70731396_442732056586387_3779931164509208576_n.jpg

لە قەڵاوە بۆ ئارارات -د. فازڵ جاف- ئەکرۆباتێک لە نێوان ئەکادیمیا و بەهرەدا

 

 

      خوێندنەوەی ئەم پەڕتووکە لە یەک کاتدا هەم سانا و هەمیش زەحمەتە. لەوێدا ئاسانە کە تەنیا وەک بیرەوەریی هونەرمەندێکی بواری شانۆ دەیخوێنینەوە، ئەمما گرانە کاتێک ڕەهەندە زانستییە شانۆییەکەی وەردەگرین، چونکە چیتر لە کتێبێک کە بە زمانێکی سادە خەریکی گێڕانەوەیەکی سادەیە، دەگۆڕدرێت بۆ کتێبێک کە خاوەنەکەی وەک ئەکادیمیستێک خەریکە ئەزموونی خۆییمان لەسەر هەردوو ئاستی (شانۆ وەک زانست- شانۆ وەک بەهرە) پێشکەش دەکات.

       ئەوەی لەم کتێبەدا بۆ من بوو خاڵی سەرنج بوو، بگرە ئەو دیدەی زیاتر تێدا سەپاندم کە پێویستە بەردەوام ئاگاداربین ئەکادیمییا لەگەڵ خۆییمان نەبات، بە ئەندازەیەک بمانگۆڕێت بە بوونەوەری ناو تاقیگەکان و لەو شتانەی پێشتر گوتراون بترازێت هیچیترمان لە باردا نەبێت، گرنگتر لەوەش ئەم کتێبە لە ئاستێکدا فێرت دەکات، چۆن وەک هونەرمەندێک لە دەرەوەی ڕێساکانی ناو تاقیگەکان، هێزی خۆگونجاندن لە خۆتدا ئاکتیڤ بکەیت و بتوانیت لە زەمینەی جیاواز و بە کەرەستە و توانای ماددیی و هونەری جیاواز، ریسک بکەیت و بگەیتە پلەی داهێنان. واتە هیچ شتێک وەک لەمپەر نەبینیت لەسەر ڕێگاکەت، بۆ گەیشتن بە هونەرەکەت، کە ئەمە پێچەوانەی مرۆڤە تەمبەڵەکانە، چونکە ئەوان بەردەوام لەدووی ئاستەنگ وێڵن و ئەگەر هەر نەبێت ناچار بۆ خۆیان سازی دەکەن، تەنیا بۆ ئەوەی لە ئامانجە سەرەکییەکان دوور بکەونەوە و لە کەنارەکانی ئارامییەکی گەمژانەدا لەنگەر بگرن. تەمبەڵەکان مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر داهێنان.

     نووسەری ئەم کتێبە -د. فازڵ جاف- سەرباری بڕوانامەی دکتۆرا لە شانۆدا، هەمیشە وەک هونەرمەندیش هێزێکی سەنگینی داهێنەرانە لە کارەکانیدا بزواوە، ئەو لە چەشنی ئەو خاوەن بڕوانامانە نییە کە پاڵی بە هەیبەتی ئەکادیمیاوە دابێت و لێگەڕێت د.، پ.ی، پ... بیکەنە کاراکتەرێکی خاوەن پێکە و لەسەر مێز و کورسییەکانی کارگێڕی وەنەوز بدات و بوار نەدات کەس توخنی بکەوێت، چون ئەو شارەزایە و سەرەتا و کۆتایی سەرجەمی زانستی شانۆ لای ئەوە، بەپێچەوانەوە بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە تێدەگەین، ئەو پیاوە بارتەقای ئەکادیمییا، هەوڵ و بەهرە و خولیا تایبەتی و کەسییەکانی بۆ گرنگ بووە، ئەمەش لە ئەزموونی پراکتیکی ئەودا بە ڕوونی دەبینرێت. سەرباری ئەوەی بۆ خۆم لە نزیکەوە ئاگاداری بووم کە چۆن تاکو ئێستاش خوێنەرێکی بەردەوامی دوایی کتێبەکانە سەبارەت بە شانۆ.

         یەکێک لە گرفتەکانی زۆرینەی ئەو کەسانەی لە مەیدانی شانۆی ئێمەدا کار دەکەن، ئەوەیە، کە بەلەبەرچاو گرتنی دۆخی خۆیان، واتە ئەگەر خوێندبووی ئەوا سەرلەبەری کارەکە دەخاتە ناو بازنەی ئەکادیمیاوە و لە دەرەوەی ئەو بازنەیە هیچ شتێکب بوونی نییە، تەنانەت بە پێوەری ئەو چەشنە کەسانە کەسیتر بۆی نییە باسی شانۆش بکات، هاوکات ئەگەر کەسەکە بڕوانامە یان پسپۆڕی لە شانۆدا نەبوو، ئەوا هەموو ئەوانەی خاوەن پسپۆڕین بە کەسانی خەڵەفاو هەروەها گێل زیندان لە قەفەزی ئەکادیمیادا لە قەڵەم دەدات.

         لە کاتێکدا هەردوو تێڕوانینەکە هەڵەن، بەو پێیەی نمونەی باڵامان لە هەدووکیان لەبەردەستە و هەر لە ناو شانۆی کوردییدا بەرچاون. واتە بوونی بڕوانامە کەس ناکاتە داهێنەر ئەگەر کەسەکە لە بنەڕەتدا داهێنەر نەبێت، هەروەکچۆن مەرجیش نییە هەموو کەس ئەو دەرفەتەی بۆ بڕەخسێت کە بەبێ بڕوانامە و خوێندن داهێنان بکات، بە کورتی هەریەک لەو دوو بابەتە ڕێژەیین بۆ هەمووان وەک یەک نین.

       خاڵێکی دیکەی گرنگ لەم کتێبەدا ئەوەیە کە نووسەر لە میانی ئەزموونی کەسی خۆیەوەیە لە هەردوو چەشنەکە ئاگادارمان دەکات، بەوەی لە هەندێک باردا لەگەڵ ئەوەی بۆ خۆی خاوەن پلەی زانستی بووە، کەچی کاری بە کەسانێکی ئەماتۆڕ -ناپسپۆڕ-کردووە، تەنانەت ئەگەر لە ناچاریشدا بووبێت. مانایەکی گەورە لە خۆییدا هەڵدەگرێت و بە ئاستێکی باش ئەو سنورەی نێوان ئەو دوو مۆدێلە لە تێڕوانین تێکدەشکێنێت، کە هەر بەڕاستی سنورێکە لە زیانی هەر بوارێک دەگەڕێت.

       ڕەهەندێکی دیکەی ئەم کتێبە ئەوەیە کە نووسەری ئەم کتێبە وەک هونەرمەندێکی بواری شانۆ بەردەوام هەوڵیداوە سوود لە زەمینە جیاوازەکان وەربگرێت بۆ کارکردن، نەک کڵێشەیەک بۆ کارکردنی خۆی بکێشێت و ئەگەر هاتوو شتەکان وەکو ئەوەی ئەو دەیەوێن لە بار نەبوون، ئەوا پاڵی لێبداتەوە و کار نەکات(جارێک بە تەوسەوە بە مامۆستایەکی هاوەڵی خۆمم لە پەیمانگا وت: ئێستا بۆ من سەیرە کە تۆ ڕۆژانە بەپێی ئەوەی ژمارەی خوێندکارەکانمان کەمن و کاری کارگێڕیت زۆر کەمە، کەچی چەند کاتژمێرێک لێرە بە دەستی بەتاڵ دەبەیتەسەر، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەیتەوە دەست بدەیتە پالێتێک بۆ کاری هونەری! –مامۆستاکە پسپۆڕییەکەی وێنەکێشان بوو- چونکە دڵنیام لە ماڵیشەوە بە بیانووی کاری ماڵ و منداڵ ژیانی تایبەتیت بوارت نییە.-ئەگەرچی بۆ هونەرمەندی ئۆرژیناڵ هونەرەکەی خودی ژیانە-

مامۆستای بەڕێز هیچ لای گران نەبوو کاتێک وتی: مامۆستا گیان ڕاستت دەوێت؟ من تاقەتی ئەم بوارەم نەماوە! خێرا وتم: ئاخر تۆ جارێ دەستت پێنەکردووە، بە کوێدا تاقەتت نەما؟ خێراتر لە من وتی: کورە هەر لە سەرەتاوە باوەڕم پێی نەبووە!

زۆر ڕامام، لەوەی چ هەستێکە مامۆستایەک بەوپەڕی تین و تاویەوە بابەتێکی پەیوەست بە هونەر بۆ دەستەیەک خوێندکار ڕوون بکاتەوە و کەچی لە بنەمادا خۆی هیچ باوەڕێکی بە بابەتەکە نەبێت؟ -ستانسلاڤسکیم- بیرکەوتەوە لە پەردەی -ڕاستگۆیی و باوەڕهێنان- کە چەندە ورد لەوە دەکۆڵێتەوە ئاکتەر پێویستە بە ڕاستگۆیی و باوەڕەوە ئەوەی کاراکتەرەکەی دەیخوازێت لەسەر شانۆ  ئەنجامی بدات، بەڵام هەر زووش بیرم بۆ لای -میرهۆڵد- کە هەریەک لەو دوو چەمکە فەرامۆش دەکات و ئاکتین دەکاتە هونەرێکی پەتیتر، بەڵام ئاخۆ مامۆستاکەی لای من سەر بە میتۆدەکەی ئەوبەریان بێت؟ یانژی بێئاگا لە هەردووکیان بە ناو کەوتووە و خەریکە هونەر خراپ دەکات.

      بەکورتی نووسەری ئەم کتێبە لەوە ئاگادارمان دەکاتەوە کە هیچ دەرفەتێک بە فیڕۆنەدەین، هەموو دەرفەتێک بۆ کارکردنی هونەریی لە بارە بەمەرجێک هونەرمەند مەبەستی بێت و ئامادەی کاری هونەری بێت، لێرەدا بەسەرهاتی قۆناغێکی ژیانی –میرهۆڵد- کۆمەکمان دەکات، کاتێک لە -تیپی هونەری مۆسکۆ- زویر دەبێت ڕوو لە گوند و شوێنە چەپەکەکان دەکات، دەگێڕنەوە کە لەو ماوەیەدا ڕێژەیەکی بەرچاو کاری شانۆی کردووە، هەر ئەوەش وادەکات ناوبانگی بگاتەوە بە –ستانسلاڤسکی- ئەویش سەرلە نوێ بە دواییدا بنێرێتەوە، تاکو بگەڕێتەوە بۆ تیپی هونەری مۆسکۆ و لە میانی ئەو تیپەدا درێژە بەکارە شانۆییەکانی بدات، ئەگەرچی هیچ کام لە کارەکانی ئەو قۆناغەی –میرهۆڵد- وێنە و ڤیدۆ و نووسراویان لەبارەوە بەردەست نین، بەڵام لە ئاگامدا لە ئەزموونی هونەری ئەو داهێنەرە بەدەرنین و لە پاڵ کارەکانی دیکەییدا باس لەوانیش دەکرێت.

        لە کۆتاییدا بۆم گرنگە هێما بۆ ئەوە بکەم کە ئامادەکردنی ئەم کتێبە لە فۆڕمێکی دیکەدا، کە زیاتر لە شێوەی گفتوگۆیەکی درێژدا دەبوو، وەک هۆکارێک بۆ ناساندنی ئەزموونی کەسی و هونەری د. فازڵ و هەروەها خستنەڕووی ئاستی لێهاتوویی و بەهرەمەندی شانۆکارێک کەشانبەشانی بە دەستهێنانی بڕوانامە درێژەی بە کارە هونەرییەکانی داوە و خاوەن پێگەی تایبەت بە خۆیەتی لە هونەردا، ئەمەش چ لە کوردستان و چ لە ئەوروپا، خەونی ئەو ساڵانەی من بوو لە زانکۆ، چونکە دەمزانی گێڕانەوەیەکی بەچێژ دەردەچێت لە ئەزموون و ژیانی –د. فازڵ جاف- لێ بەداخەوە زەمینە بۆ ئەو کارە لەبار نەبوو، بەڵام کاتێک بەم چەشنەش خوێندمەوە، کە هەمان فۆڕم و تەکنیکە کە پێشتر هەندێکیم لە گۆڤاری ڕامان دەخوێندنەوە کە بەش بەش بڵاویدەکردنەوە، چێژێکی زۆر و زانیارییەکی باشم لێیان دەست دەکەوت. بەڵام بێگومان لە کتێبەکەدا هەموویان پێکەوە و بە تەواوکراوی شیاوتربوو.

        کۆتا سەرنجیشم لەم کاتەدا و لە هەمبەر ئەم کتێبەدا، ئەوەیە کە بریا ڕەگەزی گێڕانەوە تێیدا زیاتر و زیاتر بووایە، بە ئەندازەیەک زمانی گێڕانەوە بگاتە قوڵاییەکانی خۆی، بە مەرجێک زیانی لە لایەنی گەیاندنی زانستی بابەتەکان نەدایە، چونکە ئەوەندەی خوێنەر و خوێندکاری ئەو پیاوەبووم، دەزانم دەستێکی ڕەنگینی لە هونەری گێڕانەوەدا هەیە و ژانرە ئەدەبییەکان بە جوانی دەناسێت، ئەوەش بۆ وەها کتێبێک سوودبەخش دەبوو، چونکە وادەکات ڕووبەری چێژ لەلای خوێنەر فراوانتر بێت، ئاسانتر لە ئێستا کتێبەکە خوێنەران بۆ لای خۆی بەکێش بکات...

       لە هەر بارێکدا خوێندنەوەی ئەم بەرهەمە پێشنیازی منە بۆ کەسانێک کە مەبەستیانە لە هونەر و ژیان و ئەزموونی هونەرمەند و ئەکادیمیستێکی بواری شانۆ تێبگەن. کە سەرجەمی ژیان دەکاتە پانتاییەک بۆ هونەرەکەی.

 

 

                  بە هیوای سوود...

                    داستان بەرزان  

 

 


ئەم بابەتە 281 جار خوێندراوەتەوە