Choman.jpg

میتاگینیس کێ بووە؟

چۆمان تەقێدین

لێرەوە زنجیرەیەکی مێژووی شانۆ دەستپێدەکەین، کە بریتی دەبێت لە ژیان نامەی هەوەڵین نووسەر و ئەکتەرە مێژوویەکانی بواری شانۆ و کارکردن دەبێت لەو ڕوبەرە فراوان و دێرینەی یۆناندا کە لە پاشمانەوە جێماوە و لە ئێستاشماندا ئامادەیی هەیە. نووسەر و ئامادەکاری ئەم زنجیرەیە بەڕێز چۆمان ە و ئەم زنجیرەیە تایبەتە بە سایتی گەڵاوێژ بەشی شانۆ.

زنجیرەی سی و چوارەم. دەربارەی نووسەران لەمێژووی شانۆدا.

 میتاگینیس کێ بووە؟

گریکییە دێرینەکان ، یەکێک بوون لەو نەتەوە کۆنانەی کە جێ دەستیان دیارە لە مێژووی شارستانیەتی جیهانی دێرین دا ، و لە ناو شارستانیەتی گریک (یۆنان)ییە کۆنەکان ، خەڵکی دەوڵەتە شاری ئەسینا پشکی شێریان بەر دەکەوێت ، و لە ناو خەڵکی دەوڵەتە شاری ئەسینا گەلێک زانا و فەیلەسوف و ڕەوانبێژ و نووسەر و هونەرمەند دەرکەوتون ، کە توانیویانە ڕێڕەوەی مێژووی مرۆڤایەتی بگۆڕن لە هەموو بوارەکاندا ، و هەروەها دەوڵەتە شارەکانی تری شارستانیەتی گریکییە کۆنەکان ، هەر یەکەیان بە نۆرەی خۆی دەوری هەبووە لە پێشخستنی شارستانیەتی یۆنانییە پێشینەکان.

 ئەسیناییەکان دەستێکی باڵا و دیاریان هەبووە ، و یەکێک لەو بوارانە کە تیایدا پێشەنگ بوون هونەری شانۆ بووە ، و لە پاڵ  ئەسیناییەکان دا ، و خەڵکی ناوچەکانی تری وڵاتی گریکییە دێرینەکان ، دەوریان هەبووە  لە پێشکەوتنی شارستانیەتی یۆنانییە پێشینەکان ، زۆرینەی سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ، کە گریکییە دێرینەکان بە گشتی ، و هەروەها دەوڵەتە شاری ئەسینا بە تایبەتی بە داهێنەری هونەری شانۆ دادەنرێت لە مێژووی دێرینی مرۆڤایەتیدا.

بنچینەی هونەری شانۆ لە ناو شارستانیەتی گریکییە دێرینەکان ، دەگەڕێتەوە بۆ ئاهەنگ و بۆنە دینییەکان کە لە دەوڵەتە شارە جیاوازەکانی وڵاتی  یۆنان ساز دەکران ، کە ئەو ئاهەنگ و بۆنانە لە دەوری خواوەند (دیۆنیسس) یان (باخۆس) دەسورایەوە ، کە ئەو خواوەندە یەکێک لە خواوەندە نیشتەجێ بووەکانی چیای ئۆلیمپوس ، کە لە پارێزگای پێیریا لە هەرێمی مەکدۆنیای ناوەندی سەر بە وڵاتی  گریک (یۆنان) ی ئێستە هەڵکەوتووە ، خواوەند (دیۆنیسس) یان (باخۆس)  خواوەندی بەروبووم و داری مێوە بووە ، و هەروەها دواتر ئەو هونەرە واتا هونەری شانۆ لە گریکییە پێشینەکانەوە ، چووە ناو شارستانیەتەکانی تر ، وەکو میسری دێرین ، و میزۆیۆپامیا (دوو ڕووبارەکە)_کوردستانی کۆن ، و ڕۆمای کۆن ، و ڕووسیا.

ژیاننامەی میتاگینیس

میتاگینیس ، بە پێی زۆرینەی نووسراوەکانی سەرچاوە مێژووییەکانی دێرین ، کە دەربارەی مێژووی هونەری شانۆی کۆنی شارستانیەتی یۆنان نووسراوەن ، بە یەکێک نووسەرانی شانۆ دادەنرێت لە مێژووی هونەری شانۆی  کۆمیدی دا ، کە بە یەکێک لە نووسەرەکانی هونەری کۆمیدی شارستانیەتی گریکی کۆن دادەنرێت ، و هەروەها یەکێکە لە شاعیرە ناودارەکانی هونەری کۆمیدی یۆنان ، کە ئەمەیش پاڵ ئەوانەی تری هاو پیشەی توانیویەتی هونەری شانۆی ئەو سەردەمە بەرەو پێش ببات ، و داهێناێکی گەورە تێدا کردووە ، و هەروەها بە یەکێک لە نووسەر و شاعیرە گەورەکانی شارستانیەتی یۆنانی دێرین و مرۆڤایەتی تاوەکو ئێستە دائەنرێت.

میتاگینیس ، نەزانراوە لە ساڵی چەندی سەدەی پێنجی پێش زایین لە دایک بووە لە خێزانێکی خانەدان و ناودار لە شاری ئەسینای پایتەختی وڵاتی گریك ،  لە هەرێمی ئایتکای سەر بە وڵاتی یۆنان لە دایک بووە ، و خەڵکی دەوڵەتە شاری ئەسینایە ، و تەواوی زۆری ژیانی لە شاری ئەسینا بە سەر بردووە ، و هەروەها  لە تەمەنی لاویەتی دا بووە ، کە هەر وەکو هەر هەموو شانۆنامە نووسەکانی تر دەستی بە نووسینی شیعری کۆمیدی کردووە.

میتاگینیس ، هاو سەردەمی هەر یەکێکە لە شانۆ نامە نووسەکانی ، وەکو: سبيس و پۆلیفراسمۆن و فرینیچوس و خەنوکلیس و کریتیاس و ئاریستۆفانێس و سۆفۆکلێس و ئەیۆن خیۆسی و ئەسخیلیۆس (ئەسکیلیۆس) و یوفۆریۆن و ئیپسیچارموس و کراتینوس و چۆیریلوس و فۆرمیوس و سوساریۆن و یۆریپیدێس و فرینیچوس ئەسینی و کراتیس و فیریکراتیس و پراتیناس و فیلۆکلیس و ساننیریۆس و ثیۆمیوس و هیگیمۆن و هەرمیپپوس و میاگنیس و پلاتۆ و گەلێک شانۆنامە نووسی تر بووە ، و ئەوەیش هەر وەکو ئەوان دەورێکی کاریگەر و بنەڕەتی لە بەرەو پێش بردنی شارستانیەتی گریک (یۆنان) ی ئەو کاتە بە گشتی ، و هونەری شانۆیی یۆنانییە کۆنەکان بە تایبەتی هەبووە،

میتاگینیس ، ئەوەیش وەکو شاعیرە کۆمیدییەکانی ئەو سەردەمەی یۆنانی کۆن ، بە شێوازێکی ڕەخنە ئامێزانە ڕەخنەی ئاڕاستەی دیاردە ناشیرین و کەم و کورتیەکانی کۆمەڵگەی ئەو سەردەمەی گریک کردووە ، و لە ڕێگەی دەقە شانۆییەکان و شیعرییەکانەوە ، ناشیرینییەکانی دەرخستووە ، و ڕەخنەی لە کەم و کورتییەکانی ئەو سەردەمەی گریک کردووە.

میتاگینیس ، هەر وەکو شاعیرانی هاو سەردەمی خۆی لە سەردەمی جەنگی پیلۆپۆنیزی ژیاوە کە جەنگی پیلۆپۆنیزی لە نێوان ساڵانی (404_431پ.ز) دا بووە ، کە ئەو جەنگە لە نێوان یەکێتی فیدڕاڵی دیلیان بە سەرکردایەتی دەوڵەتە شاری ئەسینای گریک (یۆنان) ی دێرین ، و یەکێتی یان ڕابیتەی پیلۆپۆنیزی بە سەرکردایەتی دەوڵەتە شاری ئەسپارتای گریک (یۆنان) ی دێرین بووە ، کە سەر ئەنجام بە سەرکەوتنی یەکێتی یان ڕابیتەی پیلۆپۆنیزی بە سەرکردایەتی دەوڵەتە شاری ئەسپارتا و شکستی یەکێتی فیدڕاڵی دیلیان بە سەرکردایەتی دەوڵەتە شاری ئەسینا کۆتایی هات.

 بەرهەمە شانۆییەکانییەکانی میتاگینیس

میتاگینیس ، لە ماوەی ژیانی دا وەکو شاعیر و شانۆنامە نووسەکانی تر ، کە نزیکەیی دەیان شانۆگەری شانۆیی نووسیووە ، بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان ، بەڵام  بەشێکی هەرەب زۆری دەقە شانۆییەکانەکانی  فەوتاون ، و هەروەها بە پێی ئینسایکڵۆپیدیای سودا کە ئینسایکڵۆپیدیای ناودار و پڕ زانیاری سەردەمی دەسەڵاتداری ئیمپراتۆریای بێزنتییه‌کان بووە ، و لە سەدەی دەی زایینی ، لە لایەن نووسەری بێزنتی (سودس)ەوە نووسراوە ، دەربارەی شانۆ نامە نووسەکان و نووسەرانی دێرین ، و دەربارەی ژمارەی شانۆییەکانی میتاگینیس لە ئینسایکڵۆپیدیای (سودا) دا هاتووە و ئەڵێت شانۆییەکان بە دەیان بەرهەم بووە ،کە نزیکەیی ناوی هەندێ بەرهەمی شانۆیی کە تەنها ناونیشانەکانیان زانراوە ، کە نزیکەیی (6) ناونیشان ئەبێت ، کە ئەمانەن ، وەکو : پاشان ، ماکەکیتۆس ، توریۆپێرسی ، فیلۆتی ، هۆمەر یان ئەسکێتەی ، کە هەندێکیان گەندەڵ دەردەکەون.

میتاگینیس ، هەر وەکو شانۆ نامە نووسەکانی هاوپیشەی لەو سەردەمەدا کە بە سەردەمی زێرینی وڵاتی گریک دائەنرێت ، لە فێستیڤاڵەکانی پەرستگای خواوەند دیۆنیسس ، کە بە شاری دیۆنیسیا ناسراو بوو  بەشداری کردووە ، توانیویەتی چەندین جار خەڵاتی لێژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی بە دەست بهێنێت.

کۆچی دوایی میتاگینیس

میتاگینیس ، نەزانراوە  لە ساڵی چەندی سەدەی پێنج یان سەدەی چواری پێش زایین کۆچی دوایی کردووە ، و هەروەها نەزانراوە لە تەمەنی چەندی ساڵی دا بووە کە وەفاتی کردووە ، بەڵام ئەوە زانراوە لە شاری ئەسینای پایتەختی وڵاتی گریك ،  لە هەرێمی ئایتکای سەر بە وڵاتی یۆنان کۆچی دوایی کردووە ، و هەر لەوێش ئەسپەردەی خاک کراوە ، هەر وەکو هاوشارییەکانی خۆی.

سه‌رچاوه‌کان

1_یاسین سابرساڵح: ئینسایکڵۆپیدیای گشتی-سلێمانی2005ز.

2_بهنام محەمەد پناه: نهێنییەکانی شارستانیەتی یۆنانی کۆن-وە: زاهیر محەمەد ڕەشید-سلێمانی2008ز.

_3پ . د. جڤری برۆن: پوختەی مێژووی ئەوروپا- وە: نیهاد جەلال حبیب اللە-سلێمانی2009ز

4_ویل دورانت: مێژووی شارستانیەت/ بەرگی چوارەم-وە: عەبدوڵڵا رەسووڵی-سلێمانی2014ز.

5_لوتفی عوبدولوەهاب یەحیا: یۆنان ، سەرەتایەک لە مێژووی شارستانییدا-وە: د . سەنگەر حاجی-هەولێر2014ز.

6_ئێریک ئریکسۆن: میتۆلۆجیای یۆنانی-وە: کەریم مستەفا-سلێمانی2020ز.


ئەم بابەتە 202 جار خوێندراوەتەوە