Shadwman.jpg

جەنگی ئەبەدی لە نێوان باشە و خراپەدا! (بەشی دووەم)

شادمان محەمەد

ماوەی ساڵانێكی ئێكجار زۆرە، مرۆڤ هەر لە پێشبینی نەمانی ئەستێرەی (زەویدایە- هەسارەی زەویدایە). بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام لە رێی چەندان پەڕتووك و فیلمەوە ئەو ئەگەرە خراپانەیان خستۆتە ڕوو، بە زۆری ئەوانەش لە هەوڵێ ئەوەدان كە ئەو كاولكاری زەویە بخەنە ئەستۆی كۆمەڵێك بونەری فەزایی و نادیار، بەڵام لە راستیشدا سەرجەم ئەو دروست كراوانەش ئەمان بە هۆكاری دەزانن تا ئەم ساتە دروستكراوی خودی مرۆڤە.

ئەم فیلمەی زاك سنایدەر، درێژە پێدەری هەمان بیرۆكەیە، هەمان ململانێی خەیر و شەڕ، شەر لە پێناو مانەوەدا، شەر لە پێناو پاراستنی نەسڵی مرۆڤدا.

لە ڕابردوودا رەنگە زۆرێكمان بینەری هەردوو ئەفلامكارتۆنی بەناوبانگی جیهانی ( گرایندایزەر - یوفۆ) و ( عەدنان و لینا - Future Boy Conan) كە بەرهەمی فەرمی وڵاتی ژاپۆنە، كە تێیدا هەردووكیان باس لە كارەسات و كاولكاری زەوی و جیهانی پاش جەنگ دەكەن. 

ئەو دوو زنجیرە كارتۆنە ژاپۆنییە، كە یەكیان ساڵی ١٩٧٥ و ئەوەی تریان ساڵی ١٩٧٨ بەرهەمهاتووە، دواتر بیرۆكەی كارەكە بووە سەرچاوەی سرووشبەخشی و ئیلهامبەخشی زۆرێك لە تایپی ئەم فیلمانە.

ئەم جۆرە فیلم و ئەنیمەیشنە خەیاڵییانە، كە سەرچاوەی زۆریان پەڕتووكی وێنەی كێشراون كە مەودایەكی فراوان دەبەخشێتە بۆ كاركردن لە دروستكردنی تایپی (دیستۆپیا- جیهانی پاش جەنگ و كاولكاری).

زاك سنایدەری دەرهێنەر، بە هەمان بیرۆكەی ئەوانەی ڕابردوو دەیانەوێت زەوی پبارێزن لە هەر ئەگەرێكی لە ناوچوون، هەربۆیە لەم فیلمەدا باسی لە (گەلی ونبووی ئەتڵەنتیكیەكان و ئەمازۆنییەكان)دەكات و كاری كردووە بۆ دوبارە زیندووكردنەوەی ئەو دوو هۆزە لە مێژینەیە، لەو پێناوەدا دێت هەر یەكە لە كارەكتەرە سوپەر هێرۆكان دەخاتە یەك بازنەی یەكگرتنەوە دژ بەبازنە و هەژموونی (داركساد و دیساد)ەوە، تاوەكو هاوشێوەی (قائید گەندال و دكتۆر عەلام) كۆنتۆرلی زەوی نەكەن و بەرەو لە ناوچوونی هەمیشەیی نەبەن. 

ململانێی خەیر و شەر لەگەڵ بوونی مرۆڤایەتی هاتۆتە ئاراوە، وە پێی دەقی ئایینی ململانێ و شەر و كوشتار لە چیرۆكی (قابیل و هابیل)ەوە دروست بووە، ئەمە جگە لە بڵاوبوونەوەی فكری شەر و خەیریش لە سێوەكەی ئادەم و حەواوە. 

كەواتە؛ مرۆڤ تا ئەو ساتەی لە سەر زەویدا بێت ماندوو دەبێت، پشوو نادات، سەرەرای شەكەتی ئارەزووی ژیان دەكات، پێیخۆشە پارێزگاری لە مانەوەی خۆی بكات لە سەر زەوی تەنانەت بەوەشەوە ناوەستێت بەردەوام كنە و فزووڵی ژیان لە سەر ئەستێرەكانی تریش دەكات و كە بە هۆیەوە ساڵانە بە سەدان ملیۆن دۆلاریش خەرج دەكات، وێلی نەمرییە، عاشقی ئەبەدیتە، هەربۆیە وێڵە بە شوێن دەرمانی نەمرییەوە ڕۆژێك لەسەر (مانگ - هەیڤ) و ساتێك لە (مەریخ و چەندانی خولگە و ئەستێرەی تر).


ئەم بابەتە 55 جار خوێندراوەتەوە