bONSAY.jpg

ڕۆمانى (بۆنساى) ئەلێخاندرۆ زامبرا كرا به‌ كوردى

نوسه‌ر و وه‌رگێڕى كورد (ئارام ڕەشید)، ڕۆمانى (بۆنساى) له‌ نوسینى (ئەلێخاندرۆ زامبرا)ى كرد به‌ كوردى و به‌شێوه‌ى (pdf) بڵاویكرده‌وه‌.

رۆمانه‌كه‌ له‌ ئێستادا هه‌موان ده‌توانن بیخوێنه‌وه‌، (بۆ خوێندنه‌وه‌ى رۆمانه‌كه‌ كلیك لێره‌ بكه‌) كه‌ ژماره‌ى لاپه‌ڕه‌كانى (86) لاپه‌ڕه‌یه‌، سه‌باره‌ت به‌م رۆمانه‌ و كۆپى نه‌كردنى وه‌رگێڕ له‌ سه‌ره‌تاكانى رۆمانه‌كه‌ نوسیویه‌تى: "مافى ئه‌م به‌رهه‌مه‌ پارێزراوه‌ بۆ وه‌رگێڕ، هیچ كه‌س مافى له‌به‌رگرتنه‌وه‌یى نییه‌، به‌شبێوه‌ى كاغه‌زى".

ئارام ڕەشید، یه‌كێكه‌ له‌ نوسه‌ر و وه‌رگێڕه‌كانى كورد، پێشتر چه‌ند رۆمانێكی دیكه‌ى كردووه‌ به‌ کوردی، لە ماوەی رابردووشدا ڕۆمانى (ترس لە مەرگ)ی نوسەر (ستیڤ تۆڵتز) و ڕۆمانى (ڕێگاكانى گەڕانەوە بۆ ماڵەوە) له‌ نوسینى (ئەلێخاندرۆ زامبرا) چاپ و بڵاوكردەوە.

چەند کورتەباسێک لەبارەی رۆمانەکە و نووسەرەکە:

"ئەدەبیات لەمە جوانتر نانووسرێت"

بۆنساى چیرۆكى خۆشەویستى نێوان «خولیۆ» و «ئێمیلیا»یە، دوو لاوى چیللیایى، كە هەر لە یەكەمین ڕستەوە ئاخروعاقیبەتیان ڕوون دەبێتەوە: «ئێمیلیا دەمرێت و ئەو بەتەنیا دەمێنێتەوە، گەرچى چەندین ساڵ پێش مردنى ئەویش، ئەو هەر تەنیا بووە.» ئەمە یەكەمین ڕستەى ڕۆمانەكەیە، بەڵام پرۆسەى گێڕانەوە پێشبینینەكراوە. ڕۆمانێك كە دەستپێكەكەى كۆتاییە و كۆتاییەكەشى كۆتاییەكى واقعییە. ئەدەبیات لەمە جوانتر نانووسرێت: «ئێمیلیا دەمرێت، خولیۆ نامرێت. باقییەكەى ئەدەبیاتە.»

"هەردووكیان دەڵێن پرۆستیان خوێندووەتەوە"

خولیۆ و ئێمیلیا پێكدى ئاشنا دەبن، پێكەوە دەخەون، ئەوسا عاشقى یەكتر دەبن، هەر بەم سادەییە. لێكدى جیا دەبنەوە، بێ درامێك. جوانیى لە خودى ئەم تراژیدیایەدایە، لەو هەقیقەتەى كە خۆشەویستیان بەرانبەر یەكتر كاڵ دەبێتەوە، بەڵام وابەستەى یەكتر دەمێننەوە، تەنانەت ئەگەر هەموو شتێكیش تەواو بووبێت. زامبرا لە چەند ڕستەى كورت دا وابەستەیى قووڵى ئەوان نیشان دەدات: هەردووكیان دەڵێن پرۆستیان خوێندووەتەوە، هەردووكیشیان درۆ دەكەن.

ڕەخنەگرانى ئەدەبى دەیانپرسى: زامبرا كێیە؟

ڕۆمانى بۆنساى، شۆكێك بوو لە مێژووى ئەدەبیاتى ئەمەریكاى لاتین. ڕەخنەگرانى ئەدەبى دەیانپرسى: زامبرا كێیە؟ چۆن دەبێت نووسەرێك بە ڕۆمانێكى وا بچكۆلەوە، كاریگەرییەكى وا گەورەى لەسەر خوێنەران دانابێت؟ چۆن دەكرێت گشت ڕەخنەكان ستایشئامێز بن، لە كاتێكدا ئەم كتێبە بچكۆلەیە، چیرۆكێكى سادەى عاشقانەى هەیە؟

ئەلیخاندرۆ زامبرا (Alejandro Zambra)، رۆماننوس و چیركۆننوس شاعیر و نوسەرى چیلى، له‌ رۆژى 24/9/1975 له‌ شارى سانتیاگۆ له‌ دایكبووه‌، بە یەکێک لە باشترین ڕۆماننووسە گەنجەکانی گرانتا بە زمانی ئیسپانی هەڵبژێردراوە، لە لایەن جونۆت دیاز و دانیێل ئالارکۆنەوە ڕێزی لێ نراوە، پێش تەمەنى چل ساڵیى یەكێك بووە لە ئەندامانى گرووپى «بۆگۆتا 39» كە بە باشترین نوسەرە لاوەكانى ئەدەبیاتى ئەمەریكاى لاتین دادەنرێن، له‌ ساڵى 2006 به‌ نوسینى ڕۆمانی (بۆنسای) خەڵاتی ڕەخنەگرانی چیلی پێدراوه‌، له‌ ساڵى 2009  خەڵاتی باشترین کتێبی وەرگێڕدراوى پێدراوه‌، لە ساڵى 2011 له‌لایه‌ن نوسەر و دەرهێنەر کریستیان خیمێنێز بە هەمان ناوەوە ڕۆمانەکەی کردووەتە فیلم، رۆمانى (ڕێگاکانی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە) و ڕۆمانى (بۆنساى) له‌لایه‌ن وه‌رگێڕى كورد (ئارام ره‌شید) كراوه‌ته‌ كوردى.


ئەم بابەتە 91 جار خوێندراوەتەوە