wnbwn.jpg

ونبوون

ڤنسیۆس د مورایس، شاعیری به‌ڕازیلی - و. جه‌بار سابیر

لێده‌گه‌ڕێم تا حه‌زی حۆشویستنی چاوانی تۆ كه‌ میهره‌بانن، له‌ مندا بكوژرێ،

چونكه‌ ته‌نها ده‌توانم ئه‌م خه‌مه‌ت پێببه‌خشم كه‌ نه‌مرانه‌ به‌ ماندوویی بمدۆزییه‌وه‌.

به‌ڵام ئاماده‌یی تۆ، وه‌ك ڕووناكی و ژیانه‌،

من هه‌ست ده‌كه‌م جووڵه‌ی تۆ له ‌جووڵه‌ی من و ده‌نگی من له‌ ده‌نگی تۆ دایه‌.

نامه‌وێ ببمه‌ خاوه‌نی تۆ، چونكه‌ له‌ بوونمدا هه‌موو شتێك كۆتایی دێ،

ته‌نها ده‌مه‌وێ تۆ له‌ بوونمدا وه‌ك باوه‌ڕ له‌ بوونی نائومێداندا بگه‌ڕێی،

تا به‌ڵكو بتوانم دڵۆپێك له‌ شه‌ونمی ئه‌م مه‌ملله‌كه‌ته‌ نه‌فرینكراوه‌ وه‌ك په‌ڵه‌یه‌كی له‌سه‌ر له‌ش به‌جێماوی ڕابردوو‌، له‌گه‌ڵ‌ خۆم به‌رم.

لێده‌گه‌ڕێم...

تۆ ڕوومه‌تت ده‌خه‌یته‌ سه‌ر ڕوومه‌تێكی دیكه‌،

په‌نجه‌كانت له‌ ده‌وری په‌نجه‌كانی كه‌سێكی دیكه‌ پێچ ده‌خۆن،

تۆ له‌ هاتنی كتوپڕی هه‌تاو سه‌راسیمه‌ ده‌بی.

چونكه‌ په‌نجه‌كانم له‌ ده‌وری په‌نجه‌كانی ته‌می ئاسمان ئاڵا،

من بۆنی پڕ ڕازی فراوانی بێنه‌زمی تۆم به‌ره‌و خۆم كشاند.

به‌ڵام وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی دیكه‌ ده‌بمه‌ خاوه‌نی تۆ،

چونكه‌ ده‌توانم بڕۆم،

هه‌موو گریه‌ و زارییه‌كانی ده‌ریا، با، ئاسمان، باڵنده‌كان و ئه‌ستێران،

ده‌بنه‌ ده‌نگی ئاماده‌ی تۆ، ده‌نگی پێواری تۆ و ده‌نگی پاراوی تۆ.


ئەم بابەتە 138 جار خوێندراوەتەوە