Adonis.jpg

عه‌ترى ئه‌و عاشقانه‌ى مردن

ئه‌دۆنیس - وه‌ر‌گیڕانى ته‌ڵعه‌ت تاهیر

*

بخوێنه‌وه‌.. مه‌خوێنه‌وه‌:

ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێ كه‌ شه‌هوه‌تى نوسینت لا به‌رپا ده‌كا.

 

*

له‌ش و لارى هات.. له‌ش و لارى رۆیشت:

هه‌ندێ ئه‌ندامى، شایه‌تن بۆ من.

هه‌ندێ ئه‌ندامى، شایه‌تن له‌سه‌رم.

 

*

له‌ دابونه‌ریتى میلله‌ته‌ كۆنه‌كان، روخساری هه‌ندێ خواوه‌ند ماسكى ئاژه‌ڵیان هه‌بوو!

ئایا ئه‌مه‌ ده‌ربڕینێك بوو بۆ یه‌كانگیرى له‌گه‌ڵ غه‌یبدا،

یان یه‌كانگیرى له‌گه‌ڵ واقیع؟

له‌وه‌ ده‌چێت، هونه‌رمه‌ندانى ئه‌و میلله‌تانه‌ ته‌نیا ئه‌و شتانه‌یان داده‌هێنا

كه‌ لێى ده‌ترسان!

 

*

باوك..

ئه‌و ره‌گه‌یه‌، كه‌ هیچ ره‌گێكى نییه‌.

 

*

له‌به‌رچى ره‌ش ده‌پۆشێت؟

بۆ زمانى عه‌ره‌بى؟ بۆ عروبه‌ت؟ بۆ عه‌ره‌بان؟

به‌هه‌ر حاڵ..

ئه‌م سه‌رده‌مه‌، ته‌نیا ره‌شى لێ ده‌وه‌شێته‌وه‌.

 

*

ئه‌وه‌ى من گوتوومه‌ ئابلۆقه‌ى نه‌داوى،

ئه‌وه‌ى تۆ نه‌تگوتووه‌، ئابلۆقه‌ت ده‌دا!

بیڵێ.. با بزانین چى ده‌بێ،

بۆ له‌مڕۆدا خۆت له‌ شتێكدا ده‌شاریته‌وه‌،

كه‌ سبه‌ینێ دێت و ئاشكراى ده‌كا؟

 

*

كه‌ى جورئه‌ت ده‌كه‌ى پووچى له‌و قه‌بره‌ ده‌ربێنیت،

كه‌ خۆشه‌ویستى هه‌ڵیكه‌ندووه‌؟

 

*

له‌ ژیانیدا، زۆر شتى له‌ ناخى خۆیدا به‌ند كردبوو، كه‌ ببوونه‌ له‌مپه‌رى نێوانى خۆى و ئازادى. ماوه‌یه‌كه‌ یه‌ك له‌ دواى یه‌ك ئازادیان ده‌كا. ئه‌مڕۆ له‌ ئازادكردنى به‌شێكیان په‌شیمان بوویه‌وه‌، بۆ نمونه‌: په‌شیمانه‌ له‌ ئازاد كردنى ناسینى كه‌سانێك، به‌ براده‌رى له‌ قه‌ڵه‌مدابوون.

 

*

ئه‌وه‌تا، ئه‌و كه‌سه‌ى كار بۆ ئازاد كردنى خه‌ڵك ده‌كا،

تاوه‌كو به‌ هۆیه‌وه‌ خۆى له‌ ئازاد كردنى خۆى بدزێته‌وه‌!

 

*

چه‌ندى زانینى له‌باره‌ى ژیانه‌وه‌ زۆرتر ده‌بێ، ژیان سه‌ختتر و ئاڵۆزتر دێته‌ به‌رچاو،

ئه‌و نهێنیه‌ چییه‌ وا ده‌كات مرۆڤ خه‌یاڵ بكات، كه‌ زانین جۆرێكه‌ له‌ نه‌زانین؟

 

*

كات لێره‌، له‌ ژیانى عه‌ره‌بدا

مه‌یلێكى زۆرى هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ شوێن!

 

*

ئه‌رێ هیچ به‌ختێك هه‌یه‌

بۆ خودى ئه‌و زاره‌ ئاڵۆزه‌ى، به‌خت ده‌خوێنێته‌وه‌ و دابه‌شى ده‌كا؟

 

*

هه‌میشه‌ بیر له‌ مردن ده‌كاته‌وه‌ /

بۆ ئامانجێك:

تا قسه‌ له‌باره‌ى ژیانه‌وه‌ تازه‌كاته‌وه‌.

 

*

به‌رده‌وام بڵێ: نه‌خێر.

ره‌نگه‌ وشه‌ى (به‌ڵێ) ته‌نیا له‌ دوایین میوان بوه‌شێته‌وه‌:

كه‌ مردنه‌.

 

*

ده‌سته‌ و كۆمه‌ڵ هیچ مانایه‌كیان نییه‌،

ته‌نیا به‌ وه‌سفى تاك نه‌بێت.

 

*

له‌وه‌ته‌ى له‌ خه‌ڵك دوور كه‌وتۆته‌وه‌،

هه‌ست ده‌كا نزیكتره‌ لێیانه‌وه‌ و باشتریان ده‌ناسێت.

 

*

له‌ناو خوێنیدا، سه‌فه‌ر هێرشى بۆ دێنێ،

له‌ هه‌نگاوه‌كانیدا، هێرشى بۆ دێنێ، گه‌ڕانه‌وه‌!

 

*

هه‌ر له‌ باره‌ى (گۆڕان) ه‌وه‌ قسه‌ ده‌كا،

ته‌نیا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ (وه‌ستان) یش ده‌كا،

هه‌ر هیچ نه‌بێ با دڵسۆز بێت، بۆ ئه‌و وشه‌یه‌ى به‌رده‌وام له‌سه‌ر زاریه‌تى!

 

*

زۆر جار لێكتێنه‌گه‌یشتن،

قووڵبونه‌وه‌ى تێگه‌یشتنه‌، له‌ باره‌ى شته‌ خراپه‌كانه‌وه‌.

 

*

خۆى پێ سه‌رۆكه‌،

ناشتوانێت بڕوات، ته‌نیا به‌ پێى خه‌ڵك نه‌بێت!

 

*

شاعیرێكه‌ به‌س به‌ غوبارى رق ده‌ژیت،

به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ر كاتێك ده‌ڕوا، زمانى له‌به‌ر پێیه‌كانیه‌تى.

 

*

ده‌بوایه‌ له‌ كۆتاییه‌كانى سه‌ده‌ى بیسته‌مدا بمرێت، یان هیواى وابوو.

ئایا ئه‌مه‌یه‌ وا ده‌كا له‌مڕۆدا هه‌ستبكات له‌ سه‌ده‌ى بیست و یه‌كدا نیشته‌جێ نییه‌؟

هه‌ستبكات تیایدا بوونى نییه‌، ته‌نیا وه‌ك په‌ڕاگه‌نده‌یه‌ك نه‌بێت؟

 

*

كاتێك ماوه‌یه‌كى درێژ شیعر نانوسێت،

هه‌ست ده‌كا موسافیرێكى شه‌كه‌ته‌ و خه‌ریكه‌ له‌ تینوێتیدا بخنكێت.

 

*

هه‌ر كاتێك.. چووه‌ سه‌ر چرپا بۆ خه‌وتن،

پێى خۆشه‌ بۆ خۆى، به‌ خۆى بڵێت:

خۆشه‌ویستى له‌ش و لارى روناكییه‌ و

سێكس ده‌مارێكه‌ له‌ جه‌سته‌ى شه‌و.

 

*

مرۆڤ قامیشێكى ده‌گمه‌ن و به‌رزه‌، بۆ نوسینه‌وه‌ى زه‌وى.

به‌ چ عه‌قڵێك ده‌یانه‌وه‌ێت بگۆڕێت بۆ مه‌ره‌كه‌بێك

 له‌ مه‌ره‌كه‌به‌كانى غه‌یب؟

 

*

پرسیاره‌كانت بكه‌،

له‌ هه‌موو شوێنێكیش به‌ شوێن وه‌ڵامدا بگه‌ڕێ:

ته‌نیا له‌ناو كتێبان نه‌بێ.

 

*

ئه‌و منداڵه‌ى له‌ ناخمدایه‌،

هه‌میشه‌ ئاره‌زووى یاخیبونى هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پیره‌مێرده‌ى كه‌ خۆمم،

ئه‌مه‌ و گرفتێكیش هه‌یه‌:

ئه‌و منداڵه‌ پێى وایه‌ جیهانیش وه‌ك خۆیه‌تى و

له‌ قۆناخه‌كانى یه‌كه‌مى منداڵییه‌!

 

*

جیهان / له‌م ساته‌دا لاى ئه‌و.. له‌وه‌ ده‌چێت:

كه‌ گالیسكه‌یه‌كه‌ و ئه‌سپه‌كانى په‌ستى رایده‌كێشن،

گالیسكه‌یه‌ك: پڕه‌ له‌ عه‌ترى ئه‌و عاشقانه‌ى مردن.

 

*

دوێنێ چرایه‌كى داهێنا.

ئه‌مڕۆ به‌ روناكیه‌كه‌ى په‌ست ده‌بێ!

 

*

پۆلێك نه‌وره‌س، له‌سه‌ر شه‌پۆلدا پاڵكه‌وتوون:

ده‌بێ چ نامه‌یه‌ك بۆ كه‌نار بنوسن؟


ئەم بابەتە 74 جار خوێندراوەتەوە