Xamgin_Xdr.jpg

نەخۆشخانەی شاعیران بڵاوکرایەوە

نەخۆشخانەی شاعیران نوێترین  کتێبی شاعیر (غەمگین خدر)ە، کە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک یادداشت و گێڕانەوەى دیوى دووەمى شاعیران، کە نوسەر ناوى لێناوە خۆنوسینەوە، وەک ژانرێکى سەربەخۆ کارى لەسەر کردووە.

سەبارەت بەم بەرهەمە دەڵێت: "کتێبەکەم (نەخۆشخانەی شاعیران) جۆرێکی دیکەی خۆنووسینەوەیە، ئیشکردنە لەسەر دیوی دووەمی دونیای شاعیران، ئەو دیوەی لەبەر دەمامکەکان نابینرێن. ئەوەی خوێنەر نایزانێت، نایبینێت. واتە دیوێکی ناشیرین و پڕ لە ململانێی نا لۆژیکی و نا ئەدەبی نیشان دەدەم، دەگێڕمەوە. ئەوەی وەک ئیدیۆمی ئەدەبی پاتە دەبێتەوە و دەگوترێت: ئەدەبیات بووەتە ئەدەبخانە. ڕێک لەو دەلاقەیەوە دەڕوانمە تەنگەژەی ئەدەبیات، بە تایبەت دنیای شاعیران.

ئەم جۆرە نووسینە کە ناوم ناوە : خۆنووسینەوە! دیارە هەموو ئەوانەی لە ڕێگەی شیعرەوە بەریان کەوتووم، لێرەدا وەک ددانپێدانانێک هاتوونەتەوە بەرباس، بەر گێڕانەوە. بۆیە نموونەیەکی قێزەونن، ئەوە گوناهیی منی نووسەر نییە. ئەوە ڕابردووی ئەوانە و منیش لە ڕابردووی هیچیان بەرپرس نیم و بێباکانە و بەوپەڕی بوێریی باسم کردوون".

غەمگین چەند کتێبێکی شیعری هەیە و شیعرەکانی دەربارەی خودی پەرت و بڵاوی ناو مۆدێرنە و بێزارییە دەربارەی ئەوانی تر و لە جێیەکدا خودی خۆیی، جگە لە شیعر، ڕۆمان و توێژینەوەی ئەدەبی چاپکردووە.


ئەم بابەتە 112 جار خوێندراوەتەوە