Bayan.jpg

کاتێ جەنگ تەواو دەبێت

بەیان ئەحمەد

تۆ قاچێکت لەدەستداوە

منیش ڕەنگی بێوەژنم گرتووە

 

 کاتێ جەنگ تەواو دەبێت

بەدوای  ون بوەکاندا لافیتە هەڵدەواسین

وێنەیان بڵاو دەکەینەوە

لەهەواڵەکان گوێ لەژمارەی مردووەکان دەگرین

 

کاتێ جەنگ تەواو دەبێتت

تۆ بەقاچێکەوە لەسەر عەرەبانە

میوە دەفرۆشیت

منیش لفکە دەچنم

 

کەجەنگ تەواو دەبێت

لەترسا ڕەنگ دەشارینەوە

دەیخەینە گیرفانی مناڵە بچوکەکانەوە

چونکە دەزانین سبەی ڕەنگەکان دەدزن

وێنەکێشەکان ناچار دەبن وێنەی ڕەش وسپی بکێشن

 

کەجەنگ تەواو دەبێت

نیشتیمان دەبێت بەبار بەسەرمانەوە

کەس سرودی نیشتیمانی  بیرنامێنێت

تەنیایی چەمۆڵەمان لێدەنێت

ژیان دەبێتە سەیرکردنی

مردووەکان

 

ئەوکاتەی جەنگ تەواو بوو

کراسە سورەکە لەبەردەکەم

دەبمە کچی بەردەمی کۆگاکان

بۆنی مزرە سێو دەکەم

دەچمە لای پزیشکی جوانکاری

لێوم دەئاوسێنم

چاوم دەکەمە پشیلە

چەوری دەکەمە سمتمەوە

قاچی دەستکرد بۆ تۆ پەیدا دەکەم

 

با ئەمجارە جەنگ تەواو بێت

تێر ماچت دەکەم

سەبەتەیەک خۆشبەختی درۆت دەدەمێ

ڕیشت بتاشە

چات لەگەڵ کچان  بکە

 

کەجەنگ تەواو بوو

باخەکەمان  سێوی موتوربەی

هەنار دەگرێت

نارنج دەڕژێتە حەوشەکەمان

من بە جوانکاری و تۆ بەیەک قاچەوە

نارنجی دەبین

 

ئەو کاتەی  جەنگ تەواو بوو

دەست دەخەینە ئارەزوەکانمان

کۆلارە هەڵدەدەین

بەڕۆژوو دەبین

هەڵدەپەڕین وازی لەگەڵ باڵندەی

سەر سنەوبەرەکە دەکەین

 

هەرکە جەنگ تەواو بوو

 سەفەر دەکەین

هەرمێ دەخۆین  نان دەکەین

سبەینانێ گوێ لەدەنگی خەیاڵی

بەیانی دەگرین

 

کەجەنگ تەواو بوو

ئاشت دەبینەوە

قسە لەگەڵ یەک دەکەین

دەبینە شاعیر

نامە بۆیەک دەنێرین

سڵاو دەکەین

هیچ نامەیەکیشمان بێ وەڵام

لەناو قەفەزدا گیرناخوات

هەردووکیشمان

دەبین بەئەندامی مافی مرۆڤ

 

کەجەنگ کۆتایی پێهات

من و تۆ دەبین بەحیکایەت

شاران دەگەڕێین

بەلەمێک لەگوڵ دەچنین

گوڵ دەدەینە یەکتر

هەتاوبۆ ڕۆژە ساردەکان

قەرزدەکەین

پەنجەرەکە دەکەینەوە

لێدانی دڵمان ڕێک دەخەین

چاوەڕوانی ورد وخاش دەکەین

بیری یەکتری دەکەین

عادەت بەیەکتریەوە دەگرین

هەرگیز زەردە خەنە نافرۆشین

یەکتری توڕە ناکەین

تا دڵ حەزکا عاشقی یەکتری دەبین

بەس  بەو مەرجەی

جەنگ تەواو بێت

چاوەڕێکە


ئەم بابەتە 223 جار خوێندراوەتەوە