1.jpg

ماسته‌رنامه‌یه‌ك له‌سه‌ر دیوانی ته‌مه‌نی ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د وه‌رگیرا

لە بەشی کوردی کۆلێژی زمانی زانکۆی سەڵاحەدین نامەیەکی ماستەر لەسەر شیعرەکانی ئەحمەد محەمەد به‌ناونیشانى (وێنەی شیعری لە دیوانی تەمەنی ئەحمەد محەمەدی شاعیر) وه‌رگیرا.

رۆژى 29/7/2021 لە هۆڵی( د. عەبدولحەمید یەعقوبی) لە کۆلێژی زمان لە زانکۆی سەلاحەدین  گفتوگۆی نامەی ( ماستەر )ی توێژه‌ر ( ئیدریس محه‌مه‌د رەزا ) بە ناونیشانی(وێنەی شیعری لە دیوانی تەمەنی ئەحمەد محەمەدی شاعیر) ئه‌نجامدرا، كه‌ بۆ یه‌كه‌م جاره‌ ماسته‌رنامه‌یه‌ك  لەسەر شاعیرێکی لیریکی وەردەگیرێت.

سه‌باره‌ت به‌م ماسته‌رنامه‌یه‌ پێشتر شاعیرى كورد ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د له‌ واڵى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوك هه‌واڵه‌كه‌ى بڵاوكردۆته‌وه‌ و نوسیبوى: "وێنەی شیعری لە دیوانی تەمەنی ئەحمەد محەمەدی شاعیر، تێزێکی زانستییە بۆ بەدەستهێنانی نامەی ماستەر لە بەشی کوردی کۆلێژی زمانی زانکۆی سەڵاحەدین، قوتابی ماستەر (ئیدریس محمد رچا) ئێستا لە کۆتاییەکانی ئەم کارەدایە".

شاعیر هیواشى خواستووه‌ و ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، هیوادارم سەرکەوتوو بێت و لەدوای گفتوگۆی نامەکەی بتوانین وەکو کتێب چاپی بکەین، بۆ خزمەت گەیاندن بە خوێنەران و قوتابیان لە گشت زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان.

له‌ كۆتایشدا نوسیویه‌تى: "ئەم بەڕێزە خەڵکی سلێمانییە و دانیشتووی شاری هەولێرە، پەیوەندی پێوە کردم کە دەیەوێت لەسەر دیوانەکەم نامەی ماستەر بێنێتەوە، منیش بە خۆشحاڵیەوە ڕەزامەندی پیشاندا و هیوای سەرکەوتنم بۆ خواست، ئێستا لە کۆتاییەکانی نووسینی ئەم بەرهەمە ناوازەیەیە و دووبارە پیرۆزبایی ئاڕاستە دەکەم".


ئەم بابەتە 31 جار خوێندراوەتەوە