1.jpg

یونسکۆ، هەورامانى وەک شوێنەوارێکی کولتوری لەسەر ئاستی جیهان تۆمارکرد

سەرچاوەکانى هەواڵ بڵاویان کردەوە، کە هەورامانی تەخت، لەلایەن یونسکۆوە وەک شوێنێکی شوێنەواریی و کولتوریی لەسەر ئاستی جیهان تۆمارکراوە.

بونى هەورامانی تەخت، لەلایەن یونسکۆوە وەک شوێنێکی شوێنەواریی و کولتوریی لەسەر ئاستی جیهان لە دواى ئەوە دێت، کە لەماوەى رابردوودا شاندێکی یونسکۆ سەردانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان کرد، ئەمە جگە لەوەى بەرپرسانی کاروباری فەرهەنگی و گەشتیاری پارێزگاکانی سنە و کرماشانیش کاریان لەسەر ئەوە کرد بۆ ئەوەی هەورامان "دیوی رۆژهەڵات" ناوی لە ریزی شوێنە کلتوورییە مێژوییەکانی جیهاندا تۆمار بکرێت.

شاندەکە لە کاتى سەردانى کردنى رۆژهەڵاتى کوردستان چونەتە شاری جوانڕۆی پارێزگای کرماشان، روانسەر، سەلاس باوەجانی، پاوە، مەریوان، سەوڵاوا و کامیاران و گوندەکانی هەورامان.

بە تۆمارکردنی هەورامان بە شوێنەوارێکی کولتوری لەسەر ئاستی جیهان، دەتوانرێت تاڕادەیەک دۆخی ژیان و ئابووری ئەو هەرێمانە کە لە شوێنە لە بیرکراوەکان بووە لە ئێراندا، ببوژێنێتەوە و چالاکى ئەدەبى و هونەرى و کلتورى جۆراوجۆرى تێدا ئەنجام بدرێت.

به‌ناوى بنكه‌ى روناكبیریى گه‌لاوێژ جوانترین پیرۆزبایى خۆمان ئاراسته‌ى گه‌لى كورد ده‌كه‌ین، به‌بۆنه‌ى بوونى هه‌ورامانی تەخت، لەلایەن یونسکۆوە وەک شوێنێکی شوێنەواریی و کولتوریی لەسەر ئاستی جیهان، ده‌خوازین هه‌روه‌كچۆن له‌ رابردوودا هه‌ورمان مه‌ڵبه‌ندى چالاكى جۆراو جۆر بووه‌، له‌ داهاتوشدا بتوانێت زیاتر خزمه‌ت بكات.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش (د. ھەڤاڵ ئەبوبەکر) پارێزگاری سلێمانی پیرۆزبایى خۆى راگەیاند و نوسیویەتى: "بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە جوانترین پیرۆزبایی خۆمان پێشکەش بەهاوڵاتیانی خۆشەویستی هەورامان و تەواوی کوردستان دەکەین، شانازین بە بوون و هەبوون و بەردەوامبوون و گەشەکردنی شایستانەتان..".

هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کەوتووەتە هەردوو پارێزگای سنە و کرماشانەوە، کە لە 700 گوند و شاری پاوە " هەورامانی تەخت" پێکدێت، کە تاکو ئێستا زیاتر لە هەزار شوێنەواری مێژوویی تێیدا دۆزراوەتەوە و خاوەن 60 شوێنەواری مەعنەوی و 50 شوێنەواری سرووشتی وەکوو کانی بڵ (گەورەترین کانی لە جیهان) و باخێکی 700 ساڵەیە.


ئەم بابەتە 63 جار خوێندراوەتەوە