Hoshyar.jpg

کتێبی هونەری سەرناوک و خوار ناوک بڵاوکرایەوە

کتێبی هونەری "سەرناوک و خوار ناوک" لە نووسینی هۆشیار جەمال بڵاوکرایەوە.

هۆشیار جەمال نووسەری کتێبەکە لە لێدوانێکى تایبه‌ت به‌ سایتى گه‌لاوێژ رایگەیاند: "ئەم کتێبەم کۆکراوەی وتارە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانمە کە لە نێوان ساڵانی (٢٠١٧) بۆ (٢٠٢١) نووسراوە، کە زمانی نووسینی کتێبەکە زمانێکی ڕەخنەیە و پەیوەستە بە دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستانەوە.

هەروەها وتیشی: "ئەم بەرهەمەم ماوەیەکی زۆرە ئامادەی بڵاوکردنەوەیە هەر بۆیە ئێستا بە شێوەی کتێبی ئەلیکترۆنی(pdf) بڵاومکردۆتەوە، بەو ئامانجەی کە زۆرترین خوێنەر بێ بەرامبەر دەستی بکەوێت و خوێنەری بێت".

سەبارەت بە هۆکاری ناونانی کتێبەکەی دەڵێت: "لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی مرۆڤەکانی بەبەردەوامی گرنگی دەدەن بە خواردن و سێکس، هەر بۆیە ناوی کتێبەکەشم نا هونەری سەرناوک و خوار ناوک، وە هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی بەم شێوەیەن کە هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو کۆمەڵگایانە بە بەردەوامی لە کێشەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدان، چونکە گرنگی دانی زیاتر لە پێویست بەو دوولایەنە یەکسانە بە وەلانانی بە کارهێنانی ئەقڵ و هزری مرۆڤ کە بە داخەوە لەم ناوچەیە گرنگی پێ نادرێت و پەراوێز خراوە و دەرئەنجامەکەشی ئەم تەنگەژانەیە کە لەسەر ئاستە جیاوازەکان ئاماژەم بۆ کرد".

ئه‌م به‌رهه‌مه‌ دووەم بەرهەمەی بڵاوکراوەی نووسەرە، کە پێشتریش لێکۆلێنەوەیەکی بە ناوی پشكۆی ژێر خۆڵەمیش (ڕۆژئاوای کوردستان چۆن هەستایەوە؟) چاپ و بڵاوکردوە.


ئەم بابەتە 85 جار خوێندراوەتەوە