227874414_898182337462923_2888966095634413236_n.jpg

لە دایکبوونی ئەو نوسەرەی دەڵێ: ئەدەب بە مانا رۆحییەکەی چەکە

واسینی ئەلئەعرەج لە دایکبووی (8/8/1954) لە دێی سیدی بوجنانی سنووری شاری تلمسان لە جەزائیر. رۆماننووس و مامۆستای زانکۆیە لە زانکۆی سۆربۆن لە پاریس و زۆربەی زانکۆکانی جەزائیر. یەکێکە لە دەنگە گرنگە ئەدەبی و رۆماننووسەکانی جیهانی عەرەب. 

 واسینی ئەلئەعرەج بە پێچەوانەی نەوەی پێش خۆیەوە، بە هەردوو زمانی عەرەبی و فەرەنسی دەنووسێت، ئەو لەو نوسەرانەیە تەکنیکی گێڕانەوەی پتەوو لێک ئاڵاوە، ڕیتمێکی نەرم و لەهەمان کاتدا شیعری، گشت چیرۆکەکانی داگیر کردووە. لەبەر ڕۆمانە جوانەکانی، لەبەر ماڵە ئەندەلوسییەکەو مێینەی سەراب و زرمەی چەکمە رەقەکان و چەندانی تر. بە باسێکی خێرا و دونیای ئەدەبی ئەو یادی دەکەینەوە. 

 ئەلئەعرەج خاوەنی 31 کتێبی چاپکراوە، کە زۆربەیان رۆمانن و چەند دانەیەکیان چیرۆکن، رۆمانەکانی (زرمەی چەکمە رەقەکان) لەلایەن بەکر دەروێشەوە بۆ کوردی وەرگێڕدراوە، (مرۆڤێک ناوی لە ناواندا نییە) و (ماڵە ئەندەلوسیەکە) لە لایەن سەباح ئیسماعیلەوە کراون بە کوردی و رۆمانی (سەربردەی دواین عەرەب) لەلایەن فەیسەڵ هەمەوەندییەوە کراوە بە کوردی.

رۆمانەکانی واسینی ئەلئەعرەج بۆ چەندین زمانی زیندووی جیهانی وەرگێڕدراون لەوانە: فەرەنسی، ئەڵمانی، ئیتالی، سویدی، دانیمارکی، عیبری، ئینگلیزی و ئیسپانی. بەشداری و سەرپەرشتی سەدان لێکۆڵینەوەی زانستی و فیکری لە زانکۆکانی جەزائیر و وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی کردووە و ئێستا لە زانکۆی سۆربۆن لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا مامۆستایە.

 ئەو خۆی بە هاوڕێی کوردەکان دەزانێت و ئاگاداری سەرجەم ڕۆمانە وەرگێڕدراوەکانییەتی.. لە گفتوگۆیەکدا کە خانمە نووسەر "ڤینۆس فایەق" لەگەڵی ئەنجامداوە.. دەڵێ:

 بۆ ئەوەی خۆم بە خوێنەری کورد بناسێنم، هیچی وام نییە جگە لەوەی دەڵێم بچۆ کتێب و رۆمانەکانم بخوێنەرەوە، بۆت دەردەکەوێت ئەم ئادەمیزادە لە تایبەتمەندییەکدا لەناو کتێبەکانیدا کێیە. ئەم ئادەمیزادە لە ناوچەیەکی دابڕاو و هەژار گەورە بووە، لە ناوچە دوورەدەستەکانی کوردستانەوە دوور نییە.

 ئەمڕۆ ٨/٨/لە دایکبوونی واسین ئەلئەعرەجە کە لەلای کوردەکان بە ڕۆمانی ماڵە ئەندەلوسیەکە بەناوبانگە.

 ڕۆمانەکانی ئەو زیاتر فەزاو مەزاجی شیعری بەسەریا زاڵە، بەجۆرێک تیایاندا کاراکتەرەکان لەگەڵ بیرکردن و لەدەستدان و فەرامۆشی خەریکن.  

 

 

 

 

 

 


ئەم بابەتە 168 جار خوێندراوەتەوە