Herman.jpg

یان دەبم بە شاعیر یان هیچ

بەکر شوانی

هێرمان هێسە، نووسەری خاوەن شێوازی شاعیرانە لە سەردەمی شەڕ و کاولکاریدا

پار نیو سەدە بەسەر مردنی ئەدیبی ناسراوی ئەڵمانی-سویسرایی هێرمان هێسە (Hermann Hesse)دا تێپەڕی، بەڵام بەرهەمە ئەدەبییەکانی هێشتا بەها و نرخی خۆیان لە دەست نەداوە و و بەچەندین زمانی زیندووی جیهان دەخوێندرێنەوە. هێسە لە سەرکەوتن و ناودەرکردنیدا لەسەر ئاستی جیهان، قەرداری شێوازی شاعیرانەی تایبەت بە خۆی و بابەتە مرۆیی و دەروونییە قوڵەکانێتی. هەر ئەو شێوازەیش بوو کە لە ساڵی 1946دا ڕێی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی بۆی خۆشکرد. لە زمانی ئەڵمانیدا دەربڕینێک هەیە بۆ وەسفکردنی شتی بێنرخ و بێکەڵک بەکار دەهێندرێت کە ئەگەر دەقاودەق بیکەین بە کوردی، بەمجۆرەیە: "بەم شتە تەنانەت گوڵدانێکیشت دەست ناکەوێت." دەتوانین لە زمانی کوردیدا دەربڕینەکانی وەک "توورێک ناهێنێت" یان "پوولێکی قەڵپ ناکات" لە بەرامبەر ئەو دەربڕینە ئەڵمانییە بەکار بهێنین. هەفتەنامەی "دی تسایت"ی ئەڵمانی دوای چەند ڕۆژێک لە مردنی هێسە لە 9 ئابی 1962دا، ئەو دەربڕینەی سەرەوەی بۆ وەسفکردنی نووسەری ناوبراو بەکار هێنا. بەڵام کاتێک ئەمڕۆ چاو بە 50 ساڵی ڕابردوودا دەگێڕینەوە، بۆمان دەردەکەوێت هەفتەنامەی باسکراو لەو بۆچوونەدا زۆر هەڵە بووە. ئاخر کتێبەکانی هێسە هێشتا بەشکۆوە لە ڕیزەکانی پێشەوەی ڕەفی کتێبخانەکاندان، بۆ زیاد لە 60 زمانی جیهانی وەرگێڕدراون و سەرووی 125 ملیۆن دانەیان لێ چاپ کراوە و فرۆشراوە.

"یان دەبم بە شاعیر، یان هیچ"

هێسە لە تەمەنێکی زووەوە هەستی وابوو کە دەبێت بە شاعیر و نووسەر، بەڵام دایک و باوکی لە گۆشەنیگایەکی تەواو جیاوازەوە بۆ داهاتووی کوڕەکەیان دەڕوانی. پێش ئەوەی هێرمان لە دایک بێت، باوکی وەک مزگێنیدەری ئاینی مەسیحی لە هندستان کاری دەکرد و دایکیشی کچی یەکێک لە مزگێنیدەرە ناسراوەکانی ئەڵمان بوو. بۆیە دایک و باوکی خوازیار بوون هێرمانیش ببێت بە پیاوێکی ئاینی و درێژە بە داب و نەریتی ئاینییانەی بنەماڵە بدات. بەڵام ئەوان ئەو ئاواتەیان بردە ژێر گڵەوە، چونکە هێسە ڕێی ئاینی نەگرتەبەر و جڵەوی ژیانی دواڕۆژی خۆی لە دەستی دایک و باوکی دەرهێنا. هێرمان هێسە ڕۆژی 2 تەمووزی ساڵی 1877 لە گوندی (کالڤ)ی نزیک لە شاری شتوتگارت لە دایک بووە، لە خێزانێکی زۆر ئاینپەروەردا گەشەی کردووە و دایک و باوکی لە ساڵی 1891دا ناردوویانە بۆ کەنیسەی (ماولبرۆن)ی پرۆتستانتی، بەڵام بەرگەی پەروەردەی مەسیحی و سرووتەکانی ئاینی نەگرتووە و دوای چەند مانگێک هەڵهاتووە. هێسە بڕیاری خۆی دابوو: "یان دەبم بە شاعیر، یان هیچ". دوای هەڵهاتنی لە کەنیسەی ئاماژە بۆ کراو، لە چەند قوتابخانەیەکی جۆراو جۆر دەخوێنێت، بەڵام لە هیچ کامیاندا خۆی نادۆزێتەوە. لە تەمەنی 15 ساڵیدا تووشی ڕووخان و خەمۆکی دەبێت و هەوڵی خۆکوشتن دەدات، بەڵام سەرکەوتوو نابێت. ئەمجار ڕوو لە بازاڕی کار دەکات و لە چەند کارگەیەکی ئامێر و سەعات دروستکردن و لە کتێبخانەکاندا کار دەکات. هێسە لەو تەمەنەدا دەست دەکات بە گەڕان بەدوای ناسنامەی خۆیدا و خۆسەلماندن و خۆدۆزینەوە سەختترین ئەرکی ئەو قۆناغەی ژیانی وی دەبێت. ئەم مەسەلەیەش یەکێکە لەو بابەتە سەرەکییانەی کە نووسەر ساڵانی دواتر لە ڕۆمانەکانیدا کاری لەسەر کردووە و لەو چوارچێوەیەدا سوودی لە ئەزموونەکانی ژیانی ڕابردووی خۆی وەرگرتووە. هێسە بە بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی "پیتەر کامینتسیند" لە ساڵی 1904دا هەنگاوێکی گەورەی نا لە بواری ئەدەبیاتدا و لەپڕ بۆی دەرکەوت کە دەتوانێت تەنیا بە داهاتی نووسین بژی. نووسەر لەو ڕۆمانەدا لەسەر شێوازی نووسەرانی سەدەی نۆزدەیەم ڕۆیشتووە و بایەخێکی زۆری بە سۆز و دەربڕینی شیعر ئامێز و چەمکە کلاسییەکانی نووسین داوە. وەک ناوەڕۆکیش، بەرەنگاری گەشەسەندنی پیشەسازی و چۆڵکردنی گوندەکان و فراوانبوونی شارەکان دەبێتەوە و ئەو گۆڕانکارییە ڕیشەیییانەی ژیان دەخاتەڕوو کە سەردەمی پیشەسازی لە سەدەی نۆزدەیەمدا لەگەڵ خۆیدا دەیانهێنێت. هێسە لە هەمان ساڵی دەرچوونی یەکەم ڕۆمانیدا، لەگەڵ خاتوو ماریا بەرنۆلیی وێنەگردا ژیانی هاوسەرێتی پێکەوەنا و ماڵی گواستەوە بۆ لای ئەو لە شاری کۆنستانسی سەر دەریاچەی "بۆدنزێ" کە هەرسێ وڵاتی ئەڵمانیا و سویسرا و نەمسا بەیەک دەگەیەنێت و بەیەکێک لە ناوچە سرووشتییە هەرە دڵگیرەکانی ئەوروپا دادەنرێت و سەرچاوەی یەکەمی هەڵقووڵانی ڕووباری ڕاینە. هێسە و بەرنۆلی چەند ساڵێک پێکەوە ژیان و وەچەشیان خستەوە، بەڵام سەقامگیری و تەناهی لە مەودای دووردا شتێکی بایەخدار نەبوون بۆ هێسە، بگرە ئەو دوو بابەتە بوون بە سەرچاوەی ئازار بۆی و تەمی کێشە و ئاژاوە باڵی بەسەر ژیانی هاوسەرێتیی خۆی و بەرنۆلیدا کێشا. دیارە ئەوەیش دواین هاوسەرگیری نەبوو لە ژیانیدا. هێسە ماڵی خۆیان و ژن و منداڵ و سرووشتی دڵڕفێنی سەر دەریاچەی بۆدنزێی بەجێهێشت و ڕووی لە وڵاتانی دوور کرد. ماوەیەک لە سریلانکا و ئەندەنۆسیا ژیا و دواتریش ئەو گەشتانەی لە کارە ئەدەبییەکانیدا، بۆ نموونە لە ڕۆمانی "سیدارتا"دا ڕەنگی دایەوە. 

لە نیشتمانپەروەرەوە بۆ ناپاک

پاش گەڕانەوەی لە ئاسیا، لە سویسرا گیرسایەوە و لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی یەکەمی جیهانی لە ساڵی 1914دا ویستی خۆبەخشانە بچێتە ڕیزەکانی سوپای ئەڵمانیاوە، بەڵام بەهۆی کزبوونی چاوەکانییەوە کە بەدرێژایی ژیان بەدەستیانەوە ناڵاندی، بە سەرباز وەرنەگیرا. لەبری ئەوە، لە شاری "بێرن"ی سویسرا لە دەزگایەکی ئەڵمانی بۆ چاودێریکردنی دیلەکانی جەنگ دامەزرێندرا. بەڵام جەنگ و بانگەشەکردن بۆی، لە بەرژوەندی هێسە نەبوون. ئەو لە سەروبەندی هەڵگیرسانی شەڕدا وتارێکی لە ڕۆژنامەی نۆیە تسویریشە تسایتنوگ (NZZ)ی ئەڵمانیزمانی سویسرادا بڵاو کردەوە و تیایدا نووسی: "ئاخ ئەی هاوڕێیان، لەو ئاوازە مەخوێنن." هێسە لەو وتارەدا داوای لە ڕۆشنبیرانی ئەڵمان کرد هێندە باسی نەتەوە و نشتیمان نەکەن و زیاتر بایەخ بە ڕەهەندە مرۆڤایەتییەکان بدەن. بەڵام لە پای ئەو بۆچوون و پێشنیارانە ڕووبەڕووی دوژمنایەتیەکی سەرسەختانە و قین و گاڵتە پێکردن بووەوە. ئەو ڕەخنانە و دواتریش چەند گرفتێکی تری وەک مردنی باوکی و تووشبوونی کوڕە بچووکەکەی بە نەخۆشییەکی کوشندە لە ساڵی 1917دا هێسەیان داغان کرد و کار گەیشتە ئەوەی پەنا بۆ پزیشکی دەروونی ببات. هێسە ناوەڕۆکی ڕۆمانی "دیمیان" کە لە ساڵی 1919دا بڵاو کراوەتەوە، لەسەر بناغەی ئەزموونەکانی خۆی لە بواری شیکردنەوەی دەروونیدا داڕشتووە، بەڵام لە ژێر ناوی خوازراوی "ئێمیل سێنگلیر"دا. هێسە پاش جیابوونەوە لە بەرنۆلی، لە شاری "تسینۆ"ی سویسرا دەستی بە ژیانێکی نوێ کرد و لەو شارە هەندێک لە گرنگترین ڕۆمانەکانی خۆی نووسی، لەوانە: "گورگی دەشتەکان" و "نارتسیس و گۆڵدمان". ساڵی 1924 ڕەگەزنامەی سویسرایی بەدەست هێنا و هەمان ساڵ لەگەڵ خاتوونێکدا بەناوی روس فینجەر ژیانی هاوسەرێتی پێکەوەنا، بەڵام دوای سێ ساڵ لەویش جیابووەوە. ساڵی 1931 بۆ جاری سێیەم ژیانی هاوسەرێتی پێکەوەنا و مێژوونووسی هونەر نینۆن دۆلپینی خواست و تا مردن لەگەڵیدا مایەوە. هێسە بە نیگەرانی و ڕەخنەوە پێشوازی لە بە دەسەڵات گەیشتی نازییەکان کرد، هاوکاری هەڵهاتووەکانی دەستی نازییەکانی کرد و حەشارگە و جێ و ڕێی بۆ نووسەرانی هەڵهاتووی وەک تۆماس مان و بێرتۆلد برێشت دابین کرد. لە ساڵەکانی شەڕی دووەمی جیهانیشدا ڕۆمانی "گەمەی تۆپە شووشەیییەکان"ی نووسی کە بەدوایین گەورە شاکاری نووسەر دادەنرێت. هێسە هەوڵی دا ئەو ڕۆمانە لە بەرلین چاپ بکات، بەڵام نازییەکان مۆڵەتیان نەدا. دواتر ساڵی 1943 لە زیوریخ لە دوو بەرگدا چاپ کرا و چەند دانەیەکی بە قاچاخ گەیشتە ئەڵمانیا کە وەک کاڵایەکی گرانبەها دەستاودەستی پێدەکرا.

خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات... کزبوون و گەشانەوە

هێرمان هێسە وەک حەوتەمین نووسەری ئەڵمانیزمان ساڵی 1946 خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی وەرگرت. لە بەخشینی ئەو خەڵاتەدا بە نووسەر، شێوازی گێڕانەوەی شیعر ئامێز و ئاراستەی مرۆڤایەتی لە ڕۆمانەکانی وەک "دیمیان، گورکی دەشتەکان، گەمەی تۆپە شووشەیییەکان" و سەرجەم بەرهەمەکانی تریدا وەک هۆکار پێشان درا. لە دوای شەڕی دووەمی جیهانیش لە ئەڵمانیا و لە چوارچێوەی گەڕان بەدوای ئاراستەیەکی نوێ  و لە خۆڕاماندا بایەخێکی زۆر بە کتێبەکانی درا. بەڵام کاتێک هێسە ساڵی 1962 لە ماڵەکەی خۆی لە شاری مۆنتانیۆلای سویسرا کۆچی دوایی کرد، درزێک کەوتبووە ناوبانگی، چونکە هەندێک لە ڕەخنەگران لە ساڵانی پەنجای سەدەی ڕابردوودا کارەکانی ئەویان وەک هونەرێکی هەرزانبەها لە قەڵەم دابوو. بەڵام بزووتنەوەی "هیپیز" کە ساڵانی شەستی سەدەی ڕابردوو لە ئەمریکا سەری هەڵدا، هاوکار بوو بۆ گەڕاندنەوەی ناوبانگ بۆ هێسە و کارەکانی. دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی "زوورکامپ" کە بڵاوکەرەوەی بەشێکی زۆر لە بەرهەمەکانی هێسەیە، پار لە یادی مردنی نووسەردا لە هەفتەنامەی "دی تسایت"دا وتارێکی بڵاو کردەوە کە تیایدا هاتووە: "ئەو گوڵدانانەی زوورکامپ لە سایەی کتێبەکانی هێرمان هێسەدا دەستی کەوتووە، لە سایەی کتێبگەلی هیچ نووسەرێکی تردا بەدەستی نەهێناوە."

سەرچاوە: لە ئامادەکردن و نووسینی ئەم وتارەدا سوود لە ماڵپەڕی تایبەت بە هێرمان هێسە و چەند سەرچاوەیەکی تری ئەڵمانی وەرگیراوە.


ئەم بابەتە 104 جار خوێندراوەتەوە