Akar_mohammed.jpg

هەوا ساردە و دڵم تەنگە لەسەر زەوی

ئاکار محەمەد

کەشتییەکان لای ماڵی ئێمە لەنگەر دەگرن.

قەڕاسینەکان ـ بە ئاڵای دڕاوەوە

بەرەو کۆڵانەکانی حەقیقەت دەڕۆن!

هەوا ساردە وەک ئەوەی هەزاران ساڵ بێت 

لەزەمهەریربین

لەیاد چووینەتەوە

لەیادی، مناڵان و کچانی سەربڕاو و ژنانی پیر چووینەتەوە

هەوا ساردەو کەشتیەکانی پیر دەبینم 

لەو دوورانە پڕپڕە لە جەستەی لەتو پەتبوو چاوم کارەساتی سەیردەبینێت!

مرۆڤ بە شەقامەکاندا ڕۆشت و شۆستەکانی بێزار کرد 

چووە باغەکان و گوڵەکانی بێبۆن کرد 

مرۆڤ چووە هەر شارێکەوە - پڕی کرد لەخوێن!

لە کۆتایشدا مرۆڤ مرۆڤی کوشت..!

مرۆڤ خودای خستە گومانەوە

باڵی نەورەسەکانی شکاند 

ئایەت و ((سورەتەکانی))

لەسنگی کەڵەشێرەکان دەرهێنا!

دەمەو ئێوارەیەک بوو -مرۆڤ مرۆڤی کوشت-

هەوا ساردەو دڵم تەنگە لەسەر زەوی 

سەر زەوی پڕ بووە لەتۆفان 

پڕبووە لەخوێن.

دڵم تەنگە لەسەر زەوی

بیرم لای ئەو مێرولانەیە کە لەژێر پێیەکاندا دەبن بە قوربانی!

رەنگم پەڕیوەو دەترسم 

لەشەقەی قامچیەکان و لەزیندانییەکانی خودا،

لەو وڵاغانەی کە ئەڤین بەقاچاخ 

دەبەن بۆ ئەو دیوو سنور

دڵم تەنگە دەزانم هێندە نابات

مرۆڤ مرۆڤ دەکوژێت_.

هەوا ساردە و دڵم تەنگە لەسەر زەوی 

بیریی منداڵیی خۆم دەکەم 

بیری تۆپی باغە و گوڵە مۆرەکانی حەوشە دەکەم 

بیری دەستەیەک ڕەسمی ساڵانی دووهەزار و ئەلبومی ساڵی دووهەزاری داریوش دەکەم 

بیری سادەیی مناڵی و 

یەکەم رۆژی چوونەوەی قوتابخانە دەکەم 

بیری یەکەم دەرسی وەرزش و 

نەهاتنەوەی رۆژێکی مامۆستای بیرکاری دەکەم !

من دەزانم زستانێک دێت 

باران خۆیمان لێدەشارێتەوە

من دەزانم زستانێک دێت

هاوین بۆ هەزاران ساڵ نابینین

چیدی بەرەبەیان متمانەی نامێنێت لای کۆتر 

من دەزانم زستانێک دێت 

باڵندەیەکی غەمگین گڕ لە باغچەکان بەردەدات

من ئەو زستانە دەبینم ...!

بەلێشاو تەرمی پەپوولەو مێرولە

دەکەون لەناو چیمەنی خوداییدا 

دڵم گومانی خراپ دەکات

هەوا ساردە و رەنگم پەڕیوە

زەوی چیدی شوێنی ژیان نییە

دڵم گومانی خراپ دەکات پێدەچێت 

خودا نەفرەتی لێکردبین 

پێدەچێت سیسارکەکان روو بکەۆە بیابان

پێشبینی دەکەم 

یەکەم رۆژی زستانێکی تاریک {{کچێک بمرێت}}

پێدەچێت ئەو ئێوارەیەی هەوا سارد بێت 

کتێبێکی ئاسمانی تر بێتە خوار 

دڵم گومانی خراپ دەکات

دەترسم ئیدی رۆژ نەبێتەوە و

زەویش ببێت بە بۆمبێک بەخەیاڵمدا بتەقێتەوە!!

دڵم باش ناڵێت.!

ئەوە چاومە خراپ دەبینێت؟

یان مرۆڤ ورد و خاش دەبێت

خوا ڕەحم کات

لەوانەیە ئەم هەورە پیرە

بۆ لەناوچوونی کانییەکان هاتبێت 

ئەوەندە دەزانم دەمە و ئێوارەیەک

ژنە باوەکان لەبەردەم باڵەخانە و ئۆتومبیلە

مۆدێرنەکاندا

خۆیان ڕووت دەکەوە!

خودایە ئەم ئێوارەیە بۆچی بیر لەشتی خراپ دەکەمەوە؟

تۆبڵێی زەوی لەپڕتاوێک 

بەگوێچکەمدا بتەقێتەوە!

کەی لەم خەونە بەخەبەر دێم؟

چۆن لەم ئاگرە قوتارم دەبێت؟

دەترسم شتێک بقەومێت!

ئەوەتا دەبینم مرۆڤ دەکوژێت!


ئەم بابەتە 119 جار خوێندراوەتەوە