئێستە هەڵکەوتووە ، خواوەند (دیۆنیسس) یان (باخۆس)  خواوەندی بەروبووم و داری مێوە بووە ، و هەروەها دواتر ئەو هونەرە واتا هونەری شانۆ لە گریکییە پێشینەکانەوە ، چووە ناو شارستانیەتەکانی تر ، وەکو میسری دێرین ، و میزیۆپامیا (دوو ڕووبارەکە)_کوردستانی کۆن ، و ڕۆمای کۆن ، و ڕووسیا.

ژیاننامەی هەرمیپپوس

هەرمیپپوس ، بە پێی زۆرینەی نووسراوەکانی سەرچاوە مێژووییەکانی دێرین ، کە دەربارەی مێژووی هونەری شانۆی کۆنی شارستانیەتی یۆنان نووسراوەن ، بە یەکێک نووسەرانی شانۆ دادەنرێت لە مێژووی هونەری شانۆی  کۆمیدی دا ، کە بە یەکێک لە نووسەرەکانی هونەری کۆمیدی شارستانیەتی گریکی کۆن دادەنرێت ، کە ئەمەیش پاڵ ئەوانەی تری هاو پیشەی توانیویەتی هونەری شانۆی ئەو سەردەمە بەرەو پێش ببات ، و داهێناێکی مەزنی تێدا کردووە ، و هەروەها بە یەکێک لە نووسەر و شاعیرە گەورەکانی شارستانیەتی یۆنانی دێرین و مرۆڤایەتی تاوەکو ئێستە دائەنرێت.

هەرمیپپوس ، نەزانراوە لە ساڵی چەندی سەدەی پێنجی پێش زایین لە دایک بووە لە خێزانێکی خانەدان و ناودار لە شاری ئەسینای پایتەختی وڵاتی گریك ،  لە هەرێمی ئایتکای سەر بە وڵاتی یۆنان لە دایک بووە ، و خەڵکی دەوڵەتە شاری ئەسینایە ، و هەروەها کوڕی لیسی خانەدانی ناوداری ئە سەردەمەی ئەسینا بووە ، و برای شاعیری کۆمیدی میرتیلەس بووە ، و هەروەها لە تەمەنەوە لە شاعیری کۆمیدی تێلێیکسدیس گەورەتر بووە ، و هەروەها لە ئاریستۆفانێسی شاعیری کۆمیدی و ئیوپۆلیسی شاعیری کۆمیدی گەورەتر بووە لەڕووی تەمەنەوە ، و هەروەها هەرمیپپوس ، تەواوی زۆری ژیانی لە شاری ئەسینا بە سەر بردووە ، و هەروەها  لە تەمەنی لاویەتی دا بووە ، وەکو هەر هەموو شانۆنامە نووسەکانی تر دەستی بە نووسینی شیعری کۆمیدی کردووە.

هەرمیپپوس ، هاو سەردەمی هەر یەکێکە لە شانۆ نامە نووسەکانی ، وەکو: سبيس و پۆلیفراسمۆن و فرینیچوس و خەنوکلیس و کریتیاس و ئاریستۆفانێس و سۆفۆکلێس و ئەیۆن خیۆسی و ئەسخیلیۆس (ئەسکیلیۆس) و یوفۆریۆن و ئیپسیچارموس و کراتینوس و چۆیریلوس و فۆرمیوس و سوساریۆن و یۆریپیدێس و فرینیچوس ئەسینی و کراتیس و فیریکراتیس و پراتیناس و فیلۆکلیس و ساننیریۆس و ثیۆمیوس و هیگیمۆن و گەلێک شانۆنامەی تر بووە ، و ئەمەیش هەر وەکو ئەوان دەورێکی کاریگەر و بنەڕەتی لە بەرەو پێش بردنی شارستانیەتی گریک (یۆنان) ی ئەو کاتە بە گشتی ، و هونەری شانۆیی یۆنانییە کۆنەکان بە تایبەتی هەبووە،

هەرمیپپوس ، هەر وەکو شاعیرە کۆمیدییەکانی ئەو سەردەمەی یۆنانی کۆن ، بە شێوەێکی گاڵتە ئامێزانە  ڕەخنەی ئاڕاستەی دیاردە ناشیرین و کەم و کورتیەکانی کۆمەڵگەی ئەو دەمەی گریک کردووە ، و لە ڕێگەی دەقە شانۆیی و شیعرییەکانەوە ، ناڕێکییەکانی دەرخستووە ، و ڕکابەڕێکی سەر سەختی پێریکلیس کە سیاسەتمەدار و ژەنەڕاڵ و وتار بێژ و سەرکردەێکی دیاری دەوڵەتە شاری ئەسینا بووە ، کە تۆمەتباری کرد (لەوانەیە لە شانۆیی مۆیرای بێت) ، و هەروەها بە گێل و ترسنۆک ناوی بردووە ، کە ئەوەش کاتێکدا بوو کە دەوڵەتە شاری ئەسپارتا (لەندیمۆنییەکان) ی گریک (یۆنان) ی دێرین ژەرێمی ئاتیکا و دەوڵەتە شاری ئەسیناین داگیر کرد بوو ، بە گرنگیەوە لەگەڵ هاوەڵە بۆنەکانی خۆی باسی لەو داگیر کردنرە ئەکرد ، و هەروەها هەروەها ئەسپاسیای بە ناپاک و تاوانی دژ بە ئەخلاق تۆمەتبار کرد ، لە شانۆیی بێبەری کردنی شیلەی تەنیا بە فرمێسکی پێریکلیس ، و لە شانۆیی لە (نان فرۆشە مێیەکان) دا هێرشی کردە سەر هایپەربۆلسی دیماگۆگ ، و لە شانۆیی (مات-بارهەڵگرەکان) چەندین پاڕاکی هۆمەری تێدایە.

هەرمیپپوس ، لە سەردەمی جەنگی پیلۆپۆنیزی ژیاوە  ، کە جەنگی پیلۆپۆنیزی لە نێوان ساڵانی (404_431پ.ز) دا بوو ، لە نێوان یەکێتی فیدڕاڵی دیلیان بە سەرکردایەتی دەوڵەتە شاری ئەسینای گریک (یۆنان) ی دێرین ، و یەکێتی یان ڕابیتەی پیلۆپۆنیزی بە سەرکردایەتی دەوڵەتە شاری ئەسپارتای گریک (یۆنان) ی دێرین بووە ، کە سەر ئەنجام بە سەرکەوتنی یەکێتی یان ڕابیتەی پیلۆپۆنیزی بە سەرکردایەتی دەوڵەتە شاری ئەسپارتا و شکستی یەکێتی فیدڕاڵی دیلیان بە سەرکردایەتی دەوڵەتە شاری ئەسینا کۆتایی هات.

بەرهەمە شانۆییەکانییەکانی هەرمیپپوس

هەرمیپپوس ، لە ماوەی ژیانی دا وەکو شاعیر و شانۆنامە نووسەکانی تر ، کە نزیکەیی دەیان شانۆگەری شانۆیی نووسیووە ، بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان  ، و هەروەها بە پێی ئینسایکڵۆپیدیای سودا کە ئینسایکڵۆپیدیای ناودار و پڕ زانیاری سەردەمی دەسەڵاتداری ئیمپراتۆریای بێزنتییه‌کان بووە ، و لە سەدەی دەی زایینی ، لە لایەن نووسەری بێزنتی (سودس)ەوە نووسراوە ، دەربارەی شانۆ نامە نووسەکان و نووسەرانی دێرین ، و دەربارەی ژمارەی شانۆییەکانی هەرمیپپوس لە ئینسایکڵۆپیدیای (سودا) دا هاتووە و ئەڵێت ، نزیکەیی (40) شانۆی نووسیووە ، بەڵام  بەشێکی زۆری دەقەکانەکانی  فەوتاون ، و ناوی هەندێ بەرهەمی شانۆیی کە تەنها ناونیشانەکانیان زانراوە کە نزیکەیی (10) ناونیشان و دەقەکانیان ماوە ، ئەمانەن: ئەثیناس گۆنای (لە دایک بوونی ئەسینا ) ، ئارتۆپۆلیدس (نان فرۆشە مێیەکان) ، دێمۆتای (هاوڵاتیان) ، ئەورۆپا ، ثیۆی (خوداکان) ، بێبەری کردنی شیلەی تەنیا بە فرمێسکی پێریکلیس ، کێرکۆپێس (سێرکۆپ) ، مۆیرای (چارەنووسەکان) ، سترایتەی (سەرباز) ، فارۆفۆرۆی (مات-بارهەڵگرەکان) ، هەروەها هەرمیپپوس هەر وەکو شانۆ نامەنووسەکانی هاوپیشەی لەو سەردەمەدا کە سەردەمی زێرینی وڵاتی گریک دائەنرێت ، لە فێستیڤاڵەکانی پەرستگای خواوەند دیۆنیسس ، کە بە شاری دیۆنیسیا ناسراوە  بەشداری کردووە ، کە توانیویەتی چەندین جار خەڵاتی لێژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی بە دەست بهێنێت.

کۆچی دوایی هەرمیپپوس

هەرمیپپوس ، نەزانراوە  لە ساڵی چەندی سەدەی پێنجی پێش زایین کۆچی دوایی کردووە ، و هەروەها نەزانراوە لە تەمەنی چەندی ساڵی دا بووە کە وەفاتی کردووە ، بەڵام ئەوە زانراوە لە شاری ئەسینای پایتەختی وڵاتی گریك ،  لە هەرێمی ئایتکای سەر بە وڵاتی یۆنان کۆچی دوایی کردووە ، و هەر لەوێش ئەسپەردەی خاک کراوە.

سه‌رچاوه‌کان

1_یاسین سابرساڵح: ئینسایکڵۆپیدیای گشتی-سلێمانی2005ز.

2_بهنام محەمەد پناه: نهێنییەکانی شارستانیەتی یۆنانی کۆن-وە: زاهیر محەمەد ڕەشید-سلێمانی2008ز.

_3پ . د. جڤری برۆن: پوختەی مێژووی ئەوروپا- وە: نیهاد جەلال حبیب اللە-سلێمانی2009ز

4_ویل دورانت: مێژووی شارستانیەت/ بەرگی چوارەم-وە: عەبدوڵڵا رەسووڵی-سلێمانی2014ز.

5_لوتفی عوبدولوەهاب یەحیا: یۆنان ، سەرەتایەک لە مێژووی شارستانییدا-وە: د . سەنگەر حاجی-هەولێر2014ز.

6_ئێریک ئریکسۆن: میتۆلۆجیای یۆنانی-وە: کەریم مستەفا-سلێمانی2020ز.


ئەم بابەتە 87 جار خوێندراوەتەوە